«بارزانی نەمر و دروستکردنی هاوسەنگی نێوان دیموکراسی بۆ عێراق و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان»

«بارزانی نەمر و دروستکردنی هاوسەنگی نێوان دیموکراسی بۆ عێراق و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان»

 

 

چل و حەوت ساڵ دوای ماڵئاوایی کردنی ڕێبەری مەزنی کورد بارزانی نەمر هێشتا ڕێبازەکەی ڕێنوێنی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە. کاتێک باس لە مێژووی سیاسی کورد دەکرێت، ناوی بارزانی نەمر وەک خاڵێکی وەرچەرخان دێتەوە، ئەو ڕێبەرەی کە شۆڕشی ئەیلوولی 1961ی ڕێکخست. بارزانی نەمر تەنها بە دوای چەک هەڵگرتنەوە نەبوو، ئامانجەکەی ڕوون بوو:(عێراقێکی دیموکراتی کە هەموو پێکهاتەکانی تێیدا هاوبەش بن، و هەرێمێکی ئوتونومی لە چوارچێوەی عێراقدا).

لە شۆڕشی شاخەوە بۆ مێزی دانوستان:
لە چلەکانی سەدەی بیستەم، بارزانی نەمر یەکەمجار دژ بە حکومەتی پاشایەتی شۆڕشی هەڵگیرساند. هەروەها دوای ئەو قۆناغە، لە ساڵی 1961 شۆڕشەکەی لە سەردەمی کۆماری عێراق نوێکردەوە. ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشانە ڕێکەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، کە بۆ یەکەمجار بوو بەغدا بە فەرمی دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت؛

بەڵام بارزانی نەمر بە هۆی ئەوەی کە قۆناغەکە قۆناغی شەڕی ساردبوو نێوان دوو جەمسەر کە قوناغێکی زۆر دژوار و سەخت بوو بۆیە ئەوکات جیابوونەوەی نەکردە ئامانج بارزانی نەمر ئێمە دەمانەوێت لەناو عێراقدا بە ئازادی بژین ئەمە ئەو بیرکردنەوەیە بوو کە دواتر بووە بناغەی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تاکو ئەمڕۆ.

کاریگەریی لەسەر دەستووری 2005:
ئەگەر سەیری دەستووری عێراقی 2005 بکەین، دەبینین هەمان ئەو داوایانەی بارزانی نەمر جێگایان بووەتەوە. عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی دیموکراتی ناسێنراوە. هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی دانپێدانراوە. ماددەکانی 140، 112 و 121 بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەن کە لە 1970 بوونەتە هۆی شکەستی ڕێکەوتن.

بەڵام تاکو ئێستاش ناکوکیەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدای ئێستاش بەردەوامن و ماددەکانیش جێبەجێ نەکراون بۆ نمونە ناکوکی لەسەر کەرکووک، داهاتی نەوت و سنووری دەسەڵات…تد هەر بەردەوامە.

یەکڕیزی، دیپلۆماسی و هاوسەنگی سیاسی:
بارزانی نەمر بەبێ یەکڕیزیی ناوخۆیی و بێ پاڵپشتی ناوخۆیی، هیچ شۆڕشێک سەرناکەوێت بۆیە ئەمڕۆش هەرێم هەوڵدەدات ئەم وانەیە لەبیر نەکات:(یەکڕیزی، دیپلۆماسی و هاوسەنگی نێوان داواکاری نەتەوەیی واقیعی سیاسی).
شایانی باسە ناوی بارزانی نەمر هێشتا لە هوڵی پەرلەمان و لە میزی دانوستان لەگەڵ بەغدا ئامادەیی هەیە و ئامادەیی دەبێت. نەک وەک هێمای شەڕ، بەڵکو وەک هێمای ئەوەی کە کێشەی کورد چارەسەری ئاشتیانەی سیاسی دەوێت.

بارزانی نەمر زۆر لۆژیکیانە مامەڵەی لەگەڵ پێشهاتە سیاسیەکاندا دەکرد لەسەر هەموو ئاستەکاندا نێوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەبەر ئەوەی کە ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە سەرووی هەموشیانەوە عێراق هەر لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ئەقڵیەتێکی ناوەندگەراییە؛

ئێستاش هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە بۆیەش ئەو ستڕاتیژیەتەی کە بارزانی نەمر داینابوو لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان ستڕاتیژیەت هەنگاو دەنێت چونکە خوددی بارزانی نەمر دژی دیکتاتۆریەت و توتالیتاریەت بوو، بۆیەش تەنها عێراقێکی دیموکراسی دەتوانێت مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان تێیدا مسوگەر بکرێن وەک باشترین ڕێگا چارە بۆ پێکەوە سازان و کۆتایی هێنان بە ناکوکیەکان.

Top