د. هەژار ڕەحیمی مامۆستای زانكۆ: كاتێك ناسیۆنالیزم دەبێتە هێزێكی كارا و گۆڕانكاری دروست دەكات، كە لە قۆناغی سۆزەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنانی دەزگایی و فەرهەنگی
د.هەژار ڕەحیمی، مامۆستای زانكۆیە و یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی كوردستان. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە بیر و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو:
دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ سازادانی ئەم گفتوگۆ فرەڕەهەندە لەسەر پرسی « ناسیۆنالیزمی كوردی» كە پرسێكی هەمەلایەنەیە، بۆیە دەخوازم زیاتر لەسەر لایەنە هزرییەكەی هەڵوەستە بكەم.
• قەیرانی پارادایم و ئاسۆكانی ناسیۆنالیزمی كوردی
یەكێك لە پرسە هەرە جەوهەری و هەستیارەكان كە ئەمڕۆ لە كایەی هزری و سیاسیی كوردیدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، پرسی چەقبەستوویی مێتۆدۆلۆژی و مەعریفییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ چەمكی ناسیۆنالیزم و هەستی نەتەوەییدا. ئێمە تا ئێستاش لەناو بازنەی داخراوی پارادایم و پارامیتەرە كۆنەكانی ڕابردوودا دەسووڕێینەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی وزە و پۆتێنسیاڵێكی ئێجگار مەزنی مرۆیی و مەعریفی. هەرچەندە هەستێكی نەتەوەخوازیی ڕووت لەناو كۆمەڵگەدا هەیە، بەڵام ئەم هەستە بە تەنیا متمانەپێكراو نییە، چونكە پێویستی بە پرۆسەیەكی پەروەردەیی سیستماتیك هەیە، تا بتوانێت لە قۆناغی «پەرچەكرداری» (Reactionary) و سۆزدارییەوە، بگۆڕێت بۆ قۆناغی «بكەری و كاراییەكی ئەقڵانی» (Subjectivity).
داڕشتنەوەی نوسخەیەكی نوێ بۆ ناسیۆنالیزم لە سەردەمێكدا كە گۆڕانكارییەكان بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر ڕوو دەدەن، كارێكی یەكجار دژوارە. ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە ئارەزوو و بژێوی و ئاستی تێگەیشتنی تاكەكان بەردەوام لە وەرچەرخاندان. لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئێمە لە سەردەمی «گێڕانەوە گەورەكان» (Grand Narratives) تێپەڕیوین و بەرەو «گێڕانەوە بچووكەكان» هەنگاومان ناوە. ئەگەر لە ڕابردوودا یەك، یان دوو حزبی گەورە و ئایدیۆلۆژیایەكی تۆكمە شكڵیان بە تەواوی كۆمەڵگە دەدا، ئێستا لەگەڵ واقیعێكی فرەڕەهەند و پارچەپارچەدا ڕووبەڕووین، لەم جیهانە نوێیەدا دە هەزار تەلەڤزیۆن، دە هەزار سیاسی و دە هەزار ناسنامەی جیاواز هەن، هەر تاكێك هەوڵ دەدات بە جۆرێك لە جۆرەكان پێناسەی خۆی بكاتەوە، ئەم فرەیی و تێكەڵبوونی ناسنامانەیە، ئەركی چاودێر و شیكاركارانی سیاسیی هێندە قورس كردووە، كە گەیشتن بە دەرەنجامێكی گشتگیر و یەكگرتوو خەریكە دەبێتە مەحاڵ.
