سروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان: حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی هەر جۆرە گەڕانەوەیەكی زۆرەملێی كۆچبەرانە و ئەوە بە پێشێلكردنی كەرامەتی مرۆڤ دەزانێت

سروە ڕەسووڵ  بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان:   حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی هەر جۆرە گەڕانەوەیەكی زۆرەملێی كۆچبەرانە و ئەوە بە پێشێلكردنی كەرامەتی مرۆڤ دەزانێت

 

 

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكانە لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ» دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە دەرەوەی فەزای نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو:

 

دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ورووژاندنی ئەم پرسە هەستیارەی كە لەسەر ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردستانی ئەم گفتوگۆیەی بۆ ڕێك خستووە. بۆیە لەم چوار چێوەیەدا قسەكانی خۆم لەسەر ئەو ڕەهەندانە چڕ دەكەمەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆسێ هەستیار و گرنگەدا كردووە.

گومان لەوەدا نییە كە گۆڕانكارییە خێرا و جەنجاڵەكانی جیهان، لەپاڵ كاریگەرییە قووڵەكانیان لەسەر دیاسپۆرای كوردی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەكی گەورە و هەستیار كردووەتەوە. ئەگەر سەیری مێژووی نزیك بكەین، ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی سەقامگیری، بووە هۆكارێكی سەرەكی بۆ گەڕانەوەی هەزاران خێزانی كورد بۆ نیشتمان، ئەمە سەرەڕای ئەو خێزانانەی كە بەهۆی لێكەوتە تاڵەكانی ڕێككەوتننامەی جەزائیرەوە ناچار بە جێهێشتنی وڵات كرابوون، تاوەكو ئێستا ٢٤٨ هەزار كەسیان گەڕاونەتەوە، بەڵام بەداخەوە، ئەو خەون و هیوایە بۆ قۆناغێكی نوێی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی كە خەلكی هەرێمی كوردستان بۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣ هیوای لەسەر دانابوو زۆری نەخایاند، ئەم جارە فشارەكان بە شێوەی جینۆساید و ئەنفال و كۆمەڵكوژی نەبوون، بەڵكو لە شێوەیەكی نوێدا خۆیان دۆزییەوە، ئەویش پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكان و دەستبردن بۆ قووت و مووچە و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بوو، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەردەوامبوونی گەڕانەوەی دایاسپۆرا و كۆچكردن دروست كرد.

جگە لەوەش هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ سەرەڕای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی، دیسانەوە بەهای بەرزی مڕۆڤایەتی و جوانی بەهای پێكەوەژیانی لە لەخۆگرتن ومیوانداریكردنی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان و دابینكردنی تەواوی مافەكانیاندا، سەرەرای هەموو بەربەستەكانیان ڕەنگی دایەوە.

یەكێك لە خاڵە جەوهەرییەكان ئەوەیە كە نەتەوەی كورد چۆن توانیویەتی نەهامەتی و قەیرانەكان بگۆڕێت بۆ دەرفەتێكی زێڕین بۆ یەكگرتوویی. ئەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی هەر چوار پارچەی كوردستان بوونەتەوە، بوونە هەوێنی نزیكبوونەوەی زیاتری كولتووری، كۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی ئیرادەی پێكەوەژیان. بۆ نموونە، ئێستا نزیكەی ٢٥٠ هەزار هاونیشتمانیی ڕۆژئاوای كوردستان لە هەرێمدا نیشتەجێن، كە ئەمەش نموونەیەكی باڵای هاوسۆزیی نەتەوەییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی نیشتەجێبوون بكرێت، تاوەكو ئەم دۆخە نەبێتە هۆی گۆڕانكاریی دیمۆگرافیی مەترسیدار و چۆڵبوونی ناوچە ڕەسەنە كوردنشینەكان لە پارچەكانی دیكە، كە دواجار زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكان دەگەیەنێت.

