لۆرا خەلیل:هەولێر سحرێكی تایبەتی بۆ هونەرمەندان هەیە

لۆرا خەلیل:هەولێر سحرێكی تایبەتی بۆ هونەرمەندان هەیە

چەند ساڵێكە هونەرمەند (لۆرا خەلیل) لە گۆڕەپانی هونەری دابڕاوە، ڕەنگە كۆتاییهاتنی هاوكارییەكانی لەگەڵ كۆمپانیای «ڕۆتانا» هۆكارێكی سەرەكی بێت، یان لەبەر چەند هۆكاری دیكەی تایبەت بێت وەك پەروەردەكردنی منداڵ و كاروباری خێزانی.

لۆرا خەلیل لە سەرەتای كارەكانییەوە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، چەندین ئەلبوومی سەركەوتووی بڵاو كردووەتەوە، لەوانە (أهل الغرام، روق أعصابك، حكایة). ئەو بە كارەكانی بە شێوەزارەكانی سپی (باو)، بەدەوی و شەعبی ناسراوە. نوێترین بەرهەمی لە ساڵی ٢٠٢٥ بە ناوی «هسّه» بوو، ئێستاش خەریكی ئامادەكارییە بۆ بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكی نوێ بە شێوەزاری عێراقی.

لۆرا سەبارەت بەدووبارە دووركەوتنی دەڵێت: «هەستم دەكرد بەبێ هەبوونی كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنەر كە پشتم بگرێت، ناتوانم بەردەوام بم، بەڵام لە سازكردنی ئاهەنگەكانم لە ئەوروپا، كەنەدا و ئوسترالیا، بەردەوام بووم. هەروەها دووركەوتنەوەم لە لوبنان بەهۆی ئەوە بوو هاوسەرەكەم لە وڵاتی غانا كار دەكات و بۆ كۆكردنەوەی خێزانە بچووكەكەم، كاریگەریی لەسەر كاروانە هونەرییەكەم هەبوو».

لۆرا خەلیل:هەولێر سحرێكی تایبەتی بۆ هونەرمەندان هەیە

لەم دواییانەدا لۆرا لە ڕێگەی بڵاوكراوەكانی لە هەژمارە ئەلیكترۆنییەكانی گەڕایەوە و ئامادەییەكی بەرچاوی هەبوو. ئەو دەڵێت: «كچەكەم (ڕەفقا) هانی دام بۆ ئەم گەڕانەوەیە و داوای لێ كردم چەند بڕگەیەك لە ژیانم و هەندێك لە گۆرانییە كۆنەكانم وێنە بگرم، منیش هەستم بە بیری بینەران كرد و ڕێگەكەم بەردەوام كرد». جەختیش دەكاتەوە كە پێشتر گرنگیی بە سۆشیاڵ میدیا نەدەدا، لەو بارەشەوە دەڵێت سۆشیال میدیام پشتگوێ دەخست، چونكە چالاك نەبووم تێیدا، بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژانە لەوێوە دەردەكەوم، هەندێك جار بە گۆرانییەك كە خەڵك خۆشی دەوێت، هەندێك جاریتریش كچەكەم لە كاتی خواردن ئامادەكردندا وێنەم دەگرێت، ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە ئامادەیی منی دووبارە زیندوو كردەوە».

ئەو ستایشی لایەنە ئەرێنییەكانی سۆشیاڵ میدیا دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش دەڵێت: «دەزانم دوو ڕووی هەیە، بەڵام پێم وایە مافی خۆمی پێ دامەوە دوای ئەوەی لەلایەن زۆر كەسەوە زوڵمم لێ كرا». جەختیش لەسەر ڕۆڵی كچەكەی دەكاتەوە و ڕوونی دەكاتەوە كە لە ژیانی ڕۆژانەیدا هاوكاریی دەكات و هانی دەدات بۆ دەركەوتنی زیاتر لە سۆشیاڵ میدیا. دەشڵێت: «لە هەموو كارێكی نوێمدا كچەكەم لەگەڵمە، لە كاتی ڕاهێنان لەسەر گۆرانییەكی نوێ، یان لە كاتی دانیشتنەكانم لەگەڵ ئاوازدانەران وێنەم دەگرێت».

