ڕۆكسان ئەلفاسی خانمە گیتارژەنی فەرەنسی:بەنرخترین شت لای من گیتارەكەمە

ڕۆكسان ئەلفاسی خانمە گیتارژەنی فەرەنسی:بەنرخترین شت لای من گیتارەكەمە

ڕۆكسان ئەلفاسی هونەرمەند و گیتارژەنێكی كلاسیكیی فەڕەنسییە، كە لە ئێستادا وەك یەكێك لە دەنگە نوێ و داهێنەرەكانی جیهانی گیتار لە ئەوروپا دەبینرێت. ڕۆكسان خوێندنی میوزیكی لە پەیمانگەی باڵای پاریس تەواو كردووە، هەڵگری بڕوانامەی میوزیكناسی و بڕوانامەی دەوڵەتە لە بواری پەروەردەی میوزیكیدا، ئێستا تەواوی كاتی خۆی بۆ قوتابییەكانی و چالاكییە هونەرییەكانی تەرخان كردووە.

ڕۆكسان ساڵی ٢٠٢٠ گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (Cosmos Music) واژۆ كرد، و لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١دا یەكەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی «وەفا بۆ دیبۆسی» تۆمار كرد. لە تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ئەلبوومێكی بە ناوی «باخ ئۆرگان سۆناتا ژمارە٤» بڵاو كردەوە، سێیەم ئەلبوومی بە ناوی «شیعری فەڕەنسی» (Poésie Française) لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٣دا كەوتە بازاڕەوە، لە ئایاری ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەلبوومی (GLASS GAZE) بڵاو كرایەوە، لە دیمانەیەكدا ڕۆكسان بەم شێوەیە باس لە چەند بابەتێكی هونەری دەكات.

ڕۆكسان ئەلفاسی خانمە گیتارژەنی فەرەنسی:بەنرخترین شت لای من گیتارەكەمە

*كێ، یان چ ئیلهامبەخشێك كاریگەرترین كەس بووە بۆ هەڵبژاردنی مۆسیقا وەك پیشە؟

-من لە كاتی خوێندنمدا بۆ ماوەیەكی درێژ لە نێوان ڕێڕەوێكی ئەكادیمی و هونەریدا دوودڵ بووم. دوای وەرگرتنی بەكالۆریا، دوو ساڵم بە ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەكانی چوونە ناو پەیمانگە باڵاكان بەسەر برد، پاشان دوو ساڵ لە قوتابخانەی (HEC Paris) خوێندم. ئەوەندە فشاری كارم لەسەر بوو كە خەریك بوو دەست لە گیتار هەڵگرم. لەو كاتەدا چاوم بە «جێرێمی جوڤ» كەوت، كە گیتارژەنێكی كلاسیكی گەورەیە، ئەو بوو بە مامۆستا و ڕێ نیشاندەرم لەو ساڵانەدا، هەروەها چاوم بە چەندین قوتابی و مامۆستای سەرنجڕاكێش لە كۆنسێرڤاتوار كەوت، كە هەموویان خولیای مۆسیقایان هەبوو، ئەم ژینگە مۆسیقییە كاریگەرییەكی زۆری لێ كردم، و لەبەر ئەوەی لە قوتابخانەی كارگێڕی دڵخۆش نەبووم، بڕیارم دا ئەو خوێندنە وەلا بنێم و خۆم بە تەواوی بۆ گیتار تەرخان بكەم.

*كام لە نمایش یان تۆمارەكانت زۆرترین شانازییان پێوە دەكەیت؟

-لە ناو ئەلبوومەكەمدا، پارچە مۆسیقایەكی پیانۆ هەیە بە ناوی (La Plainte au loin du faune) لە نووسینی پۆڵ دوكاس، كە وەك وەفایەك بۆ دیبۆسی نووسیویەتی دوای دوو ساڵ لە كۆچی دوایی ئەو. ئەم بەرهەمە زۆر كەم ناسراوە، بەڵام ئاماژەیە بۆ شاكارە ئۆركێستراییەكەی دیبۆسی، كە مێژووی مۆسیقای لە سەدەی بیستەمدا گۆڕی. كارەكەی پۆڵ دوكاس زۆر تاریك و پڕ لە نهێنییە، بۆیە دوو گیتار و گیتارێكی «باریتۆن»مان لەم دابەشكردنەدا بەكارهێنا. گیتاری باریتۆن دەنگەكەی نزمترە لە گیتاری ئاسایی، ئەمەش قووڵاییەكی زیاتری بە كارەكە بەخشی و من زۆر شانازی بە ئەنجامەكەیەوە دەكەم.

