بـــــاره‌گــــای بـــــــارزانی : سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

بـــــاره‌گــــای بـــــــارزانی : سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە تاوتوێ کران و باڵیۆزی تورکیا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر گرژییەکان نیشان دا.

 

لە دیدارەکەدا، کە ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و شەڕ و گرژییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. باڵیۆزی تورکیا پێزانینی وڵاتەکەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەکیمانەی هەرێمی کوردستان نیشان دا، کە وێڕای هەوڵەکان بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و هەبوونی دەستدرێژی و بۆردومانی بەردەوام بۆ سەر هەرێم، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا رووی داوە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی دوای پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا. هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگیی تەواو لە بوارە جیاجیاکان و نەهێشتنی گرفتەکاندا بن.

هەروەها رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و تورکیا؛ گفتوگۆش لەبارەی دەرئەنجامەکانی دوایین سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا کرایەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی، تەوەری تری گفتوگۆکان بوو.

Top