ڕابیعە حەمەد حەسەن: دڵخۆشم كە توانیومە دەرفەتی كار بۆ 12 خانمی ناوچەكەم بڕەخسێنم
ڕابیعە حەمەد حەسەن ئافرەتێكی خاوەنكارە و بە هاوكاری ئەندامانی خێزانەكەی كارگەیەكی بچووكی هەویركاری و خواردنە كوردەوارییەكان بەڕێوە دەبات، ئەو لە ساڵی 1974 لە دایكبووە و لە گوندی ڕووماوێژی سەر بە قەزای خەلیفان لە ڕواندز نیشتەجێیە، ئەگەرچی بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەوكات نەیتوانیوە بچێتە بەر خوێندن و هیچ بڕوانامەیەكی نییە، بەڵام وەك زۆربەی ئافرەتانی دیكە دەستەوەستان نەبووە و بەردەوام هاوكار و پاڵپشتی خێزانەكەی بووە، ماوەی سێ ساڵە ئیشی هەویركاری دەكات و هەلی كاری بۆ كۆمەڵێك ئافرەتی ناوچەكە ڕەخساندووە. لە دیدارێكدا بەمجۆرە چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«لە ساڵی 2023 دەستم بەم ئیشە كردووە و هەتا ئیستا بەردەوامم پەنا بە خوا لە داهاتووش بەردەوام دەبین، حەزێكی زۆرم بۆ كاركردن هەبوو، ئەم جەژنەی ڕابردوو كەرەستەكان زۆر گران ببوون بەڵام نەمویست كڕیارەكانم فەرامۆش بكەم و گوێم بە ماندوو بوونی خۆم نەدا، چونكە لە جەژن و بۆنەكان كولیچە خواستی زۆری لەسەرە، 10 ڕۆژ پێش جەژن زۆر هیلاك دەبین و شەوان تەنیا دوو تا سێ سەعات دەخەوم و خوای گەورەش ڕزق دەرە.
دوكانێكی تایبەتمان هەیە بە ناوی « شیرینی ڕواندز» لە دوكان شیرینییەكان دروست دەكەین و داواكارییەكان بە ئۆنڵاینیش وەردەگرین و 90% ی داواكارییەكان لە ڕێگەی پەیجەكانمانەوە وەردەگرین و گەیاندنیشمان هەیە».
ڕابیعە حەمەد حەسەن هەروەها دەڵێ: وردەكاری ئیشەكەم و جۆری ئەو شیرینی و خواردنانەی دروستی دەكەین بریتین لە نانی تیری، كولیچەی گوێز، كولیچەی خورما، كولیچەی فستق، كولیچەی لوقم، كولیچەی گوێزی هیندی، كولیچەی قەزوان، بڕمەی فستق، بڕمەی گوێز، پاقڵاوەی گوێز، پاقڵاوەی فستق، بەپێی داواكاریش خواردنە كوردەوارییەكان دروست دەكەین. وەكو ئافرەتێكی خاوەنكار دڵخۆشم بەوەی كە توانیومە دەرفەتی كاركردن بۆ 12 خانمی ناوچەكەم بڕەخسێنم، تەنانەت لە كاتی جەژن و بۆنەكاندا زیاتر لە 15 ئافرەت لە لای ئێمە كار دەكەن».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا بۆ ڕاییكردنی ئەو كارانەت كێ هاندەر و هاوكارت بووە؟ گوتی: «هاوسەرەكەم و منداڵەكانم هاوكارمن، ئەوان یارمەتیدەر و پاڵپشتیكارێكی زۆرباشن هەمیشە هانم دەدەن، هاندان و هاوكاری ئەوان بۆ من بووە بە هێز و توانایەكی باش تاوەكو بتوانم لە كارەكەم بەردەوام بم، خواردنەكان جار جار بەپێی داواكاری كڕیارەكانمان دروست دەكەین، بەڵام زیاتر بە شیرینییەكان ڕادەگەین لەگەڵ نانی تیری كە خواستێكی زۆری لەسەرە، بۆ هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕەوانە دەكەین، تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵاتیش چووە، بەتایبەت بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریكا و كەنەدا و سوید شیرینیمان ناردووە».
ئەو خاتوونە خاوەنكارە لە كۆتایی قسەكانیدا پەیامێك بۆ خانمان دەنێرێت و دەڵێت: «زۆر گرنگە لە بارودۆخی ئێستادا كە ئافرەتانیش كاربكەن و بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بكەن و یارمەتی ئەندامانی خێزانەكانیان بدەن، لێرەوە پەیامم بۆ خانمان ئەوەیە بڕوایان بەخۆیان و بە تواناكانی خۆیان هەبێت و پشت بە تواناكانیان ببەستن و گوێ بە قسەی خەڵكی نەدەن، چونكە ئیشكردن عەیب نییە بەڵكو سەربەرزییە، زۆر خۆشە ئافرەت چاوی لە دەستی كەس نەبێت و توانا و لێهاتوویی خۆی بۆ هەمووان بسەلمێنێت».
