ژێرخانی ئاو و پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی پاك لە هەرێمی كوردستان: ڕۆژانە تێكڕا 2,564,000 مەتر سێجا ئاوی پاك بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر 1,181,000 هاوبەشدا دابەش دەكرێت

ژێرخانی ئاو و پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی پاك لە هەرێمی كوردستان:     ڕۆژانە تێكڕا 2,564,000 مەتر سێجا ئاوی پاك بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر 1,181,000 هاوبەشدا دابەش دەكرێت

 

 

پاراستنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی ژێرخانی سەرچاوەكانی ئاوییە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، یەكێك بووە لە تەوەرە سەرەكییەكانی كارنامەی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦، هەوڵەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە ئاوییەكان چڕكراونەتەوە. لەم ڕاپۆرتە تیشك دەخرێتە سەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، سێكتەری دارایی و ئاستی بەكارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە.

 

1- بەنداو و پۆندەكان: ستراتیژی گلدانەوەی ئاوی باران

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا ٣٦ بەنداو بوونیان هەیە، كە ٢٥ بەنداویان بە تەواوی جێبەجێ كراون و كاركردنیش لە ١١ بەنداوی دیكەدا لە قۆناغە جیاوازەكانی جێبەجێكردندایە. هاوكات، ١٧٨ پۆند لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمدا دروست كراون، كە ڕۆڵێكی بەرچاو لە كۆكردنەوەی ئاوی باراندا دەبینن.

لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ٩ بەنداوی نوێ و ٢٣ پۆند دروست كراون. ئەم بەنداوە نوێیانە كە بریتین لە بەنداوەكانی (دێوانە، تووڕەجاڕ، خنس، چەمرگە، شەوگێڕ، ئاقوبان، گۆمەسپان، بەستۆڕە، و دوین) بە تێكڕا توانای گلدانەوەی زیاتر لە ٢٥٢,٨ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە. بەپێی پلانەكان، بڕیارە لە ئەمساڵدا كاركردن لەسەر دروستكردنی ١٨ بەنداوی دیكە دەست پێبكات كە ٦یان ستراتیژین، لە كاتێكدا ٥٨ پۆندی دیكەش لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

2- بانكی ئاو و كاریگەرییەكەی لەسەر كەرتی وزە

بارانبارینی بەرچاوی ئەمساڵ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی دۆخی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەكانی هەرێمدا. لە ئێستادا تێكڕای ئاوی گلدراوە لە سەرجەم بەنداوەكان گەیشتووەتە 8,41 ملیار مەتر سێجا، كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو (كە تەنیا 3,59 ملیار مەتر سێجا بوو) بڕی 8,41 ملیار مەتر سێجا زیادی كردووە.

ئەم زیادبوونە لە ئاستی ئاودا، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە بەنداوەكاندا دروست كردووە، بەرهەمهێنانی كارەبای بەنداوەكان لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١٧٥ مێگاوات، لە كاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشتردا بڕی بەرهەمهێنان تەنیا ٦١ مێگاوات بووە.

3- خزمەتگوزاریی ئاوی پاك و پڕۆژە جێبەجێكراوەكان

دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی تەندروست یەكێكە لە ئامانجە خزمەتگوزارییەكان. لە ئێستادا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ٢٥ وێستگەی پاڵاوتن، ٤٩٤٦ بیر و ٥٣٦ كانی ئاوی پاك بوونیان هەیە. ڕۆژانە تێكڕا 2,564،000 مەتر سێجا ئاوی پاك بەرهەم دەهێنرێت و لە ڕێگەی تۆڕەكانی گواستنەوەوە بەسەر یەك ملیۆن و 181 هەزار هاوبەشی ئاودا دابەش دەكرێت.

لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەمدا، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر جێبەجێ كرا، كە ڕۆژانە توانای دابینكردنی٤٨٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاكی هەیە و ئەمەش كێشەی كەمئاوی لە ناوچەكانی هەولێردا بۆ ماوەیەكی درێژخایەن (تا ٣٠ ساڵی داهاتوو) كەم دەكاتەوە. هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە ڕۆژانە ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاك دابین دەكات، بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشتر ڕووبەڕووی دابەزینی زۆری ئاستی ئاوی ژێرزەوی ببوونەوە.

پڕۆژەكانی دیكەی وەك ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە (٣١٪ی كارەكانی ئەنجام دراون)، ئاوی ئاكرێ (٦٥٪ی تەواو بووە)، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ ٥١ گوندی سنووری بارزان (٩٨٪ی تەواو بووە) و لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

4- كوژاندنەوەی بیرەكان و پڕۆژەكانی داهاتوو

لە پێناو كەمكردنەوەی پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەكان، نزیكەی ٩٠٠ بیری ئاو لە شاری هەولێر و ١٠٩ بیری ئاو لە سنووری قوشتەپە كوژێنراونەتەوە.

هاوكات چەندین پڕۆژەی نوێ لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێدەكەن، لەوانە:

- پڕۆژەی ڕاكێشانی هێڵی سێیەمی بۆریی ئاوی دووكان - سلێمانی (دەستبەكار بووە).

- پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش (دەستبەكار بووە).

- پڕۆژەی ئاوی ڕیسایكلینی ئاوی قورس لە هەولێر (دەستبەكار بووە).

- پڕۆژەكانی ئاوی كۆیە، سۆران و كەلار.

5- تێچووی دارایی و ئاستی بەكارهێنانی ئاو

بەپێی زانیارییە داراییەكان، خەرجیی ساڵانەی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابینكردنی ئاوی پاك لە هەرێمی كوردستان دەگاتە نزیكەی ٥٠٠ ملیار دینار. لە بەرانبەردا، داهاتی ساڵانەی كۆكراوەی ئاو تەنیا ٦٠ ملیار دینارە، ئەمەش واتە حكومەت ساڵانە بڕی ٤٤٠ ملیار دینار وەك پاڵپشتیی دارایی (سوبسید) بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات.

سەرباری ئەم تێچووە زۆرە، داتاكان ئاماژە بە بەكاربردنێكی زۆری ئاو دەكەن كە لە سەرووی پێداویستییە سەرەتاییەكانەوەیە. پێداویستیی ڕاستەقینەی هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆژانە ١٨١ لیترە، بەڵام بڕی ئاوی دابینكراو بۆ هەر تاكێك دەگاتە ٣٥٠ لیتر لە ڕۆژێكدا.

Top