قەوارەی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیمان ، بە هەڕەشە وهێرش ناسڕێتەوە

قەوارەی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیمان ، بە هەڕەشە وهێرش ناسڕێتەوە


رێبوار حەمەلاو شوانى
کوردوکوردستان، وەک خاک و نەتەوە لە نێو پێشهات و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا ، شوێنکى گرنگ و دیارو بەرچاویی هەیە و نکۆلیکردن لێ ئەستەم بوو، تادێت سێبەرى گۆڕانکارى لە نەخشەى سیاسى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر خۆى نیشان دەدات ، رووداو و پێشهاتەکانى چەند ساڵى رابردوویش زەمینەسازى و ئامادەکارى بوون بۆ دۆخى ئێستاى شەڕى جەمسەرەکان و کۆتایی هاتنى نەخشە دەستکردەکانى دوێنى و ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانى رابردوو کە هۆکارى دابەشکارى و ئینجا شەڕ و ململانێیی سەدان ساڵە بوون لەناوچەکەدا و بەتایبەت بۆ گەلى کورد و وەک نەتەوەیەکى رەسەن و و دابەشکردنى بە سەر عەرەب و تورک و فارسدا هەڵەیەکى مێژوویی و تراژیدى بوو
ئەم گۆڕانکارییەکانەى کە لەئێستادا هەستى پێدەکرێت ، جگەلەوەى شەڕى جەمسەرەکانە لە هەمان کاتیشدا دەرفەتێکى مێژوویی دروست دەکات بۆ دپیلۆماسى و هاوپەیمانێتى ستراتیژ و ئابوورى لە شوێنى هێزى ڕەق و سەربازى ، لە ئێستادا جەنگى ئەمەریکاوئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، نموونەیەکى روون و دیارە لە ناوچەیەکە لە قۆناغێکى راگوزەر و هەستیاردا تێدەپەرێت ، تادێت شەڕ و گرژییەکان دەگەنە لووتکە و لەگەڵ ئەو گورزە کوشندەیەى کە بەر ڕژێمى ئێران کەوتووە ، تاران بەرگرى دەکات ، بەڵام رۆژ بەرۆژ لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى زیاتر گۆشەگیر دەبێت ،هۆکارەکەشى تێکدانى هەموو پەیوەندییەکانێتى لەگەڵ دراوسێ و وڵاتانى ناوچەکەیە بە هێرش وپەلاماردانى مووشەکى و درۆنى و بەکارهێنانى گروپ ومیلیشا تیرۆریستەکان
لەگەڵ ئەوەى لە ماوەى رابردوو چەندین جارێک هەوڵى گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەنێوان ئەمەریکاو ئێران دراوە ، بەڵام شتێک بەناوى متمانە لە نێوانیان بوونى نییە ، بۆیە ئەوەش وایکردووە جارێکى تر گرژییەکان و شەڕ لە ناوچەکە دەستپێبکاتەوە ، رژدبوونى ئێران بە دەستبەردانەبوون لە بەرنامەى ئەتۆمى و مووشەکى و پشتیوانیکردنى لە گروپ و میلیشا نایاساییەکان نەک هەر هاوسەنگى ناوچەکە و سەقامگیرى تێکداوە ، بەڵکو هۆکارى شکستى گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانیش بووە ، ئەوەش وایکردووە جەنگ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامیان هەبێت
لە ئێستاشدا ، لەگەڵ ئەوەى وڵاتانى زڵهێزى و ەک ئەمەریکا و ئەورووپا دەڵێن ئێمە کار لە سەڕ گۆڕینى ڕژێمى ئێران ناکەین ، بەڵام ، هەموو ئاماژەکان دەرخەرى ئەو راستییەن کە ، چارەنووسى ئێرانیش ، ئەگەر وەک عێراق و ئەفغانستان و لیبیا نەبێت ، ئەوا خراپتریش دەبێت ، بۆیە ئەوەى چاوەروانکراوە گۆڕانکارى سیاسى و سەربازى لە نێوخۆیی ئێران لە ئارادایە و ئەوەش کاریگەرى لە سەر رەوش و سەقامگیرى سیاسى و ئەمنى و ئابوورى ناوچەکە دەبێت
بۆ ئێمەى گەلى کورد ، کە دەیان ساڵە خەبات دەکەین و تێدەکۆشین و ئێستاش خاوەن قەوارەیەکى دەستوورى و یاسایی بەناوى هەرێمى کوردستانین ، ئەم قۆناغە لەگەڵ هەموو مەترسییەکانى رووبەڕووى ، دەرفەتێکى مێژوویە تاکو لە نێو جەنگ وئاڵۆزییە جەمسەرییەکاندا ، وەک نەتەوەیەکى خاوەن ماف دەنگ و ویستەرەواکانى بگەێنێت ، ئەویش بەڕێگەى ستراتیژ وپلانێکى تەبایی و ناوخۆیی . چارنووسى کورد نابێت تەنیا بەگۆڕانى هاوسەنگى هێزى نێودەوڵەتى ببەسترێت ، بەڵکو بەڕێگەى یەکڕیزى کورد بونیات بنرێت. قەوارەى کوردستان و شوناسى نەتەوەیی کورد ، لەسەر ئاستى هەر چوارپارچەى کوردستان ، تەنیا بە ڕێگەى هێرشى سەبازى ، درۆن و مووشەکى بالستیک وگەمارۆدان ناتوانرێت لاواز بکرێت و بسرێتەوە . مێژوویش دەرخەرى ئەو راستییەیە کە هەر جارێک کورد تووشى گوشارى دەرەکى بووە ، هەستى نەتەوەیی و داواکارییەکانى بۆ ئازادى ومافەکانى ، زیاتر بەهێز بوون.
لە قۆناغێکى ئێستاى گەلەکەمان ، ئەرکى سەرکردایەتى سیاسى کورد ، پارێزگارکردنە لە تەبایی هێزولایەنە کوردستانهییەکان ، ئینجا بەهێزکردنى سیستەمى حکومڕانى هەرێمى کوردستان ، بەرەو پێشبڕدنى ئابوورى و بەهێزکردنى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ، ئەزموونیش پیشانى داوە کە گفتوگۆ ، هاوپەیمانى و دانووستانى ئارام ، کاریگەرى هەیە لەسەر پێگەى کورد . بەتایبەتى هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە ئارامى قەوارەىه ەرێى کوردستان ، کۆکردنەوەى لایەنەکان لە ژێر یەک ڕەشماڵدا و بەردەوامى لەسەر زمانى گفتوگۆ ولەگەڵ هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ، دەتوانێت بەرژوەندییە باڵاکانى گەلى کورد لە قۆناغ و پێشهاتى نوێی جیهان بپارێزێت
بەتایبەتى کە ئێستا جیهان لە قۆناغى گۆڕانکارى و گواستنەوەى هاوسەنگى هێزدایە ، ئەو گەل و نەتەوانە سەرکەوتوو دەبن کە هەمیشە خۆیان ساز و ئامادە دەکەن بۆ گۆڕانکارییەکان ، نەک ئەوانەى چاوەرانى بڕیارى زڵهێزان بن ، بۆ ئێمەى گەلى کورد ، تەنها رێگەى سەرکەوتن تەبایی و متمانەیە لە نێوان گشت هێزولایەنەکان ، هەروەها بوونى دیپلۆماسییەکى کار و بەهێز و بەتایبەتى کورد خاوەنى بڕیارى خۆى بێت و دەتوانێت سوود لە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە قازانج و لەبەرژوەندى خۆى وەربگرێت

Top