سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:هونەر وەك بەهێزترین ئامرازی شارستانییەتسازی، ڕۆڵێكی گرنگی لە بەستنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەیە

سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:هونەر وەك بەهێزترین ئامرازی شارستانییەتسازی، ڕۆڵێكی گرنگی لە بەستنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەیە

ئافرەتانی هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێكی بەرچاویان لە پاراستن و پێشخستنی مۆسیقای كوردیدا هەبووە، بە تایبەتی مۆسیقای ڕەسەن و فۆلكلۆری. ئەوان بە دەنگ، گۆرانی و هەڵبژاردنی دەقە كوردییەكان، توانیویانە میراتی هونەری و كولتووریی گەلەكەیان بپارێزن و بۆ نەوەی نوێ بگوازنەوە. هونەرمەندانی ئافرەت، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر ئالنگاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بە بەردەوامی خزمەتی مۆسیقای كوردییان كردووە و بە بەشێكی گرنگ لە ناسنامەی هونەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان ناسراون. بەرهەمەكانیان نەك تەنیا جوانیی مۆسیقای ڕەسەن پاراستووە، بەڵكو هەستی نیشتمانی، زمان و ڕەگەزە كولتوورییەكانی كوردیانیشان بەهێزتر كردووە.

یەكێك لەو خانمە موزیكژەنانە «سارا ئەحمەدیان»ـە كە چەندین ساڵە لە شاری كرماشان و شارەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی سەرقاڵی ژەنینی ئامێرە كوردییە ڕەسەنەكانە، دەربارەی كاریگەریی هونەر لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆڵی هونەرمەندان لە پاراستنی زمان و هونەری ڕەسەنی كوردی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*هونەر و هونەرمەندانی كورد چ ڕۆڵێكیان هەیە لە پاراستن و بڵاوكردنەوەی كولتووری كوردیدا؟

-هونەرمەندانی كورد ڕۆڵێكی زۆر گرنگ لە پاراستن، دووبارە بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی زمان و كولتووری كوردی هەیە، چونكە هونەر یەكێكە لە كاریگەرترین ڕێگاكان بۆ زیندوو ڕاگرتنی ناسنامەی كۆمەڵایەتی. زۆرێك لە هونەرمەندانی كورد ئازارەكان، خۆڕاگرییەكان، شادییەكان و ڕووداوە مێژووییەكانی گەلی كوردیان لە هۆنراوە، مۆسیقا و نیگاركێشاندا تۆمار كردووە. هونەرمەندانی كورد تەنیا بەرهەمهێنەری هونەر نین، بەڵكو پارێزەری زمان، پاسەوانی بیرەوەریی مێژوویی و پردێكن لەنێوان ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی كولتووری كوردی.

*هونەر بە گشتی چ كاریگەرییەكی لەسەر بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی هەیە؟

-هونەر دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ لە هەڵگیرساندنی هەستی نیشتمانی ببینێت، چونكە ڕاستەوخۆتر لە زۆر ئامرازەكانیتر پەیوەندیی بە هەست، بیرەوەری و ناسنامەی خەڵكەوە دروست دەكات. هونەر خاسیەتێكی هەستیار و هێمایی هەیە و دەتوانێت پەیامە نیشتمانییەكان كاریگەرتر لە وتارە وشكەكان بگوازێتەوە، بەڵام بە بڕوای من نابێت زۆر بەرەو ڕێكلام و بانگەشە بچێت، چونكە ئەوە دەكرێت هەستی نیشتمانی بگۆڕێت بۆ دەمارگیری و دوژمنایەتی بەرامبەر ئەوانی دیكە.

سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:هونەر وەك بەهێزترین ئامرازی شارستانییەتسازی، ڕۆڵێكی گرنگی لە بەستنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەیە

*ئەی ئافرەتان هونەرمەند لەم نێوەندەدا چ ئەركێكیان لەسەر شانە؟

-ئافرەتان لە مۆسیقا و هونەردا ڕۆڵێكی بنەڕەتی، داهێنەرانە و گۆڕانكار هەیانە؛ هەم وەك بەرهەمهێنەر، هەم وەك جێبەجێكەر، هەم وەك مامۆستا و هەم وەك سەرچاوەی ئیلهام. بەرهەمە هونەرییەكانی ئافرەتان زۆرجار باس لە ناسنامە، خێزان، كۆمەڵگە، ئازادی، ئازار و هیوا دەكەن. زۆرێك لە هونەرمەندانی ئافرەت تەنیا شوێنكەوتووی ئاراستەكان نەبوون، بەڵكو خۆیان شێواز و زمانی هونەری نوێیان داهێنا. لە دیدی منەوە ئافرەتان ستوونە سەرەكییەكانی دروستبوون و گەشەكردن و بەردەوامی هونەرن.

*ڕۆڵی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە گواستنەوەی پەیامی هونەرمەندان چییە؟

-ڕۆڵی میدیا زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، چونكە پردێكی ڕاستەوخۆ لە نێوان هونەرمەند و بینەردا دروست دەكات. زۆرێك لە هونەرمەندان لە ڕێگەی میدیاوە ناسراون و دەرفەتی ناساندنی بەرهەمەكانیان، هەست، بیر و پەیامەكانیان بە خێرایی و بەرفراوانی بە كۆمەڵگە دەدەن. هەروەها میدیا بە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی هونەری، یارمەتی هونەرمەند دەدات تا باشتر لە بەرهەمەكانی خۆی تێبگات.

*كاریگەریی فێستیڤاڵ و چالاكییە هونەرییەكان لە بەهێزكردنی هەستی نەتەوەییدا چییە؟

-فێستیڤاڵ و چالاكییە هونەرییەكان ڕۆڵێكی گرنگ لە بەهێزكردنی هەستی نەتەوەییدا دەگێڕن، چونكە هونەر زمانێكی هاوبەشە لە نێوان خەڵكدا و دەتوانێت جیاوازییە نەتەوەیی و زمانی و كولتوورییەكان بگۆڕێت بۆ دەرفەتێك بۆ تێگەیشتن و هاوسۆزی. كاتێك خەڵكی ناوچە و كولتوورە جیاوازەكان لە یەك فێستیڤاڵ یان بۆنەدا بەشدار دەبن، هەست دەكەن بەشێكن لە ناسنامەیەكی گەورەتر بە ناوی نەتەوە، و ئەو ئەزموونە هەستی «ئێمە» بوون بەهێز دەكات.

*ڕۆڵی هونەرمەندان لە پاراستنی فۆلكلۆری كوردی چییە؟

-هونەرمەندان وەك پارێزەری بیرەوەریی هاوبەشی نەتەوە، ڕۆڵێكی بێهاوتا و فرەڕەهەندیان هەیە لە پاراستن، زیندووكردنەوە و گواستنەوەی زمان و فۆلكلۆری كوردی. ئەوان پردێكی گرنگ لەنێوان ڕابردوو و داهاتوو دروست كردووە. پاراستنی زاراوە و شێوەزارەكان لەلایەن گۆرانیبێژان و مقامبێژانەوە، نەك تەنیا زمانی كوردی بە ڕەسەنترین شێوەی خۆی دەپارێزێت، بەڵكو جۆراوجۆری زاراوەكانیش زیندوو دەهێڵێتەوە. بە بڕوای من،ئەگەر زمان و فۆلكلۆری كوردی تا ئێستا لە بەرامبەر زریانە سیاسی و كولتوورییەكانی ناوچە خۆڕاگرییان كردووە،هۆكارەكە پەیوەندی قووڵی ئەوانە بە هونەرەوەیە. هەر جارێك هونەرمەندێك پارچەیەكی فۆلكلۆری جێبەجێ دەكات، لە ڕاستیدا قەڵایەكی كولتووری دووبارە دروست دەكات بۆ ئەوەی زمانی دایك لە ناویدا بپارێزرێت.

