دایكێك چیرۆكی سەركەوتنەكانی خۆی دەگێڕێتەوە

دایكێك چیرۆكی  سەركەوتنەكانی خۆی دەگێڕێتەوە

 

 

زۆرن ئەو دایكە زەحمەتكێشانەی كە بۆ منداڵەكانیان هەم دایك و هەمیش باوكن، بۆ پەیدا كردنی پاروویەك نانی حەڵاڵ بەرگەی هەموو ئازار و ناخۆشییەكیان گرتووە، دواجار بە هەوڵ و تێكۆشانی بەردەوام چیرۆكە ناخۆش و تراژیدییەكەیان گۆڕیوە بە چیرۆكی سەركەوتنی گەورە.

 دایكی سێ منداڵی بێسەرپەرشت كە خۆی بە كەژاڵ ناساند چیرۆكی خۆی و منداڵەكانی لەگەڵ هەژاری و ئاوڕ لێنەدانەوەی خێرخوازان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«ماوەی دوو ساڵە مێردەكەم تەڵاقی داوم، لەو كاتەوە ڕۆیشتووە و نەگەڕاتەوە و بۆ جارێكیش لە منداڵەكانی نەپرسیوە و هیچ خەرجییەكیش بۆ منداڵەكان دابین ناكات، لەناو ماڵێكی سارد و سڕ لەگەڵ منداڵەكان ژیانێكی مەمرە و مەژیمان هەبوو، تەنانەت نەمدەتوانی كرێ خانووش بدەم، دەچوومە هەر دەزگایەكی خێرخوازی سووكایەتیم پێدەكرا و پێیان دەگوتم تەڵاقدراو یان پێم گوتراوە ئەگەر ژنێكی باش بای تەڵاق نەدەدرایت، دوای جیابوونەوەم و دوای ئەوەی نانی ئیڵەڵامان نەبوو، خوشك و براكانیشم پشتیان تێكردم و یەكێك لە خوشكەكانم ڕووبەڕوو پێی گوتم هاتووچۆم مەكە با لەلای ماڵە خەزورانم حەیام نەچێت و پێم بڵێن خوشكی تەڵاق دراوە».

كەژاڵ بە چاوی پڕ گریانەوە ئاهێكی هەڵكێشا و درێژەی بە قسەكانیدا و گوتی: «بەداخەوە لێرە یارمەتی بێوەژن دەدرێت بەڵام یارمەتی ژنی تەڵاقدراو نادرێت و بە چاوێكی سووك لێی دەڕوانن، منداڵی ژنی تەڵاقدراو هاوكاری ناكرێن بە بیانووی ئەوەی كە باوكیان لە ژیاندا نەماوە لە كاتێكدا منداڵی جیابووەوە هەر بێ باوك حیسابن، چوومە چەند ڕێكخراوێكی خێرخوازی پێیان دەگوتم منداڵەكانت باوكیان هەیە و خێریان پێ ناچێت، منداڵەكانم هەموو جارێك دەگریان دەیانگوت بریا ئێمەش بابمان بمردبا و هەتیو باین تاوەكو وەكو هەتیوێك هاوكاری بكرێین و خەڵكانێك ئاوڕمان لێبدەنەوە.

 مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو كوڕە گەورەكەم بە گریان لە قوتابخانە گەڕایەوە، پێی گوتم دایە لە قوتابخانە پارە و جلوبەرگی جەژن درا بە قوتابییە بێ باوكەكان، بە گریانەوە پێی گوتم دایە تكایە تۆش بەیانی وەرە بە مامۆستاكانم بڵێ كە منیش باوكم نییە.

دوای ئەو هەموو ناخۆشییە یەكەمجار پشتم بە خوای بەست دواتر پشتم بە تواناكانی خۆم بەست و لەناو ماڵەكەی خۆمدا دەستم بە نانكردن و كولیچە كردن كرد، ئەویش لەسەر پێشنیاری ئافرەتێكی دراوسێمان بوو، ئەو بۆ من بووە پشت و پەنا بوو بە دایك و خوشكێكی دڵسۆز، پێی گوتم پارەت بە قەرز پێدەدەم كەی پارەت قازانج كرد ئەو كات قەرزەكەم بدەوە، ئەوەی ئەوە بۆی كردم خوشكی خۆم بۆی نەكردم، سەد هەزاری پێدام بتڵە غازێك و فەردە ئاردێك و پێداویستی كولیچەم پێی كڕی.

ئەمڕۆش خوای گەورە دەرگەی ڕزق و ڕۆزی و خێر و بەرەكەتی خۆی لێكردمەوە، داواكاری نانی تیری و كولیچەكانم زۆر زۆرە، كڕیارێكی زۆرم هەیە و بیر لەوە دەكەمەوە شاگردێك بێنمە سەر كارەكەم و یارمەتیم بدات، سوپاس بۆ خوا ژیانمان گۆڕا و منداڵەكانیشم دەتوانن لە خوێندن بەردەوام بن و چیتر بۆ كڕینی جلوبەرگی جەژن چاو لە دەستی ئەم و ئەو نەبن.

بە یەكەم قازانجی ئیشەكەم قەرزەكەمم دایەوە و بەردەوام دوعای خێر بۆ ئەو دراوسێ باشەم دەكەم كە بووە هۆكاری گەڕانەوەی خێر و خۆشی بۆ ناو ماڵ و منداڵم بووە هۆكاری دڵخۆشی منداڵە بێ نازەكانم، حەمد و سەنا بۆ خوای گەورە، خوای گەورە ئەگەر دەرگایەك دابخات دەیان دەرگای دیكە دەكاتەوە.

ڕاستە زۆر زۆر ماندوو دەبم لە شەو و ڕۆژێكدا تەنیا پێنج سەعات دەنووم، بەڵام كە بەرهەمەكانم دەفرۆشم و قازانج دەكەم، كە پێكەنینی منداڵەكانم دەبینم هەموو ماندوێتی و ناڕەحەتییەكانم لەبیر دەكەم».

بەپێی بەدواداچوونەكان لە كوردستاندا نزیكەی 50 ڕێكخراوی خێرخوازی هەیە كە بانگەشەی هاوكاری بێ باوكان و خەڵكی كەم دەرامەت دەكەن، ئەوان لە سەرتاسەری كوردستان بەبێ جیاوازی و بەبێ ڕەچاوكردنی فكر و ئایدیای جیاواز هاوكاری و بەخشینەكانیان دابەش دەكەن.

 

Top