لە ڕوانگەی منەوە، ناسیۆنالیزم تەنیا پرسێكی سیاسی، یان ئیداری نییە، بەڵكو پرسێكی «ئیستاتیكی» و جوانیی ناسانەیە، زۆر جار كاتێك ئەم بابەتە دەورووژێنم، وا هەست دەكرێت دەیبەستمەوە بە بواری پسپۆڕیی خۆمەوە، بەڵام ڕاستییەكەی ناسیۆنالیزم گەیشتنە بە بارودۆخێكی ڕۆحی و شهوودی. ئەوەی كە مرۆڤێك پێیوایە كوردبوون جیاوازە لە هەر ناسنامەیەكی دیكە، وەك ئەو حاڵەتە وایە كە لە هونەردا ڕوو دەدات. كاتێك تۆ خولیای دەنگی هونەرمەندێك دەبیت، لە ناختدا بە قەناعەتێكی تەواوەوە بەوە گەیشتوویت كە هیچ دەنگێكی دیكە جێگەی ناگرێتەوە، ناسیۆنالیزمیش لە قووڵاییدا، ئەو پێوەندییە ئیستاتیكیە پاكەیە كە تاك بە نەتەوەكەیەوە دەبەستێتەوە، بێ ئەوەی پێویستی بە پاساوە لۆژیكییە وشكەكان هەبێت.
كاتێك سەیری ڕەوشی كورد لە تاراوگە (دیاسپۆرا) دەكەین، بابەتەكە ئاڵۆزتر دەبێت، ئەوان لە ژینگەیەكدا دەژین كە لە ڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بە تەواوی جیاوازە. مامەڵەكردن لەگەڵ ناسیۆنالیزمی مەدەنی و ئەو ڕەوتە نوێیانەی لە جیهاندا هەن، پێویستی بە هۆشیارییەكی دامەزراوەیی هەیە. ئەگەر هەندێك فكری نەتەوەیی بەبێ گونجاندن لەگەڵ كۆنتێكستی سیاسی و كولتووریی كوردستاندا جێبەجێ بكرێن، نەك هەر بەرەوپێشمان نابەن، بەڵكو پاشەكشەی گەورەشمان پێ دەكەن. ئێمە پێویستمان بە كارێكی جددی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆحیەتە جوانیی ناسانە بچێتە ناو وجوودی تاكەكانمانەوە، پێویستمان بە هونەر، ئەدەبیات و كولتوورسازییە. پڕۆگرامە پەروەردەییەكان كە لە وەزارەتی پەروەردە دەستیان پێكردووە، هەنگاوی پیرۆزن، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایە. پرۆسەی پەروەردەی نەتەوەیی وەك نەشتەرگەرییەكی وردی پزیشكی وایە، پێویستی بە «جورعە»ی دیاریكراو و چاودێریی بەردەوام هەیە، نابێت تەنیا بە ئۆنڵاین، یان بە شێوەیەكی سەرپێی بێت، بەڵكو دەبێت بەردەوام پشكنین بۆ لێدانی دڵی كۆمەڵگە بكرێت و بەپێی پێویست جورعەی هۆشیاری و نەتەوەیی پێ بدرێت.
بابەتێكی دیكەی هەستیار پرسی ئایینە، وەك دەبینین لە ئەورووپا مەسیحیەت بە هۆی نەتوانینی بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە مۆدێرنەكانی وەك (ترانسجێندەری و هۆمۆسێكشوەڵێتی)، خەریكە پێگەی خۆی لەدەست دەدات و ڕەنگە لە داهاتوودا ئایین تەنیا وەك «ترێندێكی ئەخلاقی» بمێنێتەوە. لێرەدا پرسیارێكی جەوهەری بۆ ئێمە دروست دەبێت: ئایا ناسیۆنالیزمی كوردی و دەسەڵاتی سیاسیی ئێمە چ گوتارێكیان بۆ ئەم دیاردە جیهانییانە هەیە؟ چونكە نەوەی ئێمە لە تاراوگە لەناو ئەو كولتوورەدا گەورە دەبێت. بۆ دروستكردنی ناسنامەیەكی كاتالیزۆر و یەكپارچە، دەبێت هەموو ئەم هێز و جیاوازییانە لەناو یەك چوارچێوەدا كۆ بكەینەوە. ئەوەی من ناوم ناوە «ناهەوسەنگییەكانی ناسیۆنالیزمی كوردی»، كارێكی وای كردووە كە ناسنامە گشتییەكەمان لەناو ناسنامە لاوەكییەكاندا ون ببێت.
