د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : بایەخی وزە سكێچی هاوكێشە سیاسییە تازەكان دیاری دەكات
ناونیشانی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ «بایەخی وزە لە دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی هاوكێشە سیاسییەكان لە ناوچەكەدا» ڕاشكاوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەو «هاوكێشە سیاسییە تازانە» بكرێت كە لەدوای ئەم شەڕانە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەشێوەیەكی تایبەتی لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، نەك نەخشەی سیاسیی ناوچەكە، ئەم لێكجیاكردنەوەیەش ئاماژەی وردبینییە.
تۆم باراك باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا و نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ سووریا و لوبنان و بە ناڕاستەوخۆ بۆ عێراقیش، زۆر ڕاشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە «لەگەڵ ئەوەی نەخشەی سایكس-پیكۆ لە ماوەی 100 ساڵ زیاتر سەلماندی نەخشەیەكی شكستخواردووە، بەڵام ئەم نەخشەیە دەسكاری ناكرێت و هاوكێشەی سیاسیی ناو دەوڵەتەكانیان ڕاست دەكرێتەوە»، ئەم ڕاستكردنەوەیەش بێگومان وەك خۆی جەختی لەسەر دەكاتەوە «دەبێت بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای تێدا پارێزراو بێت»، بێگومان بەرژەوەندیی ئەمریكاش لە سەرانسەری جیهاندا سەرچاوەكانی وزە و داهاتە.
لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسای و دەستووری لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بكەین و گرێی بدەینەوە بە هەردوو سەرچاوەی وزەی «نەوت و گاز» كە عێراقیش خاوەنی یەدەگێكی یەكجار گەورەی هەر دوو سەرچاوەی «نەوت و گاز»ـە، ئەوا دەبێت هاوكێشەی سیاسەتی تازەی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی كوردستان بە جۆرێك دابڕیژرێتەوە، كە بەرژەوەندیی كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكانی «نەوت و گاز» پارێزراو بێت، لەم چوارچێوەیەدا هەتا ئێستاش ئیدارەی ئەمریكی لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوت وگازی عێراق ناڕازییە، دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆ بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت: «عێراق خاوەنی نەوتێكی یەكجار زۆرە، بەڵام نازانێت بەڕێوەی بەرێت».
لە ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیەدا كە لەم ژمارەی گوڵاندا دەیخوێننەوە، زۆر بە وردی باس لە كێشەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكانی هەرێم و شێوازی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە و، نامەوێت دووبارەی بكەمەوە، بەڵكو دێمە سەر ئەوەی چەند گرنگە كە ئێستا هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی هەیە؟.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو كاتەی پرۆسەی نووسینەوە دەستووری عێراق دەستی پێكرد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی زۆربەی شاندی دانوستاندنی كوردستانی دەكرد، بۆ وتوزێژكردن لە داڕشتنی ڕەشنووسی دەستووركە.
ئەوەی لە مێژووی نووسینەوەی دەستووری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە دەسكەوت و جێگەی شانازی، سێ خاڵی گرنگن كە بە پێداگیریی سەرۆك بارزانی خرانە ناو دەستوورەكەوە:
1- چەسپاندنی ماددەی 140 بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
2- هێشتنەوەی هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق و پارێزەری هەرێمی كوردستان.
3- دەرهێنانی دەسەڵات و سیاسەتی نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و دابەشكردنی ئەو دەسەڵاتە لە نێوان هەرێمەكان و پارێزگاكانی خاوەن نەوت و حكومەتی فیدڕاڵیدا.
ئەم سێ خاڵە گرنگە، كە سێ كۆڵەگەی گرنگن بۆ دیاریكردنی سنوور و بوونی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دەستووری، هەتا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 20ساڵ بەسەر پەسندكردنی ئەو دەستوورەدا، جێگەی كێشمەكێش و كۆی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵین، و دەرهاویشەی كێشەكانی ئەم سێ خاڵەش ئاستەنگی بۆ كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دروست كردووە.
لە دوای ساڵی 2005 ـەوە كە بەپێی دەستوور حكومەتە یەك لەدوایەكانی عێراق دامەزراون، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هیچ حكومەتێكدا بەشداریی نەكردووە ئەگەر لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا زۆر ڕاشكاوانە بەڵێنی نەدابێت ئەم سێ خاڵە جێبەجێیان دەكات، تەنانەت لە دوایین كابینەی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكی وەزاری ڕێككەوتنەكە ئیمزا كرا و دواتر لە پەرلەمانی عێراق پەسەند كرا، بەڵێن درابوو هەر سێ خاڵەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام وەك لەم گفتوگۆیەدا زۆر ڕاشكاوانە هەڵوەستەی لەسەر كراوەتەوە «زاڵبوونی ئەقڵیەتی سەنتڕاڵیی لە ناو دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقدا ڕێگری سەرەكییە لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان»، كە دەبێت ئەم ئەقڵیەتە سەنتڕاڵییە زوو، یان درەنگ گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و خۆیان لەگەڵ سیستمی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای «هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان» كە ئەمە دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆ دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هێشتا حكومەتی تازەیان پێك نەهێناوە.
خاڵی گەوهەری كە دەمەوێت جەختی لەسەر بكەمەوە ئەوەیە كە دووربینیی لۆژیكی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی بوونی هەرێمی كوردستان پڕانسیپە و سازشی لەسەر ناكرێت، ڕاستە بەرانبەرەكانمان دەیانەوێت لەژێر گوشاری سەربازی و ئابووریدا پاشەكشە لەو پرانسیپانە بكەین، بەڵام ئیرادە و لۆژیكی سەرۆك بارزانی بەكردەیی ئەو سێ خاڵەی وەك یاسا و دەستوور كردووەتە ئەمری واقیع و، بەرامبەر ناچارە كە دێنە سەر مێزی دانوستاندن، ددانی پێدا بنێن.
سەبارەت بە بایەخی «وزە»ش كە بابەتی گفتوگۆی ئەم جارە بوو، ئەو ڕاستییەی بۆ دەرخستین، ئێستا هەرێمی كوردستان بە كردەیی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی كاراكتەرێكی دیارە، هەر دەوڵەت و قەوارەیەكیش لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی هەبوو، ئەوا هیچ هێزێك ناتوانێت فەرامۆشی بكات.