لە لایەكی دیكەوە، دۆخی ئێستای دیاسپۆرا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە یەكێتیی ئەورووپا، دڵەڕاوكێیەكی زۆری دروست كردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣وە گۆڕانكارییەكی ڕادیكاڵ لە سیاسەتەكانی كۆچ و پەنابەراندا ڕووی داوە كە زیاتر بەرەو توندی و سنوورداركردن دەچن. زۆرن ئەو خێزانانەی كە زیاتر لە دوو، یان سێ دەیەیە لەو وڵاتانەدا دەژین، منداڵەكانیان لەو كولتوورەدا گەورە بوون و ئاوێتەی زمان و ژینگەی ئەوێ بوون، كەچی ئێستا ڕووبەڕووی نادیاریی چارەنووس و مەترسیی دیپۆرتكردنەوە دەبنەوە. جێی داخە كە پرسی مافی پەنابەران، بەتایبەت لە وڵاتانی وەك ئەورووپا و بەریتانیا، بووەتە كەرەستەیەكی پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ ململانێی هەڵبژاردنەكان، ئەم واقیعە نوێیە دەخوازێت كە حكومەت و ناوەندە بڕیاربەدەستەكان بە دیدگەیەكی نوێ و ستراتیژییەكی تۆكمەوە سەیری داهاتووی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دیاسپۆرا بكەن و كار بۆ پاراستنی مافە مرۆییەكانیان بكەن.

لە سایەی گۆڕانكارییە خێرا و ئاڵۆزەكانی جیهان لە پرسی كۆچدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیدگەیەكی نیشتمانی و مرۆیی قووڵەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەكان بووەتەوە، كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی بنەڕەتیی لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێی كۆچبەران و گەڕاوەكان هێناوەتە ئاراوە. ئەم هەنگاوانە تەنیا كارێكی ئیداریی سادە نین، بەڵكو گوزارشتن لەو باوەشە گەرمەی نیشتمان كە هەمیشە بۆ ڕۆڵەكانی كراوەیە، تەنانەت لە سەختترین ساتەكانی ژیانیاندا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وەزارەتی ناوخۆ لەڕێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، كۆمەڵێك سیستمی نێودەوڵەتی پێشكەوتووی هێنایە ناو كایەی حكومڕانییەوە كە لەسەر بنەمای ئەزموونی وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهان داڕێژراون.

دامەزراندنی «سیستمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی» بە هاوكاریی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ (IOM)، یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرنگەكان، ئەم سیستمە وەك چەترێكی گشتگیر كار دەكات كە هەموو فەرمانگە حكوومییەكان، وەزارەتەكان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەژێر یەك ستراتیژیی هاوبەشدا كۆدەكاتەوە. ئامانجی سەرەكیی ئەم دامەزراوەیە، گۆڕینی دیدگەی گەڕاوەكانە لە بێ ئومێدییەوە بۆ دەستپێكێكی نوێ، چونكە گەڕانەوە بۆ نیشتمان كۆتایی دونیا نییە، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ ژیانێكی شایستەتر، حكومەتی هەرێم لەم سۆنگەیەوە هەڵوێستێكی ڕەوشتی و سیاسیی پتەوی هەیە، ئەویش دژایەتیكردنی هەر جۆرە گەڕانەوەیەكی زۆرەملێیە. هەر بۆیە، ئەو فڕۆكانەی كۆچبەران بە زۆر دەگەڕێننەوە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەنیشنەوە، چونكە هەرێمی كوردستان ئامادە نییە ببێتە بەشێك لەو سیاسەتە ناچارییەی كە كەرامەت و ئیرادەی مرۆڤەكان پێشێل دەكات.

تراژیدیای كۆچبەران كاتێك دەست پێدەكات كە دەگەڕێنەوە خاڵی سفر. زۆرێك لەوانە دوای دەیان ساڵ مانەوە لە هەندەران، بە دەروونێكی وێران و بێ هیچ ئومێدێك دەگەڕێنەوە. لێرەدا ڕۆڵی سیستمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی دەردەكەوێت، لە ڕێگەی چاوپێكەوتنی ورد و زانستییەوە، پێداویستییەكانیان دەستنیشان دەكرێت. لە دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەكانەوە، كە زۆربەیان بەهۆی گۆڕینی ناو یان ونبوونی ناسنامەكانیان تووشی گرفت بوون، تا دەگاتە پێشكەشكردنی هاوكاریی پزیشكی و دەروونی بۆ ئەو كەسانەی لە گەشتە پڕ مەترسییەكانیاندا تووشی شۆك بوون. جێگەی داخە كە زۆرجار ئەم گەڕانەوانە دەبنە هۆی لێكترازانی خێزانی، دایك لێرە و منداڵ و باوك لەوێ، یان كچێك بە تەنیا دەنێردرێتەوە و خێزانەكەی لە هەندەران دەمێننەوە، ئەم دابڕانە كۆمەڵایەتییانە برینێكی قووڵ لە جەستەی كۆمەڵگەدا دروست دەكەن، كە تیمەكانی حكومەت شەو و ڕۆژ خەریكی ساڕێژكردنیانن.

