هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە 2026 . . . لە ماوەی نێوان ٢٨ی شوبات تا ٢٠ی نیسان، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ٨٠٩ هێرشی سەربازی بووەتەوە، كە لە ٧٠١ هێرشی درۆنی و ١٠٨ هێرشی مووشەكی پێكهاتوون
بەپێی ڕاپۆرتێكی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ٢٨ی شوبات تا ٢٠ی نیسانی ئەمساڵ، ڕووبەڕووی شەپۆلێكی بەردەوامی هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان بووەتەوە. ئەم هێرشانە كە بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ بنەما ئەنجام دراون، زیانی زۆری گیانی و ماددییان بە هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی كەرتی تایبەت گەیاندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان لەم ململانێیانەدا بێلایەنی خۆی پاراستووە.
لە ڕووی ئامارییەوە، لەم ماوەیەدا كۆی گشتی ٨٠٩ هێرش بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێم تۆمار كراون، كە دابەشبوون بەسەر ٧٠١ هێرشی درۆنی و ١٠٨ هێرشی مووشەكیدا. پارێزگای هەولێر زۆرترین ڕێژەی هێرشەكانی بەركەوتووە كە ٤٧٧ هێرش بووە (٤١٩ درۆن و ٥٨ موشەك). بە دوای ئەویشدا پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە ٢٣٥ هێرش دێن (١٩٤ درۆن و ٢٩ مووشەك)، لە كاتێكدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٦٨ هێرش و پارێزگای دهۆكیش ٢٩ هێرشیان كراوەتە سەر.
ئەم هێرشانە زیانی مرۆیی قورسیان لێكەوتووەتەوە، بەپێی داتاكان ٢٠ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٢٣ی دیكەش بریندار بوون. لە پارێزگای هەولێر ١٠ شەهید و ٨٣ بریندار، لە ئیدارەی سۆران ٧ شەهید و ٣٤ بریندار، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش ٣ شەهید و ٦ بریندار تۆمار كراون.
جگە لە زیانە مرۆییەكان، هێرشەكان كاریگەری نەرێنی قورسیان لەسەر ژیانی ڕۆژانە و بژێوی هاووڵاتییان جێهێشتووە. لە هەولێر، ٧٢٦ هاووڵاتی زیان بە خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی كارەكانیان كەوتووە. لە ئیدارەی سۆرانیش ٣٥ هاووڵاتی زیانی هاوشێوەیان بەركەوتووە. لە سلێمانی و هەڵەبجە ٢٤ هێرش ڕاستەوخۆ شوێنە سڤیلەكانیان كردووەتە ئامانج، لە كاتێكدا لە دهۆك زیاتر لە ١٣ جار هێرش كراوەتە سەر كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و موڵكی هاووڵاتییان.
