مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵیادی كۆچی دوایی كەریم شنگالی بەرز ڕادەگرێت
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردە و شۆڕشگێڕ كەریم شنگالی لە گۆڕستانی پیرمام بەرز ڕاگرت، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆچی دوییدا كە بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لە ڕێوڕەسمەكەدا ماڵباتی كۆچكردوو و خزم و هاورَێ و هاوسەنگەرانی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكومی بەشدار بوون و لەلایەن ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی تاجەگوڵینەی وەفاداری لەسەر گڵكۆی كەریم شنگاڵی داندرا.
جێگەی بەبیرهێنانەوەیە ڕەوانشاد كەریم شنگاڵی لە قۆناغە جیاوازەكانی بزاڤی گەلەكەمان پێشمەرگەیەكی دڵسۆزی ڕێبازی پارتی و بارزانی بووە، لە كابینەكانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەمدا وەزیری ناوخۆ بووە، دواجار سەرۆكی نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم بووە.
