شەپۆل ماجد: هەرگیز نابێت لە شكست و ڕووخان بترسین

شەپۆل ماجد:  هەرگیز نابێت لە شكست و ڕووخان بترسین

 

 

شەپۆل ماجد خانمە كوردێكی گورجوگۆڵ و پڕ وزەی دانیشتووی وڵاتی سویدە و هەر لەو وڵاتەش مامۆستای باخچەی ساوایانە، هاوكات لە ڕێگەی پەیجێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ستایلی ژیانی ڕۆژانەی خۆی لەگەڵ بینەر و هەوادارەكانی دابەش دەكات.

 شەپۆل ماجد لە شاری سلێمانی گەڕەكی برایم پاشا لەدایك بووە، دەرچووی بەشی ئینگلیزیی پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی سلێمانییە. لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی خۆی وەكو خانمێك و دایكێك بۆ خوێنەران باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

«سەرەتا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لە شاری سلێمانی كاری مامۆستاییم كردووە، لە ساڵی ٢٠٠١ چوومە دەرەوەی وڵات و لە ئێستادا لە وڵاتی سوید نیشتەجێم، هاوسەرگیریم كردووە و دایكی سێ منداڵم نوخشە بێت لەوانەی منداڵیان نییە و حەزیان لە منداڵە، لە سوید سەرەتا زمانی سویدیم خوێند، پاشان وەك مامۆستا لە باخچەیەكی ساوایان دەستم بە ئیش كرد، سەبارەت بە پەیجەكەشم سەرەتا شتەكانم بۆ خۆم پۆست دەكرد، بەڵام هاوڕێ و كەسە نزیكەكانم پێشنیاری ئەوەیان بۆ كردم كە ئەوەی دەیزانم لەگەڵ هاوڕێ و بینەرەكان هاوبەشی پێ بكەم، جگە لە بابەتی خواردن، مەشقی وەرزشی ڕۆژانەشم لە پەیجەكەم دادەنێم، چونكە ناكرێ ژیانمان بە ئیسراحەت و خواردنی خۆش بەسەر ببەین، بەڵكو پێویستە لە ڕێگەی وەرزشەوە گرنگی بە تەندروستی و جەستەش بدەین، هەروەها لە پەیجەكەمدا ژیانی ڕۆژانەی خانمان لەو وڵاتە نیشاندەدەم كە دەبینین ئافرەت لێرە چەند ماندووە، من بەشبەحاڵی خۆم زۆربەی ڕۆژەكان بەیانیان كاتژمێر شەشی بەیانی لە خەو هەڵدەستم و دەچمە سەر كارەكەم، تاوەكو هەم فریای ئیشەكەم و هەمیش فریای پەروەردە و نازكێشانی منداڵەكانم بكەوم، هەرگیز نەمهێشتووە منداڵەكانم بێ ناز بن و هاوسەنگییەكی باشم لە نێوان منداڵەكانم و ماڵەكەم و كارەكانم دروستكردووە، هاوكات گرنگیدانم بە تەندروستیی خۆم پشتگوێ نەخستووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا من بابەتەكانم بۆ ڤیو و لایك و كۆمێنت دانانێم و بەپێی كات و توانا كاری پەیجەكەم ڕایی دەكەم، واتا تەنیا بۆ دڵخۆشیی خۆم و دڵخۆشكردنی بینەرەكانمە، دڵخۆشم ماوەی دوو ساڵە لە پەیجەكەمەوە سوودم بە خانمان گەیاندووە.»

شەپۆل ماجد سەبارەت بە متمانە بەخۆبوونی خانمان دەڵێت: «متمانە بەخۆبوون شتێك نییە لە شەو و ڕۆژێكدا دروست ببێت بەڵكو بە هەنگاوە بچووك و بەردەوامەكان دروست دەبێت، هەرگیز نابێت لە شكست و ڕووخان بترسین، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەتان بە ئێستایشەوە بە شێوەیەكی بەرچاو بە هەموو شێوەیەك سەركوت كراون و نەیان توانیوە لەسەر ئاساییترین مافەكانی خۆیان بێنە دەنگ، هەرچەندە تا ئاستێكی كەم لەم دەور و زەمانەدا باشتر بووە، بەڵام بەردەوام دەبینین و دەبیستین كە ئافرەتان مافیان خوراوە، ئەوەش بە ڕێژەیەكی زۆر بۆ خودی خۆمان وەك ئافرەت دەگەڕێنمەوە كە باوەڕمان بە تواناكانی خۆمان نییە و كار لەسەر خۆپێگەیاندن و ڕادەست نەبوون ناكەین، ئێمەی ئافرەت ئەگەر بمانەوێت پر بەرهەم و پڕ وزە بین ئەوا پێویستیمان بە چەند بنەما گەلێكی پتەو هەیە تاوەكو كاری لەسەر بكەین، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە كار لەسەر خودی خۆت بكەیت و متمانەت بە تواناكانی خۆت هەبێت، با زۆر كەم و بچووكیش بن، وەكو خانمێك دەبێت خۆتت خۆش بوێت تاوەكو بتوانیت خۆشەویستی بە چوار دەورت و ماڵ و منداڵت ببەخشیت.

 دەبێت گرنگی بە جەستە و تەندروستیی خۆت بدەیت باشترین ڕێگەش وەرزش كردنە، وەرزش كردنیش تەنیا بە هۆڵەكانی وەرزشی پەیوەست نییە، كە دەزانم ئەوە بەربەستێكی گەورەیە بۆ زۆربەی خانمان بەتایبەتی لە كوردستان، دەكرێ لە ڕۆیشتن و ڕاكردنی ناو باخ و حەوشەی ماڵەكەتەوە دەست پێ بكەیت، چونكە وەك دەزانین وەرزش و جوولە بە هەموو شێوازەكانییەوە كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر باری دەروونی و وەرگرتنی وزە هەیە».

ئەو خانمە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «تۆی خانم بەردەوام بە لەسەر گەشەكردن و پەرەپێدان بە توانا و گەشەی مێشكت، جا بە كتێب خوێندنەوە بێت یان گەڕان بە دوای سەرچاوە و زانیاریی نوێ بێت، من لە شوێنی ئیشەكەم مامۆستام لەگەڵدایە لە دوای تەمەنی پەنجا ساڵییەوە خەریكی پەرەپێدانی خوێندن و زانستە.

دەكرێ خەڵكانێك هەڵبژێرین لە دەوروبەر كە هاندەرن و پشتیوانیمان لێدەكەن نەك كەسانێك كە بە كەم سەیرمان بكەن و ورەمان بڕووخێنن، خاڵێكی تری گرنگ سنووردانانە دەبێت فێربین لە كاتی پێویست بڵێین نەخێر».

 

Top