دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 856 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی 25,298 ملیار دۆلار

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 856 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی 25,298 ملیار دۆلار

 

 

دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە سێكتەری وەبەرهێنان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرچەرخانێكی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، بە ڕادەیەك لە ساڵی 2019وە تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵی 2026 ژمارەی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە، گەیشتووەتە 856 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 25,298 ملیار دۆلار، كۆمەڵێك ئاماری دیكەش دەختەڕوو.

 

 

* سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەستپێبكەین، ئایا لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە چەندە؟

- لە مانگی 7ی 2019 تاوەكو مانگی 7ی 2026 مۆڵەت دراوە بە 856 پڕۆژە بە سەرمایەی 25،298 ملیار دۆلار، كە لەسەر 73،474 دۆنم زەوی جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش زۆرترین پڕۆژەیە لە ماوەی تەمەنی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كە بەو ژمارە و قەبارە گەورەیەی سەرمایە مۆڵەتی پێ بدرێت و زۆربەی هەرە زۆری ئەو پڕۆژانەش تەواو بوون. تەنانەت یەكێك لە دەستكەوتەكانی دیكەی حكومەت، دابەشبوونی پڕۆژەكان بووە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كە بەمشێوەیەن: (پارێزگای هەولێر 365 پڕۆژە، سلێمانی 170، دهۆك 166، هەڵەبجە 12، گەرمیان 64، ڕاپەرین 34، زاخۆ 31، سۆران 14)، كە 73،650 دەستی كاریان دابین كردووە.

* ئایا تاچەند توانرا وەبەرهێنان ئاراستەی سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بكرێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی لە فرەچەشنكردنی ئابووری هەبێت و، سەرمایەی وەبەرهێنان بەرەو سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ئاراستە بكرێت كە بۆ داهات و هەلی كار گرنگی لە ڕادەبەدەریان هەیە؟

- سەڕەرای هەموو ئەو ئاستەنگ و گرفت و قەیرانە داراییانە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەك هەر توانرا وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی ڕانەوەستێت، بەڵكو توانرا سیاسەت و بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری پەرەی پێبدرێت، ئەمەش پرۆسەیەكی فراوان بوو بەوەی ژێرخانی ئەو كەرتە ئابوورییانە بونیاد نرایەوە، بۆ نموونە لە بواری بەنداوەكاندا دروستكردنی بەنداوەكانی (گۆمەسپان، خنس، ئاقوبان، توڕەجار، بەستۆرە، بنەسڵاوە، سەرقز، شەوگێڕ و چەندین پڕۆژەی دیكەی ئاودێری) هەموویان ڕۆڵیان لە پاراستنی ئاو و گەشەی كشتوكاڵ و ڕاكێشانی گەشتیاران هەبووە. پڕۆژەی 24 كاتژمێری كارەبا و ئەو هەموو ڕێگاوبان و پردە و گرنگیدان بە پڕۆژەكانی گەشتیاری و نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر و قەڵای دوین و قشڵەی ئاكرێ و چیای زاوا و كۆرنیشی زاخۆ و ئەكواپاركی ڕەواندز، هەمووی نموونەی بەرچاوی ئەو گەشەپێدانەیە كە ئێمە لە نەخشەڕێگای وەبەرهێنان هەمان بووە و هانی وەبەرهێنانیشمان داوە. بۆیە لە سێكتەری كشتوكاڵ 30 پڕۆژە و لە سێكتەری گەشتیاری 118 پڕۆژە و لە سێكتەری پیشەسازیی 205 پڕۆژەمان هەبووە.