كێشەیەكی دیكەی گەورە بابەتی تێكەڵكردنەوەی منداڵانی گەڕاوەیە لە كەرتی پەروەردەدا. ئەو منداڵانەی لە ئەورووپا گەورە بوون، نە زمانی كوردی و نە ئینگلیزی بە باشی نازانن و تەنیا بە زمانەكانی ئەو وڵاتانە قسەدەكەن كە لێی گەورە بوون. حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەوڵی داوە قوتابخانەی تایبەت دابین بكات، بەڵام پێویستییەكان لە تواناكان زیاترن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ بونیادنانی توانای ناوخۆیی و دابینكردنی بوودجەی تایبەت بۆ پێدانی منحە و خستنە سەر كار، تاوەكو گەڕاوەكان هەست بكەن لێرە سەرەتایەكی دیكە هەیە. هەرچەندە هاوكارییەكان لە ئاستی خواستی حكومەتدا نین بۆ جێگیركردنی تەواوەتیی ئەو كەسانە، بەڵام بوونی سیستمێكی پێشكەوتوو كە لە ١٢٧ وڵاتی جیهاندا كاری پێ دەكرێت و بۆ یەكەم جار لە ساڵی ٢٠٢٣ لێرە جێگیر كرا، هەنگاوێكی مێژووییە.

لە لایەكی دیكەوە، دۆخی پێكهاتەكان، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی و كریستیانەكان، بەشێكی گرنگ و هەستیاری ئەم دۆسیەیەن، ئێستا نزیكەی ٣٠٠ هەزار كەس لە خوشك و برا ئێزدییەكان لە كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا دەژین و بە هۆی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و بوونی میلیشیا نایاساییەكان، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، كارەساتەكە لێرەدا قووڵتر دەبێتەوە كاتێك وڵاتانی ئەورووپا دەست دەكەن بە دیپۆرتكردنەوەی ئێزدییەكان. تەنیا لە پارێزگای دهۆك، سەدان كەس دیپۆرت كراونەتەوە كە بەشێكی زۆریان ئێزدین، ئەمە پێشێلكردنی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكانی پەنابەرێتییە، چونكە مرۆڤ نابێت بۆ شوێنێك بنێردرێتەوە كە ئاسایشی تێدا نییە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە لۆبیكردندایە تا جیهان تێبگەیەنێت كە شنگال هێشتا بۆ ژیان گونجاو نییە و مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچانە هەڕەشەیەكی جددییە لەسەر پێكەوەژیان.

لێرەدا دەبێت ڕاشكاوانە ئەوە بگوترێت كە پرسی كۆچ و گەڕانەوە، تەنیا ئەركی وەزارەتێك نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە. حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەبێت زۆر بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بكات، بەتایبەتی لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان و دابینكردنی شایستە داراییەكان بۆ گەڕاوەكان. ئێمە لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو قەیران و فشارەكان، دەرگاكانمان بە كراوەیی دەهێڵینەوە، ئامانجمان ئەوەیە سیستمێكی وا بونیاد بنێین كە تێیدا هیچ هاونیشتمانییەك هەست بە نامۆیی نەكات لەناو خاكی خۆیدا. خەباتی ئێمە بۆ ئەوەیە كە گەڕانەوە ببێتە هەڵبژاردنێكی شكۆمەندانە، نەك ناچارییەكی تاڵ، ئەمەش بە بێ هەماهەنگیی ڕاستەقینەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییەكان نایەتە دی. حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم سیستمە مرۆییە، چونكە مرۆڤ لای ئێمە سەنتەری هەموو بڕیار و سیاسەتەكانە.

