حکومەتی کاربەڕێکەر دەوەستێت لەکارکردن ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت..؟

حکومەتی کاربەڕێکەر دەوەستێت لەکارکردن ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت..؟

 

بەشێوەیەکی گشتی جۆری سیستەمی سیاسی و هەندێک بابەتی تەکنیکی و کاراکردنەوەی پەڕلەمان و پێکهێنانی حکومەت و چەند بابەتێکی تری پەیوەست بە سیاسەت لە دەستوردا باس کراوە و دەستور یاخود دادگای باڵا چارەسەری ئەم کێشانە دەکات ئەگەر هاتوو دەوڵەت ڕووبەڕووی گرفتێکی سیاسی بوویەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان نە دەستور و نە دادگای دەستوری نیە و لە ئێستادا دووچاری گرفتێکی سیاسی بۆتەوە ئەویش پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەرچەندە هەڵبژاردن کراوە ، ئەمە بووە بە گرفتێک لەبەردەم پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و جێگای نیگەرانی هەموو خەڵکی کوردستانە و لەئێستادا باس و خواسی سکاڵاتۆمارکردن لە حکومەتی کاربەڕێکەر هاتۆتە ئاراوە لەلایەن پارتێکی سیاسیەوە.
جا ئەسڵی بابەتەکە ئەمەیە ئایە حکومەتی کاربەڕێکەر دەوەستێت لە کارەکانی یاخود نا..؟! و دەسەڵاتەکانی چین ..؟! وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆری دەوڵەتان دەستوری نوسراویشیان هەیە بەڵام دەستور هیچ وادەیەکی یاسایی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر دیاری نەکردووە چونکە ناکرێت دەوڵەتێک بەبێ بوونی حکومەتێک ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەرێتە سەر هەرچەندە وادەیەکی دیاری کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە لەزۆرێک لە دەوڵەتەکان ٣٠ ڕۆژە و لەهەندێکی تریش زیاتر . بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت کە دەستور و دادگای دەستوری نیە ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت ، لەهەموو باروودۆخێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت و هەرچەندە حکومەتی کاربەرێکەر دەسەڵاتی تەواوەتی نیە چونکە ماوەیی یاسایی کۆتایی هاتووە بەڵام بەردەوام دەبيت لە کارەکانی تا حکومەتی نوێ دێتە ئاراوە .

دەسەڵات و ئەرکەکانی سنوردارن و تەنها هەندێک کارووباری ڕۆژانە ئەنجام دەدات وەک پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان و پێدانی مووچە و پاراستنی وڵات و سەروو ماڵی هاوڵاتیان بەڵام دەسەڵاتی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی و گۆڕانکاری لە پۆستە سیادی و پلەباڵاکاندا نیە تەنها لەحاڵەتی ناچاریدا نەبێت ئەویش بە شێوەی وەکالەت ، هەروەها ناتوانرێ بڕیار لەسەر پەسندکردنی پڕۆژە ستراتیژیە گەورەکان بدات و هەروەها ناشتوانێ پڕۆژە یاسا پێشکەش بە پەڕلەمان بکات لەگەڵ هەندێک کاری تر بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەردەوام دەبێت .

هەرچەندە من پێم وایە بابەتی سکاڵا کردن لە حکومەتی کاربەڕێکەر جۆرێک بێت لە فشاری سیاسی بەڵام سکاڵا دەبێت لەسەر بنەمای دەقێکی یاسایی بێت ، جا ئەگەر دەستور نەبێت و دەستوری عێراقیش باسی لەم حاڵەتە نەکردبێ چۆن چارەنووسی سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە ڕەنگە سکاڵاکە قبوڵیش نەکرێ چونکە بژاردەی تر لەبەر دەستا نیە ، بۆیە تەنها دەکرێت وەک ڕاوێژ بە ئەنجوومەنی شورا بکرێت بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە چەقبەستووە ئەگینا حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت تا حکومەتی نوێ پێک دێت

Top