ئەمڕۆ لەپاڵ فرەیی ئایدیۆلۆژیدا، فرەیی ناوچەیی و زاراوەییش بووەتە ئالنگاری، هەر كەسێك لە یەك كاتدا دەتوانێت كورد بێت، بەڵام ناسنامەكەی لە چوارچێوەی هەولێری، سلێمانی، هەورامی، كرمانجی، یان زازاكیدا قەتیس بكات. من وەك هەورامییەك، پێشتر لەسەر ئەو بڕوایە بووم كە تەنیا دەبێت زمانێكی یەكگرتووی وەك «سۆرانی» هەبێت بۆ وتاری گشتی، بەڵام ئێستا گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت ڕێز لە فرەیی زاراوەكان بگرین. كاتێك سۆرانییەك، كرمانجییەك، یان هەورامییەك بە زاراوەی خۆی دەخوێنێت، ئەمە دەبێتە مایەی دەوڵەمەندی، بە مەرجێك نەبێتە هۆی دابەشبوون. هەمان شت بۆ ئایینەكانیش ڕاستە، ئێمە كوردی موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، زەردەشتی و یارسانیشمان هەیە، كۆكردنەوەی هەموو ئەم ناسنامە جیاوازانە و گۆڕینیان بۆ ناسنامەیەكی نەتەوەیی یەكپارچە، لەم سەردەمەدا كارێكی یەكجار زەحمەتە، بەتایبەت كاتێك ئەم تێكەڵەیە دەبەیتە ژینگەیەكی وەك ئەورووپا، هەروەها ناسیۆنالیزمی كوردی پێویستی بە «نۆژەنكردنەوەیەكی مەعریفی» هەیە، دەبێت لەو تێگەیشتنە كلاسیكییەی كە نەتەوە تەنیا لە خاك و زماندا كورت دەكاتەوە، بەرەو ئاسۆیەكی فراوانتر بڕۆین كە «مرۆڤی كورد» لە هەموو شوێنێكی دونیا بە جیاوازییەكانیەوە لەخۆ بگرێت. دەبێت كولتوور و هونەر بكەینە ئامرازی سەرەكیی ئەم گۆڕانكارییە، چونكە تەنیا هونەرە دەتوانێت ئەو ناهەوسەنگییانە ڕێك بخاتەوە و ڕۆحێكی نوێ بە جەستەی ناسیۆنالیزمی كوردی ببەخشێت. ئێمە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژووییداین، یان دەبێت ناسنامەیەكی مۆدێرن و یەكگرتوو بەرهەم بهێنین كە بەرگەی گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان بگرێت، یان لەناو «گێڕانەوە بچووكەكان» و ناسنامە پارچەپارچەبووەكاندا بۆ هەمیشە ون دەبین، ئەم ئەركەش تەنیا بە دروشم نایەتەدی، بەڵكو پێویستی بە كارێكی دامەزراوەیی، پەروەردەیەكی ورد و دیدێكی جوانیناسانەی قووڵ هەیە بۆ چەمكی نەتەوە و نیشتمان.
• ئەندازیاریی شوناس و گوتاری یەكپارچەیی
بنیادنانی قەوارەیەكی نەتەوەیی وەك پڕۆسەیەكی پێكهاتەسازی، پێویستی بە ئەندازیارییەكی ورد و فرەپسپۆڕی هەیە، پرۆسەیەك كە تیایدا هەموو كایەكان وەك سیستمێكی ئۆرگانیك و تەواوكەری یەكتر كار بكەن. ئەگەر لە ئاناتۆمیی جەستەی مرۆڤ ورد بینەوە، دەبینین پسپۆڕێكی چاو ناتوانێت دەستكاریی كۆئەندامی هەناسە بكات، یان پزیشكێكی دڵ ناتوانێت ئەركی سییەكان ڕاپەڕێنێت، بەڵام هەموو ئەم ئەندامە جیاوازانە لەژێر سایەی یەك گوتاری بایۆلۆژیی یەكگرتوودا كار دەكەن بۆ مانەوەی مرۆڤ، بۆ نەتەوەش، ئێمە بە هەمان شێوە پێویستمان بە گوتارێكی گشتگیر و یەكپارچە هەیە كە بتوانێت ئەم فرەیی و پسپۆڕییە جیاوازانە لە چوارچێوەی یەك پێناسی نیشتمانیدا كۆ بكاتەوە. بەداخەوە، تا ئێستا لە ئاستی گوتاری نەتەوەییدا نەمانتوانیوە ئەو جۆرە لە «ئاناتۆمیی یەكگرتوو» بەرهەم بهێنین كە هەموو بەشەكان بەرەو یەك ئامانجی ستراتیژی ئاراستە بكات.
