گرژییە سنوورییەکانی نێوان پاکستان و تاڵیبان بەردەوامە
پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و حکومەتی تاڵیبان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە پەرەسەندنی تێکهەڵچوونە سنوورییەکان و ئاڵوگۆڕی هێرشە سەربازییەکان چووەتە قۆناغێکی نوێی گرژی.
لە دوایین پێشهاتدا، سوپای پاکستان ڕایگەیاند: کە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "سەرەتایی" کە لەلایەن تاڵیبانی ئەفغانستانەوە چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە، پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان لە پارێزگای بەلوچستان، ڕێگرییان لێکرا و خراونەتە خوارەوە.
ئیسلام ئاباد تاڵیبانی بە هۆکاری زیادکردنی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە زانیوە. لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری تاڵیبان بە پشتڕاستکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیدیعای کرد کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پێگەکانی داعشیان لەسەر خاکی پاکستان کردۆتە ئامانج.
تاڵیبان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێرشە لە وەڵامی کردەوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی پاکستان بووە.
گوڵان: سەردار خەلیل
