د.عەلی ئیبراهیم باخ مامۆستای زانكۆ لە دهۆك : دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی، سەرەتایەكی گرنگە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو بەستەڵەكە سیاسییەی یەخەی هەرێمی كوردستانی گرتووە
دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان لە دەوری یەك مێز، دەكرێت وەك وەرچەرخانێك و سەرەتایەكی گرنگ سەیر بكرێت بۆ ڕەواندنەوەی ئەو چەقبەستوویی و بەستەڵەكە سیاسییەی كە ماوەیەكی درێژە یەخەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانی گرتووە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نالەبارە پێویستە لە سەرەتادا هەنگاوێكی ئەرێنی و كرداری بنرێت، كە بێگومان دەبێت ئەم هەنگاوە سەرەتا لە لایەن هێزە سەرەكی و كاریگەرەكانەوە دەست پێ بكات. لەم نێوەندەشدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی وەك یەكێك لە كارەكتەرە هەرە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و خاوەن بڕیاری یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستاندا، پێگەیەكی كاریگەر بەم هەوڵانە دەبەخشێت. ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە نەك تەنیا هیوایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەبەخشن، بەڵكو پەیامێكی ئەرێنی و ئاشتیخوازانەش ئاڕاستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك لایەنی بەرامبەر دەكەن. هەڵگرتنی هەنگاوی یەكەم دەتوانێت ببێتە بنەمایەكی پتەو بۆ گفتوگۆكانی داهاتوو، بە ئامانجی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب و گەڕانەوە بۆ دۆخی جێگیری پێشوو كە تێیدا سازان و هاوبەشی بنەمای كاركردن بوو.
لە لایەكی دیكەوە پێویستە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیدێكی فرە ڕەهەند و فراوانتر سەیر بكرێت، چونكە ئەم بابەتە تەنیا ڕەهەندێكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو بە توندی بەستراوەتەوە بە هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانەوە. دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگەی هاوپەیمان و لایەنە نێزیكەكانی خۆیان لە بەغدا، كاریگەرییەكی بەرچاویان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان هەیە. ئەم هێزانە زۆرجار هەوڵ دەدەن ناكۆكی و جیاوازییەكانی نێوان هێزە كوردییەكان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بەكاربهێنن، بە ئامانجی ئەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێكی ناسەقامگیر و شكستخواردوو نیشانی دەرەوە بدەن. ئەم جۆرە لە جەمسەرگیریی هەرێمی لە كۆتاییدا زیان بە پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. بۆیە ئەركی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە هەوڵی كەمكردنەوەی كاریگەریی و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە بدەن و ڕێگە نەدەن ململانێ دەرەكییەكان ببنە هۆی پەككەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت.
لەم نێوەندەشدا هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك هێزێكی میانڕەو بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو پارتی سەرەكیدا، دەكرێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت لە نزیككردنەوەی دیدگاكان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، بەڵام ئەگەر هەوڵە ناوخۆییەكان بە بنبەست بگەن، بژاردەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان وەك یەكێك لە سیناریۆ پێشبینیكراوەكان سەرهەڵدەداتەوە. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە ڕەنگە لەم كاتەدا گونجاوترین چارەسەر نەبێت، بەڵكو بژاردەیەكی ناچارییە، بەڵام بێگومان باشترە لە هێشتنەوەی هەرێم لە ناو بۆشاییەكی یاساییدا. هەروەها دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە پارتەكان كێشی ڕاستەقینەی خۆیان لە سەر ئاستی جەماوەریدا تاقی بكەنەوە. لێرەدا پێشبینی دەكرێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان سوودمەند بێت لە ئەگەری كەمبوونەوەی دەنگەكانی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، چونكە بەشێكی زۆری ئەو دەنگە ناڕەزایەتییانەی پێشتر بەرەو لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەچوون، ئەمجاریان پێگەیان لە هاوكێشەكەدا دەگۆڕێت و ئەمەش ڕەنگە دەرفەت بۆ پارتی بڕەخسێنێت كورسی زیاتر بەدەستبهێنێت.
سەركەوتنی هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن لە داهاتوودا، بە شێوەیەكی سەرەكی بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كەمپینەكان و ئەو گوتارانەی كە لە لایەن پارتە سیاسییەكانەوە پێشكەش دەكرێن. شێوازی كەمپینە میدیاییەكان و چڕی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پرۆسەكەدا دروست دەكات. ئەگەرچی بەكارهێنانی كەرەستە و كارتە جیاوازەكان لە لایەن یەكێتییەوە دەكرێت ببێتە هۆی قووڵكردنەوەی جەمسەرگیریی جوگرافی و سیاسی، بەڵام پێشبینی دەكرێت ڕێژەی بەشداریی گشتی لە ٥٠٪ تێپەڕێنێت، ئەمەش هۆكارێكی یاسایی و نێودەوڵەتی دەبێت بۆ بەخشینی شەرعییەت بە ئەنجامەكان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم.
مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كە بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هەمیشە تژی بووە لە ململانێ و لە هەمان كاتدا پێویستیی بەردەوام بە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتن. ئەزموونەكانی ڕابردوو دەریانخستووە كە پێگەی لایەنە سەرەكییەكان بە هاوپەیمانی كاتی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان ناگۆڕدرێت. لە كۆتاییدا شەرعییەتی ڕاستەقینە و پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە لایەنەكان ڕێز لە ئەنجامی دەنگدانی هاووڵاتیان بگرن، بە جۆرێك كە پێگەی پارتی وەك حزبی یەكەم و پێگەی یەكێتی وەك حزبی دووەم لەبەرچاو بگیرێت. چونكە فەرامۆشكردنی ئەم بنەمایە، مانا و گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن بە تەواوی لەناو دەبات.