سەبارەت بە كاریگەریی دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانەكە لۆرا خەلیل دەڵێت: «ڕاستە زۆر لەسەرم كەوت، بەڵام نیعمەتی دیكەی پێ بەخشیم، كاتم بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانم و گرنگیدان بە خێزانەكەم تەرخان كرد، ئەوە لە پێشینەی كارەكانم بوو، ئەمڕۆ خێزانێكی میهرەبانم هەیە كە قەرەبووی ساڵانی دابڕانم بۆ دەكەنەوە، ناوبانگ دێت و دەڕوات، ڕووناكییەكانیش دەكوژێنەوە، هەموو ئەمانە شكۆیەكی پووچن، خێزان و پەیوەندییە مرۆییەكان گرنگترینن».

سەبارەت بە گۆڕەپانی هونەری لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا لۆرا دەڵێت: «هەموو شتێك گۆڕاوە و چیتر لەو سەردەمە زێڕینەی كە من تێیدا ژیاوم ناچێت، زەوقی بینەر گۆڕاوە و گۆرانیی سووك و كورت زۆرترین خەڵك ڕادەكێشێت، ئەم قۆناغە بە گۆرانییەكانی فەریال كەریم لە هەشتاكاندا دەچوێنم، ئەو پێشەنگ بوو لە بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هونەرە و ئەمڕۆ دەبینین بە شێوازێكی جیاواز گەڕاوەتەوە».

لۆرا خەلیل بەم شێوەیە دۆخی هونەری كورت دەكاتەوە و دەڵێت: «ئەمڕۆ پاشاگەردانییەكی گەورە هەیە، گۆرانیگوتن چیتر تەنیا بۆ گۆرانیبێژان نییە، بەڵكو چالاكوانانی سۆشیاڵ میدیاش هاتوونەتە ناوەوە. هەندێك شێوازی گۆرانیگوتن كە پێشتر باو بوون نەماون، وەك ئەوەی گوێ و بیستنی مرۆڤی لوبنانی بە تەواوی گۆڕابێت و مەیلی بۆ شێوازگەلێك بێت، كە پێشتر گرنگیمان پێ نەدەدان».

لۆرا پێشتر چەند جارێك سەردانی شاری هەولێری كردووە، لەوە ڕووەوە دەڵێ: كاتێك سەردانی شاری هەولێرم كرد و چەند ئاهەنگێكم لەوێ سازكرد، كۆبوونەوەی خەڵك لە قاوەخانە و چێشتخانە و سەر شەقامەكان سەرنجی ڕادەكێشام، تەنانەت جارێكیان لە بازاڕەكانی هەولێر وامزانی ڕووداوێكی سیاسی، یان مەدەنی ڕووی داوە، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت هۆكاری ئەم كۆبوونەوەیە بەرنامەی (ئەرەب ئایدڵ) بوو، ئەو خەڵكە بۆ بینینی گۆرانیگوتنی كچی وڵاتەكەیان (پەرواز حوسێن) كۆبوونەوە، ئەمە دڵخۆشی كردم، چونكە خەڵك لە مۆسیقا و گۆرانی تێدەگەن و دەزانن گوێ لە چی بگرن».

سەبارەت بە ڕای خۆی لەسەر جەماوەری هەولێر كە بووەتە شوێنێكی ناسراو بۆ هونەرمەندانی لوبنانی، لۆرا خەلیل گوتی: «جەماوەری هەولێر جەماوەرێكە تامی هونەرە ڕەسەنەكە دەكات، حەزیان لە گۆرانیبێژە لوبنانییەكانە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئاهەنگەكانیانن، هەولێر سحرێكی تایبەتی بۆ ئەو هونەرمەندە هەیە كە میوانداری دەكات، وای لێدەكات هەست بكات لە ناو كەسوكاری خۆیەتی، چونكە خەڵكی هەولێر زۆر میهرەبان و میواندۆستن. 

سەرچاوە:الشرق الاوسط

Top