بافڵ تاڵەبانی؛ مەترسییەک بۆ دیموکراسیی کوردستان؟
لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا، ڕۆژنامەنووس تەنها میدیایەک نییە، بەڵکو چاودێرێکی گشتییە کە ئەرکی گواستنەوەی ڕاستی و پرسیارکردنی لە دەسەڵاتداران لە ئەستۆیە, بۆیە هەر کاتێک بەرپرسان یان سەرکردە سیاسییەکان سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان دەکەن، ئەوە تەنها هێرش نییە بۆ سەر تاکێک، بەڵکو هێرشە بۆ سەر بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی.
ئەمڕۆ پرسیارێکی گرنگ خۆی دەسەپێنێت: ئایا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، گەیشتووەتە ئاستێک کە بە هەڵسوکەوت و وتەکانی سوکایەتی بە بنەما دیموکراتییەکان بکات؟
گەلی کورد زیاتر لە سەدەیەکە خەبات ده‌كات, هەزاران شەهید و قوربانی لە شۆڕشەکان، ئەنفال، کیمیاباران و بەرهەڵستی داگیرکەراندا گیانیان بەخت کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، مافی مرۆڤ و دیموکراسی.
ئەم هەموو قوربانییانە بۆ ئەوە بوون کە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و دەسەڵاتێکی بەرپرسیار دروست بکرێت، نەک بۆ ئەوەی بافڵ تاڵه‌بانی و ئه‌مساله‌كانی خۆیان لەسەروی یاسا و دامەزراوەکانه‌وه ببینن.
ئاشكرایه بافڵ تاڵەبانی گوفتارو کردارەکانی لەگەڵ ڕۆحی دیموکراسی ناگونجێت, ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکان سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستیه‌ن، لەبری گفتوگۆ و قبوڵکردنی جیاوازی، هه‌میشه توندوتیژی و هێرش و كرداری نالۆژیكی ده‌گرێته‌به‌ر!
خیانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و دۆخی ئێستای کەرکووک, ده‌رخه‌ری ئه‌وڕاستیه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی له‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی ئامانجه‌كه‌سیه‌كانی ئاماده‌یه خاک و خه‌ڵکی بفرۆشێت.
هێرشی سه‌رلاله‌زارو كوشتنی ده‌یان ڕۆڵه‌ی ئه‌م خاكه و زیندانی كردنی ڕكابه‌ره سیاسیه‌كانی, سه‌لاماندی پاڤێڵ تاڵه‌بانی له‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها, له‌هیچ كرده‌وه‌كی نادیموكراسی و نابه‌جێ ناگه‌ڕێته‌وه.
هەمان کات، دۆخی ئازادی ڕادەربڕین، پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و مافی دەنگی جیاوازیش بەردەوام جێگای مشت‌ومڕ و پرسیاره!
ئەم بابەتانە تەنها کێشەی کەسێک یان وتەیەک نین، بەڵکو پەیوەندییان بە داهاتووی ئەزموونی دیموکراسیی کوردستانەوە هەیە, ئەگەر کۆمەڵگە، میدیا، نوسه‌ر و ڕۆشنبیران، لاوان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە بەرامبەر هەر هەڵسوکەوتێکدا کە پێچەوانەی بنەما دیموکراتییەکانە بێدەنگ بن، ئەو هەڵسوکەوتانە بە هێواشی ئاسایی ده‌بنه‌وه و زیانەکە هەموو کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.
لە پێناوی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، شکۆی ڕۆژنامەگەری و بنەماکانی دیموکراسی، پێویستە میدیاکاران، ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن هەڵوێستێکی ڕوون و یەکگرتوو هەبێت لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ ترساندن، سوکایەتی یان سنووردارکردنی دەنگی جیاواز, دیموکراسی بە بێ ڕەخنە، بە بێ میدیای ئازاد و بە بێ مافی پرسیارکردن، مانای خۆی لەدەست دەدات.

ئـــهحــمــهد گـــلــی