لە لایەكی دیكەوە، خوێندنەوەی ئەزموونی كۆمەڵگەكانی وەك جوو، وانەیەكی گرنگمان فێر دەكات، یەكێك لەو مەترسییە جددییانەی ئێستا ئەو كۆمەڵگەیە لە ئەورووپا و ئەمریكا هەستی پێ دەكەن، بەرزبوونەوەی شەپۆلی سێكولاریزمی ڕادیكاڵە كە دەبێتە هۆی گۆڕانی تێڕوانینی نەوە نوێیەكان بەرانبەر بە دۆزە مێژووییەكان، ئەم هاوكێشەیە بۆ كوردی دیاسپۆراش ڕاستە. ئەگەر نەتوانین پێداویستییە مەعریفی و ڕۆحییەكانی گەنجی كورد لە هەندەران تێر بكەین و بە شێوەیەكی سیستماتیك بە جەستەی نیشتمانەوەیان ببەستینەوە، ئەوا لە داهاتوودا ڕووبەڕووی پچڕانێكی شوناسیی مەترسیدار دەبینەوە. تاكی كورد لە تاراوگە ئەگەر نەتوانێت پێوەندییەكی ماناگەرایانە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی خۆیدا بدۆزێتەوە، بەرەو جۆرێك لە بێلایەنی، یان نامۆبوون هەنگاو دەنێت، ئەمە تەنیا پرسێكی سۆزداری نییە، بەڵكو پەیوەستە بەوەی تا چەند دەتوانین دیسكۆرسێكی مۆدێرن بۆ تێركردنی حەز و ویستەكانی ئەوان دابڕێژین.
كێشەیەكی بنەڕەتیتر لە ناوخۆی كوردستان فەرامۆشكردنی ئامرازە كولتوورییەكانە بۆ بنیادنانی زەینییەتی نەتەوەیی، بۆ نموونە، لە بواری سینەمادا، ئێمە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە نەمانتوانیوە بەرهەمێكی ستراتیژی و كاریگەر بخەینە ڕوو كە نەوەی نوێ بە مێژووی پڕ لە كارەساتی خۆیان ئاشنا بكات. قوتابیانی ئێستا كە نە سەردەمی بەعسیان دیوە و نە ئاشنای قوربانییەكانی ڕابردووی ئەم خاكەن، پێویستیان بە داڕشتنەوەی زەینییەتێكی مێژوویی هەیە. دروستكردنی فیلم و بەرهەمی هونەری تەنیا بۆ كاتبەرسەربردن نییە، بەڵكو ئامرازێكی گەورەی ناسیۆنالیزمی فەرهەنگییە بۆ پاراستنی یادەوەریی بەكۆمەڵ، كاتێك ئامرازە كولتوورییەكان پەكیان دەكەوێت، نەوەی نوێ لە ڕووی مەعریفییەوە بەرانبەر بە هەڕەشە و مێنتاڵێتیی دوژمنان بێ بەرگری دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە پرسی ڕق و كینە، ئێمە لێرەدا بانگەشە بۆ ڕەگەزپەرستی، یان ناسیۆنالیزمێكی داخراو ناكەین، بەڵام باوەڕمان بە چەمكی «كوردایەتی» وەك شوناسێكی وجوودی و پارێزەر هەیە. كوردایەتی لە هەر فۆرمێكی مەدەنی و مرۆییشدا بێت، لە لایەن دەوروبەرەوە هەمیشە وەك مەترسی دەبینرێت. لە ئێران، توركیا و عێراق، مێژوو سەلماندوویەتی كە نەرمی و «ڕووخۆشیی» سیاسیی كورد، گۆڕانكاریی جەوهەری لە تێڕوانینی دەوڵەتە باڵادەستەكاندا دروست ناكات، بۆیە پێویستە ئەم هەستی شانازییە لە ناو پڕۆگرام و بابەتە دەرسییەكانماندا تێر بكرێت. شانازیی كوردبوون دەبێت ببێتە بەشێك لە