مومتاز حەیدەری نووسەر و ڕۆژنامەنووس: پێویست بوو هێزە نیشتمانییەكان خۆیان دەستپێشخەر بوونایە و داوای دانیشتنیان لە پارتی و یەكێتی بكردایە

مومتاز حەیدەری     نووسەر و ڕۆژنامەنووس:     پێویست بوو هێزە نیشتمانییەكان خۆیان دەستپێشخەر بوونایە و داوای دانیشتنیان لە پارتی و یەكێتی بكردایە

 

 

دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان، هەنگاوێكی گرنگە كە دەرگایەكی نوێ لەبەردەم كێشە سیاسییەكانی چەند ساڵی ڕابردووی كوردستان دەكاتەوە، بەتایبەت ململانێی نێوان هەردوو حزبی سەرەكی كە ڕێگر بووە لە چارەسەركردنی زۆر پرسدا. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەم هەنگاوە لایەنەكان كۆدەكاتەوە، پەرلەمان كارا دەكاتەوە و حكومەت دادەمەزرێنێت؟

پێویست بوو هێزە نیشتمانی و ئۆپۆزسیۆنەكان پێشتر خۆیان دەستپێشخەر بوونایە و بە پێشكەشكردنی پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانی، داوای دانیشتنیان لە پارتی و یەكێتی بكردایە. پرسی نیشتمانی پێویستی بە گەرەنتی دارایی یان ئابووری نییە، چونكە مژارێكی چارەنووسسازە. بێگومان سەرۆك بارزانیش لە دەستپێشخەرییەكەیدا حسابی پێشنیار و داواكارییەكانی كردووە و پارتی ئامادەیە بیروڕای تەواوی لایەنە جیاوازەكان لەبەرچاو بگرێت.

بۆیە گونجاوترین چارەسەر لە ئێستادا ئەوەیە كە تەواوی لایەنە سیاسییەكان، چ ئۆپۆزسیۆن یان نیوە ئۆپۆزسیۆن، دەستپێشخەری بكەن و پرۆژەیەكی نیشتمانیی گشتگیر ئامادە بكەن و بیخەنە بەردەم پارتی و یەكێتی. پێشوازیكردنی هاوبەش لەم پرۆژەیە، دەبێتە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەو تەنگژە سیاسییە قووڵەی كە چەند ساڵێكە تێیكەوتووە.

دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ میانگیری نێوان پارتی و یەكێتی پێویستە لەسەر بنەمای پێگەی سیاسی بێت، نەك لێپاڕانەوە. ئەگەر لایەنەكان بەڕاستی خەمخۆری دۆزی نیشتمانی و پاشەڕۆژی كوردستان بن و بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی بەغدا ببنەوە، ئەو كات دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی هێشتا گرنگی و كاریگەریی خۆی دەپارێزێت. بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بكەن و ئەم چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستای هەرێم بە شێوازێكی گونجاو و هۆشیارانە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا چارەسەر بكەن.

هەر كۆبوونەوە و گفتوگۆیەك لە نێوان لایەنەكاندا كارێكی باشە و دەرگایەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكاتەوە. هەرچەندە ڕێز و پێزانینم بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین هەیە، بەڵام پێویستە یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی تریشدا تەبا و هاوئاهەنگ بێت. پێدەچێت ئەم دەستپێشخەرییە بە پاڵپشتی و ئاگاداریی دۆستە دەرەكییەكانیان ئەنجام درابێت، چونكە كێشەكانمان تەنیا ناوخۆیی نین، بەڵكوو بەستراونەتەوە بە هاوكێشە سیاسییەكانی پایتەختەكانی وەك بەغدا، ئەنقەرە، تاران و دیمەشقەوە، كە كاریگەریی زۆر و ڕاستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان هەیە.

هەر بۆیە ئەگەر سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر بنەمای داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو كار بكەن و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بخەنە سەرووی هەموو جۆرە بەرژەوەندییەكی حزبی، ئابووری، كەسی یان دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئەوا پرسی كورسییەكانی پەرلەمان لای ئەوان گرنگییەكی ئەوتۆی نامێنێت. لێرەدا پاشخانی دەوڵەمەندی مێژوویی و قوربانیدانی دەیان ساڵەی حزبە تێكۆشەرەكان دەبێتە پێوەری سەرەكی بۆ ڕۆڵگێڕانی جددیتر و كاریگەرتر لە چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەبردنی حوكمڕانیدا، نەك ئەو لایەنانەی دوای ڕاپەڕین دروست بوون و لەو ڕابردووە خوێناوییەدا بەشدار نەبوون.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو قوربانییە گەورانەی دراون، پەكخستنی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی بەردەوامی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان زیانێكی نیشتمانیی گەورەیە و متمانەی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە. لەم قۆناغە هەستیارەدا كە چەندین پیلانی ناوخۆیی و دەرەكی دژی قەوارەی كوردستان دادەڕێژرێت، پێویستە لایەنە سەرەكییەكانی وەك پارتی و یەكێتی ناكۆكییە لاوەكییەكان وەلابنێن. ئەزموونی مێژوویی ڕۆشنمان دەكاتەوە كە جۆش و خرۆشی دەنگدانی ساڵی ١٩٩٢ هەرگیز دووبارە نابێتەوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنیش دووبارە بكرێتەوە، ناتوانرێت ئەو ڕۆحیەتە نیشتمانییە بەرزەی بینیمان بەدەست بهێنرێتەوە.

خاڵێكی دیكە مەسەلەی مەترسیداری دوو ئیدارەییە كە لە سەردەمی سیستمی پەنجا بە پەنجاوە سەرچاوەی گرتووە، كارەساتێكی نەتەوەیی گەورەیە و هەرێمەكە سەد ساڵ بەرەو دواوە دەبات. هێزە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەمیشە بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەخەنە پێش كێشەی كوردەوە، بەڵام ئێمە دەتوانین بە یەكگرتووییمان متمانەیان پێ ببەخشین. سەركردە سیاسییەكان دەتوانن بەبێ نێوەندگیریی دەرەكی، ڕاستەوخۆ پێكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و تەواوی كێشە ناوخۆییەكان بە گیانێكی نیشتمانی چارەسەر بكەن.

ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمریكا، ئێران و توركیا، بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەكی نەتەوەیی ڕوون و دوورمەوداوە، پرسی كوردی ئاڵۆزتر كردووە. دابەشبوونی سیاسی و نزیكبوونەوەی هەندێك لایەن لە جەمسەرە هەرێمییە دژبەیەكەكان (نزیكبوونەوە لە بەغدا و ئێران، یان توركیا)، كاریگەریی نەرێنی قووڵی لەسەر دۆخەكە دروست كردووە. بۆیە چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم دۆخە ئاڵۆزە تەنیا لە ڕێگەی هاوئاهەنگییەكی نیشتمانیی ڕاستگۆیانەوە دێتە بەرهەم كە بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان و داهاتووی نەوەكانمان لەبەرچاو بگرێت و ڕێگە لە دەستتێوەردانە دەرەكییەكان بگرێت.

 

Top