*هونەر چۆن دەتوانێت پردێك بێت بۆ گواستنەوەی بەها نیشتمانییەكان بۆ نەوەكانی داهاتوو؟

-هونەر وەك بەهێزترین و ماندووترین ئامرازی شارستانییەتسازی، ڕۆڵێكی گرنگی لە بەستنەوەی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو هەیە. هونەر تەنیا بۆ جوانیناسی نییە، بەڵكو گەنجینەیەكی كولتوورییە كە بەها، ئامانج، ئازار و سەركەوتنەكانی نەتەوەیەك بە شێوەیەكی كاریگەر دەپارێزێت. هونەر پردێكە كە لە خشتی هەست و چیمەنتۆی داهێنان و ئافراندن دروست بووە. ئەگەر بمانەوێت بەها نیشتمانییەكان لە بیرەوەریی نەوەكانی داهاتوودا زیندوو بمێننەوە، نابێت هونەر تەنیا وەك شتێكی ڕازاندنەوە ببینین، بەڵكو دەبێت وەك زمانی سەرەكیی گواستنەوەی شارستانیەت لێی بڕوانین. نەتەوەیەك كە توانای گێڕانەوە و دووبارە ئافراندنی بەهاكانی لە ڕێگەی هونەرەوە لەدەست بدات، پلە بە پلە بیرەوەریی مێژوویی و لە دوای ئەوە ناسنامەی نیشتمانی خۆشی لەبیر دەكات.

*هاوكاریی هونەرمەندانی كورد لەگەڵ هونەرمەندانی نەتەوەكانیتر تا چەند دەتوانێت كولتوورەكان لە یەكتر نزیك بكاتەوە؟

-هاوكاریی هونەرمەندانی كورد لەگەڵ هونەرمەندانی نەتەوەكانیتر تەنیا گۆڕینەوەیەكی سادەی هونەری نییە، بەڵكو ڕۆڵی دیپلۆماسیی كولتووری دەبینێت و دەتوانێت كاریگەرییەكی قووڵی لە نزیككردنەوەی كولتوورەكاندا هەبێت. هونەر ئەو توانایەی هەیە كە ئەزموونی  ژیانی كوردێك بگۆڕێت بۆ ئەزموونێكی جیهانی. كاتێك ئازار، هیوا و شادییەكانی ناو مۆسیقا یان هونەری كوردی لەلایەن هونەرمەندانی نەتەوەكانی دیكەوە دووبارە دەكرێنەوە، بینەرانی ئەو نەتەوانە بە شێوەیەكی سرووشتی هەستی نزیكی بە كوردان دەكەن، ئەوە ئەو شوێنەیە كە هونەر بەربەستی نەناسراوی لادەبات و ڕێگە بۆ گفتوگۆی مرۆیی دەكاتەوە.

*هونەرمەندێكی كورد چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی بەرهەمەكانییەوە وێنەیەكی جوان و مرۆڤانە لە كولتووری كوردی بۆ جیهان بگوازێتەوە؟

-هونەر جیهانیترین زمانە بۆ تێپەڕاندن و گواستنەوەی پەیامە قووڵە كولتوورییەكان. هونەرمەندێكی كورد بۆ پیشاندانی وێنەیەكی جوان و مرۆڤانە و كاریگەر لە كولتووری خۆی بۆ جیهان، دەتوانێت ستراتیژی «جیهانی بوون لەگەڵ پاراستنی ڕەگەزە ناوخۆییەكان» بەكار بهێنێت. هونەر ئەو كاتە جیهانی دەبێت كە بابەتە هاوبەشە مرۆڤییەكان لە چوارچێوەی كولتووری تایبەتی خۆیان بگێڕێتەوە، هەروەها دەتوانێت بە تێكەڵكردنی نەریت و مۆدێرنێتی، و بەكارهێنانی هێما و جوانیناسیی نوێ، كولتووری كوردی بە شێوەیەكی جوان بناسێنێت، هەروەها هاوكاریكردن لەگەڵ هونەرمەندانی كولتوورەكانیتر لە پرۆژەی هاوبەشدا، نەك تەنیا دیدی هونەرمەند فراوان دەكات، بەڵكو بەرهەمەكانی بە بینەرانی ئەو كولتوورانەش دەناسێنێت.

Top