فەلسەفەی پەروەردەییمان، چونكە نەیارانی ئێمە سەدان ساڵە بە هەمان مێنتاڵێتییەوە سەیری شوناسی ئێمە دەكەن و ئامادەی گۆڕینی تێگەیشتنی خۆیان نین، هەروەها ئەركی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئاراستەگیرییە سیاسییە تەسكەكان تێپەڕێنێت و مەقبووڵییەتێكی گشتی لای هەموو پارچەكان و ڕەوەندی دەرەوە دروست بكات. بۆ گەیشتن بە یەكپارچەیی، دەبێت ڕەهەندێكی «ئیستیعلایی»
(Transcendental Experience) ببەخشینە پرسی نەتەوەیی، واتە ئەزموونێكی واڵا و بەرز كە هەموو كەسێك بە لایەوە جوان و پیرۆز بێت. ئەدەبیات و هونەری باڵا باشترین كەرەستەن بۆ خوڵقاندنی ئەم ڕەهەندە ماناگەرایە، چونكە ئەدەب دەتوانێت سنوورە جوگرافی و سیاسییەكان ببڕێت و هەستێكی هاوبەشی وجوودی بۆ تاكی كورد لە هەموو جیهاندا بخوڵقێنێت، بەداخەوە، ئێستا گرنگییەكی ئەوتۆ بەم لایەنە فەرهەنگییە نادرێت و وەك كەرەستەیەكی لاوەكی دەبینرێت. ئەگەر بمانەوێت نەتەوەیەك بنیاد بنێین كە لە ئاست گۆڕانكارییەكانی سەردەمی نوێدا خۆی ڕابگرێت، دەبێت لایەنی مەعریفی و ئەدەبیی شوناسەكەمان بە جۆرێك بەهێز بكەین، كە ببێتە خاڵی كۆكەرەوە و ئیلهامبەخشی هەموو كوردێكی دڵسۆز لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا، ئەمە تەنیا خەونێكی ڕۆمانسی نییە، بەڵكو زەروورەتێكی مێژووییە بۆ مانەوەمان وەك میللەتێكی یەكگرتوو و زیندوو.
• ناسنامەی نەتەوەیی و گوتاری سیاسی
زۆر جار لە كایەی سیاسەتدا، گوتارەكان تەنیا وەك ئامرازێكی تەكنیكی بۆ پەیوەندی و گەیاندنی پەیام دەردەكەون، بەڵام كاتێك ڕەهەندە مرۆیی و سۆزدارییە قووڵەكان تێكەڵی ئەو گوتارە دەبن، كاریگەرییەكەی لە سنووری ڕیتۆریكی ئاسایی دەردەچێت و دەچێتە ناو قووڵایی ویژدانی گشتییەوە. بۆ نموونە، كاتێك سەركردەیەكی وەك جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی باسی مێژووی خوێناوی و پڕ لە كارەساتی ئەنفال دەكات، ئەگەرچی وەك گوتارێكی سیاسی لە پێگەی فەرمییەوە گرنگیی مێژوویی خۆی هەیە، بەڵام كاتێك هەمان ئەو ژان و ئازارە نەتەوەییە لە چوارچێوەی شیعرێكی پڕ لە ئیستاتیكادا بەرجەستە دەبێت و فرمێسك بە چاوانی ئەو سەركردەیەدا دێتە خوارێ، لێرەدا خەیاڵی هونەری و واقیعی سیاسی یەك دەگرن، ئەم جۆرە لە دەربڕینی هەست، جۆرە متمانەیەكی قووڵ و بێگەرد لە نێوان جەماوەر و سەركردایەتیدا دروست دەكات، چونكە لێرەدا سیاسییەكە لە پێگەی دەسەڵاتێكی ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێكی خاوەن هەست، كە ئازارەكانی نەتەوەكەی بە هی خۆی دەزانێت و لەگەڵیاندا دەژی.