*لەسەر ستەیج چ شتێك ئیلهامت پێ دەبەخشێت؟

-حەزم لە پیاسەی هەڕەمەكییە لە شەقامەكانی پاریسدا. بە تەنیا پیاسە دەكەم و خۆم لە ناو قەرەباڵغیی ڕێبواران و دەنگی ئۆتۆمبێلەكان و گفتوگۆی نێو كافتریای سەر شەقامەكاندا ون دەكەم.

ڕۆكسان ئەلفاسی خانمە گیتارژەنی فەرەنسی:بەنرخترین شت لای من گیتارەكەمە

*چۆن بەرهەمەكانت هەڵدەبژێریت؟

-بۆ ژەنیارێك گرنگە كە كەسایەتیی خۆی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی بەرهەمەكانییەوە بسەلمێنێت. من هەوڵ دەدەم بە هەڵبژاردنی ئەو پارچە مۆسیقایانەی كە لەگەڵ هەستی خۆمدا دەگونجێن، جیاوازیی خۆم نیشان بدەم، هەروەها هەڵبژاردنی ئەو كارانەی كە زۆر ناژەنرێن یان بڵاو نەكراونەتەوە. لە ئەلبوومی (Hommage à Debussy) دا چەندین پارچەی تێدایە كە بۆ یەكەم جار بە گیتار دابەش كراون. هەروەها كارگەلێكی تێدایە كە بە دەگمەن دەژەنرێن، وەك كارەكانی جۆرج میگۆ یان فلیپ لۆمیج.

*ئایا شوێنێكی تایبەت هەیە كە حەز بكەیت كۆنسێرتی تێدا ئەنجام بدەی؟

-گیتاری كلاسیك ئامێرێكی خەڵوەت و دۆستانەیە، دەنگەكەی زۆر بۆ دوور ناڕوات. حەزم لە ژەنینە لەو شوێنانەی كە وای لێ دەكەن ئەم كێشەیە لەبیر بكەم. كەنیسەكان بەهۆی بەرزیی سەقفەكانیانەوە، زۆرجار دەنگدانەوەیەكی سرووشتیی نایابیان هەیە بۆ گیتار، بۆیە زۆر حەزم لە ژەنینە تێیاندا، لەوێدا دەتوانیت مەودایەكی فراوانتری دەنگت هەبێت و زۆر بە هێمنی (Piano) بژەنیت، بەبێ ئەوەی بترسیت لەوەی دەنگت نەبیسترێت، بۆیە ژەنینەكە ناسكتر و وردتر دەبێت؛ ئەمە بۆ نموونە بۆ مۆسیقای دیبۆسی بێوێنەیە!.

*پێویستە چی بكرێت بۆ زیادكردنی بینەر و گوێگری مۆسیقای كلاسیك؟

-مۆسیقای كلاسیك هەندێك جار بە نوخبەوی و داخراو دادەنرێت، بەڵام مۆسیقاكارانی نەوەی من زیاتر و زیاتر هەوڵ دەدەن بەربەستەكانی نێوان جیهانە جیاوازەكان بشكێنن. ئێستا سەیر نییە ببینی گیتارژەنێكی كلاسیك، جاز یان گیتاری كارەبایی دەژەنێت. ئەنتوان بوێر و ساموێلیتۆ دوو نموونەی باڵان لەم بوارەدا، من سەرسامم بە شێوازی كاركردنیان چونكە ڕێگە دەدات گیتار بگاتە بینەرێكی زۆرتر.

*وەك مۆسیقاكارێك، پێناسەی تۆ بۆ سەركەوتن چییە؟

-بۆ من سەركەوتن بریتییە لەوەی بتوانیت بە بەردەوامی پڕۆژەی نوێ پێشكەش بكەیت و هەموو جارێك بینەرێكی زۆر لە دەوری خۆت كۆ بكەیتەوە. من بەختەوەرم كە لە یوتیوب لەلایەن كۆمەڵگەیەكی گەورەوە پشتگیری دەكرێم، هەر ئەمەش هانیدام بۆ بەرهەمهێنانی یەكەم ئەلبوومم.

*گرنگترین بیرۆكە و چەمكەكان چین كە پێت باشە فێری مۆسیقاكارە نوێیەكانی بكەیت؟

-من چەند ساڵێكە وانەی گیتار دەڵێمەوە و هەوڵ دەدەم توانای سەربەخۆیی، گەڕان و حەزی زانین، هەروەها وردی و بەردەوامی لە كارەكانیاندا بچێنم، ئەمانە چەمكی بنەڕەتین بۆ هەر مۆسیقاكارێك.

*بەنرخترین شت كە هەت بێت چییە؟

-گیتارەكەم! تەواو نوێیە و لەلایەن سازێنەری ئیتاڵی «فرناندۆ مازا» دروست كراوە. تەواوی ئەلبوومی «Hommage à Debussy»م بەو گیتارە تۆمار كردووە.

Top