كێشەی كۆچ و لێكەوتە جیاوازەكانی، یەكێكە لەو دۆسێ هەستیارانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیدگەیەكی نوێ و ستراتیژیەتێكی گشتگیرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكات، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆ كار بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیاسپۆرا و ڕێكخستنی پرۆسەی گەڕانەوە دەكات، بە جۆرێك كە تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەكاندا نەكات، بەڵكو لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەری هۆكارەكانی كۆچی نایاسایی بكات. ئامانجی سەرەكیی ئێمە پاراستنی سەرمایەی مرۆیی و ڕێگریكردنە لەوەی گەنجانمان ببنە قوربانیی دەستی قاچاخچییەكان و ڕێگە مەترسیدارەكان، بۆیە حكومەتی هەرێم لەبری تەركیزكردن لەسەر قۆناغی دوای نەهامەتییەكان، ئێستا لەسەر پرۆسەی هۆشیاركردنەوە و دابینكردنی دەرفەتی یاسایی كار دەكات، تاوەكو پێگەی هەرێمی كوردستان لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا وەك لایەنێكی بەرپرسیار و پێشەنگ بەهێزتر بكات، ئێمە دەمانەوێت متمانە بۆ گەنجان بگەڕێنینەوە و پێیان بڵێین كە نیشتمان شوێنی گەشەپێدانی خەونەكانیانە.

یەكێك لە دەستكەوتە هەرە گرنگ و پڕبایەخەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣دا، دامەزراندنی «سیستمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی» (NRM) بوو بە هاوكاریی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ (IOM). ئەمە سیستمێكی جیهانییە كە لە زیاتر لە ١٢٧ وڵاتی پێشكەوتوودا جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنە كەم وێنانەی جیهان كە خاوەنی ئەم تەكنەلۆژیا و میتۆدە زانستییە پێشكەوتووەیە. ئەم سیستمە ناوازەیە، تەواوی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەژێر چەتری فەرمی حكومەتدا یەك دەخات، بە ئامانجی هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە. خزمەتگوزارییەكان لێرەدا فرەڕەهەند و گشتگیرن، لە دابینكردنی هاوكاریی دارایی بەپەلە و دەرهێنانەوەی بەڵگەنامە یاساییەكانەوە بگرە، تا دەگاتە ڕێكخستنی خولە پیشەییەكان، خزمەتگوزاریی پزیشكی و دەرفەتی پەروەردەیی. تا ئێستا ٣١٧٨ كەس لەم سیستمەدا بە فەرمی تۆماركراون و سوودمەند بوون، ئەمەش نیشاندەری ڕووە گەش و دیجیتاڵییەكەی هەرێمی كوردستانە لە بەڕێوەبردنی دۆسێ مرۆییەكان و تێگەیشتنی بەرز بۆ گۆڕانكارییە خێراكان.

لە پاڵ ئەم هەوڵە تەكنیكییانەدا، دۆسێی خوشك و برا ئێزدییەكان و ناوچە جێناكۆكەكان بەشێكی دانەبڕاون لە خەم و نیگەرانییەكانی ئێمە، سەرباری هەوڵە بێوچانەكان بۆ تێكەڵكردنەوەی گەڕاوەكان، هێشتا دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێی هاونیشتمانیان لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، جێگەی هەڵوەستەیەكی جددییە. تا ئێستا ٢٤٩ كەسی ئێزدی گەڕێنراونەتەوە كە ١٠١یان بە شێوەی دیپۆرت بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ڕێككەوتننامەی شنگال هێشتا جێبەجێ نەكراوە و نزیكەی ٣٠٠ هەزار ئێزدی لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان لە ئاوارەییدا دەژین. حكومەتی هەرێم بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ڕێگریكردن لەم دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و پاراستنی شكۆی مرۆییان. سەردانە فەرمییەكەی وەزیری ناوخۆ بۆ وڵاتی ئەڵمانیا لە ئۆگۆستی ساڵی ٢٠٢٤، هەنگاوێكی دیپلۆماسیی كاریگەر بوو، كە بووە هۆی دواخستنی بڕیاری جێبەجێكردنی دیپۆرتكردنەوە لە چەندین هەرێمی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی شەش مانگ. ئێمە لێرەوە جەخت دەكەینەوە كە كلیلی بنەڕەتی بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، جێبەجێكردنی بێ مەرجی ڕێككەوتننامەی شنگال و ڕێگریكردنە لە هەر هەوڵێكی گۆڕینی دیموگرافی، تاوەكو خەڵكی بەڕێزی شنگال بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان و گەنجەكانیان ناچار نەبن ڕوو لە چارەنووسی نادیاری هەندەران بكەن.