ئێمە لە ئاستی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریدا پێویستمان بەم جۆرە لە ڕاستگۆیی و قووڵاییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هێزە مەعنەوییە گەورەیە دروست بكەین كە ببێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ گەنجانی ئێمە. گەنجێكی كورد كە لە تاراوگە و وڵاتانی ئەورووپا دەژی، دەبێت هەست بەوە بكات كە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاستی خاوەندارێتیی لێ دەكەن، ئەم هەستی خاوەندارێتییە تەنیا بە گوتارێكی تیۆری دروست نابێت، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەكی كردەیی و ماددی لە ژیانیاندا ڕەنگ بداتەوە. زۆرن ئەو كوردانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین و ددان بەوەدا دەنێن كە هەرێمی كوردستان ڕەنگە بۆ ژیانێكی ئارامی ئابووری هێشتا وەك پێویست ئامادە نەبێت، بەڵام كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمان، هەست بە جۆرە شوناس و خاوەندارێتییەكی بێوێنە دەكەن، كە لە هیچ شوێنێكی دیكەی دونیا دەستیان ناكەوێت. ئەركی ئێمە ئەوەیە ئەم هەستە لە چوارچێوەی جوگرافیاوە بگوازینەوە بۆ ئاستێكی جیهانی، تا تاكی كورد لە هەر شوێنێكی ئەم هەسارەیەدا بێت، شكۆ و كەرامەتی خۆی لە سێبەری قەوارەیەكی نەتەوەیی بەهێزدا ببینێتەوە.
مێژووی نەتەوەیی كورد مێژوویەكی دێرینی پڕ لە غیرەت و خۆڕاگری و ئازایەتییە كە ڕەگ و ڕیشەكەی بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی كاردۆخییەكان دەگەڕێتەوە. زێنۆفۆن لە نووسینە مێژووییەكانیدا بە سەرسامییەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بەرگری و ئازایەتییەی لە كوردەكانەوە بینیویەتی، لە هیچ نەتەوەیەكی دیكەی ناوچەكەدا بەدی نەكردووە. ئەم غیرەتە نەتەوەییە لە لاشعووری جەمعی ئێمەدا وەك میراتێكی پیرۆز، نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە. كاتێك دەبینین لە ئاستی سیاسی و نێودەوڵەتیدا، لە بەرانبەر گوشارە نادادپەروەرانەكانی دەرەوە، گوتارێكی توند و خاوەن هەڵوێست لەلایەن جەنابی «سەرۆك بارزانی»یەوە دەردەبڕدرێت، ئەمە تەنیا كاردانەوەیەكی سیاسیی كاتی نییە، بەڵكو گوزارشتێكی زیندووە لەو شكۆیە مێژووییەی كە لە ناخی هەموو تاكێكی كورددا هەیە. ئەمڕۆ ئەركی ستراتیژیی ئێمە ئەوەیە كە ئەم هەستە نەتەوەییە و ئەم غیرەتە مێژووییە لە مێشكی نەوەی نوێدا بكەینە جۆرێك لە دامەزراوەییبوون. كاتێك ناسیۆنالیزم دەبێتە هێزێكی كارا و گۆڕانكاری دروست دەكات كە لە قۆناغی سۆزەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنانی دەزگایی و فەرهەنگی، ئەگەر بتوانین ئەم ناسیۆنالیزمە لە ناوەوەی خۆماندا بەهێز بكەین و بە شێوازێكی مۆدێرن بیگوازینەوە بۆ دەرەوە، ئەو كاتە دەتوانین لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەك نەتەوەیەكی خاوەن خەون و خاوەن بڕیار مامەڵە بكەین. ئێمە نابێت لە بوونی گوتارێكی نەتەوەیی ڕاشكاو بترسین، چونكە ئەمە تەنیا زامنی مانەوە، سەرفرازی و پاراستنی شكۆی ئێمەیە لەناو ئەو هەموو ململانێیە ئاڵۆزانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن. ئەمە ئەو پەیامە پیرۆزەیە كە دەبێت نەوەكانی داهاتووی كوردستانی لەسەر پەروەردە بكرێن و پەرەی پێ بدرێت.