* ئەی سێكتەرەكانی دیكە تاچەند گرنگییان پێدراوە؟ ئایا تاچەند كۆمپانیاكانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ لەم پڕۆژانە بەشدار بوون؟

- گرنگیدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری لەسەر حیسابی پڕۆژەكانی دیكە نەبووە، بۆ نموونە لە كەرتی نیشتەجێبوون كە پێداویستییەكی هاووڵاتیانە، سەرەتا پڕۆژە ڕاوەستاوەكانمان بەگەڕ خستەوە و دواتر توانیمان مۆڵەت بە 102 پڕۆژە بدەین، لە كەرتی بازرگانییشدا بە 246 پڕۆژە و لە تەندروستی 47 پڕۆژە و لە فێركردن 73 پڕۆژە و وەرزشی 19 پڕۆژە و خزمەتگوزاری 10 پڕۆژە و بانكەكان 3 پڕۆژە، ئەو چوار سێكتەرەی كە سەرمایەی لە سەرووی ملیارێك دۆلارەوە بووە بریتییە لە سێكتەرەكانی گەشتیاری كە لە سەرووی 7 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، نیشتەجێبوون لە 8 ملیار و 527 ملیۆن دۆلار و پیشەسازی بە 4 ملیار و 906 ملیۆن دۆلار و بازرگانی بە 1 ملیار و 718 ملیۆن دۆلار .

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەشتان، وەبەرهێنەری خۆماڵی بەشداری لە 844 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 19 ملیار دۆلار كردووە كە ڕێژەی لە 77،45%ی سەرمایەی وەبەرهێنان پێكدەهێنێت. لەلایەكی دیكەوە ژمارەی پڕۆژە بیانییەكان و هاوبەش لە نێوان وەبەرهێنەری بیانی و خۆماڵی 12 پڕۆژە بوون بە سەرمایەی سەرووی 5 ملیار دۆلار كە لە 22،55%ی سەرمایەی وەبەرهێنان پێكدەهێنێت، كە بەمشێوەیە بەسەر وڵاتەكانی چین و فەرەنسا و توركیا و ئیمارات و لوبنان و میسر و سووریا دابەش بوون.

* ڕێژەی ساڵانەی وەبەرهێنان لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدا بووە؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆرترین پڕۆژە مۆڵەتی پێ دراوە و جێبەجێ كراون، بە ڕادەیەك بەپێی تەمەنی كابینەكە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان كە مۆڵەتمان پێداون، لە هەڵكشانی بەردەوامدا بووە بەمشێوەیە: لە (2019- 15 پڕۆژە، لە 2020-70 پڕۆژە، لە 2021 -70 پڕۆژە، لە 2022 –93 پڕۆژە، لە 2023 -154 پڕۆژە و لە 2024-  172 پڕۆژە، لە 2025 -210 پڕۆژە و لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵیشدا 2026 -72 پڕۆژە)، واتە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی پڕۆژەكانی مۆڵەتپێدراو و جێبەجێكراو ڕووی لە هەڵكشان كردووە.

* لە سەرەتای قسەكاندا باسی دەستی كارت كرد، بەتایبەتی بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان، ئایا لەم ژمارە زۆرەی پڕۆژە و سەرمایە گەورەیەدا تاچەند ڕەچاوی ئەم لایەنەتان كردووە؟

 - لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیك لە 73 هەزار دەستی كار و دەیان هەلی كاری دیكە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سێكتەری وەبەرهێنان دابین كراون. خۆ ئەگەر ژمارەی ئەو ئەندازیار و كرێكار و پیشەییەكانیش باس بكەین كە لەكاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە هەلی كاریان دەست كەوتووە، ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر دەبێت. تەنانەت لەسەر ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ گرنگیدان بە دۆزینەوەی هەلی كاری گونجاو و باش بۆ گەنجەكان، مەرجی سەرەكیمان بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانی داناوە بەوەی نابێت لە پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا ڕێژەی دەستی كاری خۆماڵی لە 75% كەمتر بێت، هاوكات گرنگیی تایبەتمان بە فرەچەشنكردنی ئابووری داوە لە بوارەكانی  وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و پێیشەسازی و گەشتیاری كە زۆرترین هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دابین دەكات. ئەوەتا تەنیا لە بواری كشتوكاڵدا وەبەرهێنانی كشتوكاڵی بە ڕێژەی 1,8% بۆ 8% بەرز كرایەوە، ساڵی ڕابردوو ئاستی وەبەرهێنانمان زۆر بەرەو پێشەوە برد. هەموو ئەم دەستكەوتانەش بۆ دیدگایەكی باشی وەبەرهێنان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

 

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 856 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی 25,298 ملیار دۆلار
Top