هەنگاوێكی دیكەی ستراتیژی و گرنگ، دامەزراندنی «سەنتەری ڕاوێژكاریی كۆچ» (MRC) بوو لە حوزەیرانی ساڵ ٢٠٢٤، هەرێمی كوردستان وەك نۆیەم شوێن لە ئاستی جیهاندا كە ئەم سەنتەرە نێودەوڵەتییەی لێ دامەزرا، كە بە پشتیوانیی وڵاتانی وەك نەرویج، ئەڵمانیا، سویسرا، دانیمارك و فینلەندا كار دەكات. ئەم سەنتەرە تەنیا نووسینگەیەك نییە، بەڵكو پردێكی پەیوەندییە بۆ نیشاندانی دەرفەتە یاساییەكانی كۆچ و هۆشیاركردنەوە لە مەترسییەكانی ڕێگەی نایاسایی. تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار هاونیشتمانی ڕاوێژی پسپۆڕانەیان لێ وەرگرتووە و هەڵمەتە فراوانەكانمان لە سۆشیال میدیا بۆ هەر بابەتێك ملیۆنان بینەریان هەبووە. ئێمە لە ڕێگەی ناردنی كورتەنامە، ئەنجامدانی سیمینار لە زانكۆكان و گەڕانی ماڵ بە ماڵ لە كۆڵانەكاندا، هەوڵمان داوە تێگەیشتنی كۆمەڵگە بەرانبەر بە كۆچ بگۆڕین. هەروەها ئەم سەنتەرە ڕاوێژ بەو بیانییانەش دەدات كە ڕوو لە هەرێم دەكەن، تاوەكو بە یاساكان ئاشنا بن و لە هەر هەڕەشەیەك پارێزراو بن، ئەمەش سیمایەكی شارستانی بە هەرێمەكەمان دەبەخشێت.

لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی متمانەیەكی گەورە لە نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا دروست بكات. واژۆكردنی نامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئاژانسی گەشەپێدانی ئەڵمانی (GIZ) بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی یاسایی لەو وڵاتە، یەكێكە لەو هەوڵە جدییانەی كە دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجانی ئێمە بە سەربەرزی و بە شێوەیەكی یاسایی ئەزموونی جیهانی بەدەست بهێنن و دواتر ئەو ئەزموونە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەكار بهێننەوە، هەروەها كاركردن لەسەر پڕۆژەی (Skills Mobility Partnership) ئاسۆیەكی نوێ بۆ گەنجانی خاوەن كارامەیی دەكاتەوە. سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئاستەنگە سیاسییەكان، ئەم سیاسەتە ورد و زانستییە دەرەنجامی بەرچاوی هەبووە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كۆچی نایاسایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە هەشت مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٧٪ بۆ ٥٠٪ كەمی كردووە، ئەمە ڕاستییەك دەسەلمێنێت كە كاتێك حكومەت بە سیستم و داتا و پلانی تۆكمە كار دەكات، دەتوانێت گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە واقیعی كۆمەڵگەدا دروست بكات.

پێویستە بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوە بكرێت كە سەرباری ئەم سەركەوتنە نێودەوڵەتییانە، هێشتا جیاكارییەكی ناڕەوا لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە بەرامبەر گەڕاوەكانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، ئێمە وەك وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ بەغدا بۆ دەستەبەركردنی یەكسانی و دادپەروەری لە دابەشكردنی ماف و شایستەكاندا. پاراستنی ژیان و شكۆی هاونیشتمانیانمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقیی هەرە لە پێشینەی ئێمەیە. ئێمە نامانەوێت تەنیا بە شێوەیەكی فیزیكی ڕێگری لە كۆچ بكەین، بەڵكو دەمانەوێت ژینگەیەك بخولقێنین كە تێیدا گەنجی كورد هەست بە ئومێد و ئارامی بكات. ئەگەر گەنجێكیش بڕیاری گەشتكردنی دا، پێویستە لە ڕێگەی دەروازە یاساییەكانەوە بێت تاوەكو ببێتە مایەی شانازی و دەوڵەمەندكردنی سەرمایەی زانستیی نیشتمانەكەمان. كاروانی چاكسازی و بەسیستمكردنی خزمەتگوزارییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە هاوكاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە، بەو ئاراستەیەی كە هەرێمی كوردستان هەمیشە وەك نموونەیەكی گەشاوەی سەقامگیری، یاساپەروەری و پێشكەوتن لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە. ئێمە بڕوامان وایە كە گەنجانمان بزوێنەری سەرەكیی ئەم كاروانی ئاوەدانییەن، نەك قوربانییەكی بێ ناونیشانی شەپۆلەكانی دەریا و سنوورە نادیارەكانی غەریبی، بۆیە هەموو توانایەكمان دەخەینە گەڕ بۆ پاراستنیان.

Top