رووداوەكان مرۆیین و مرۆڤ لەپشتیەوەیە
بەردەوامیەكان، بوونیان هەمیشە لەروودانی كارەسات و رووداوەكان هەیە و كە رووی لەهەڵكشان و بەرزبوونەوەو زیاد بوونە بەهۆی چەندین بنەمای مەترسیدار كە بۆتە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو رووداوانەی نێو گەلی عەلی بەگ، كە ساڵانە ئەم گەلیە ئەبێتە مۆتەكە و هۆكاری ڕەفاندنی گیانی چەندین مرۆڤ و گەورەترین كارەساتبار بۆ خەڵكی كوردستان دروست ئەكات.
رووداوەكان، رۆژانە دووبارە و چەند بارە ئەبنەوە و گرفت لەدوای گرفت بۆ دانیشتوان بینا ئەكەن و زیانە گیانیەكان و ماددیەكانیش بەڕۆكی هاوڵاتیان ئەگرێ و گەلی عەلی بەگ-ش تیمساح ئاسا هەمیشە دەمی كردۆتەوە بۆقووتدانی هاوڵاتیانی كوردستان، بۆیە بەهۆی زۆری ئەو كارەساتانە و چەندین زەرەر و زیانی گیانی و ماددی لێئەكەوێتەوە و كە قوربانییەكانیش بەسروشتی حاڵ قورساییان زۆرە و دەیان ماڵبات تووشی ماڵوێرانی و كارەساتباری مەترسیدار ئەكات و ترازانی ڕۆحی وجیابوونەوەی گیانی بەگیانی بەبەردەوامی لەباوەشی ئەو دۆڵە سەختەی ستراتیژی ئەكەوێتەوە ناخۆشیی و دڵتەنگیەكان و رەشپۆشی تووشی دڵ و سیمای مرۆڤەكان ئەكات و لاسەنگیی دژواری بۆدەروونیان دروست ئەكات و تەنانەت زەرەری ماڵیشی لێ ئەكەوێتەوە،بۆیە لەدوای ووردبوونەوەم لەڕەوتی رووداوەكان و كارەساتبارەكان كە بەدرێژایی ئەو چڵ ساڵەی رابردوو هەندێ زانیاری دەربارەی ئەو رووداوانەوە و هۆكارەكانی روودانیان و تەنانەت شوێنێی روودانیان بخەمە ڕوو، بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرس زوومی بخاتە سەرو چارەسەری كۆتایی بۆ بكەن و تاكو سەلامەتی بۆ خەڵك دابین بكرێ و هەر كاتێ هاوڵاتیانی كوردستان كە بەو رێگایە گوزەر ئەكەن بەدڵنیاییەوە دوور بكەونەوە لەهەڕەشەكان و مەترسیەكان، كە لەبەرگی مەرگ خۆی نیشانی هاولاتیان ئەدات و بوونیان ڕاپێچی بەردەم هات و نەهات ئەكات و چارەنووسیشیان ئەخاتە دەست قەدەری رووبار و شەپۆلەكانی سەرشێت و بێ بەزەیی، لەگرینگترین ئەو شوێنانەی كە رووداوەكانی تیا روودەدەن، لەنێو گەلی عەلی بەگ ئەمانەی خوارەوەن:
1-لۆفەی سەرخۆشان؛ بریتیە لەو لۆفەیەی كە ئەكەویتە هنداو تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، كە شوێنێكی مەترسیدار و سامناكە و چەندین جار مەترسی و هەرەشەی لەسەر گیان و ئۆتۆمبیلەكان دروستكردووە، بۆتە مۆتەكەی هاوڵاتیان چونكە ئەم لۆفەیە، مەترسیی مەی خۆرەكان و ناشارەزایی خەڵكی گەشتیاری بەسەرەوەیە و كە نەتوانن وەكو پێویست مامەڵە لەگەل خوودی لۆفەكە بكەن، زۆر جار مەی خۆرەكان لە كاتی مەستبوونیان بوتلی مەشرووب و بەرد و دار و پاشماوەی دانیشتنەكانیان فڕی ئەدەنە نێو هاوێنە هەواری شەڵال و نێو رووبارەكە بۆ ئەوەی شوێنێ خۆیان پاكبكەنەوە و یانە زۆرینەی جار بوتلی بەتاڵ فڕێ ئەدەنە سەر شەقامە گشتیەكە و ئەبێتە هۆكاری ئەوەی شۆفێران خۆیان لە شووشە شكاوەكان بەخێرایی لابدەن یەكسەر تووشی وەرگرتنی ئۆتۆمبێڵ ئەبن و رووداوی مرۆیی دروست ئەكەن.
2-ئەنیشكی پردی دووەم، بریتیە لەو ئەنیشكەی نزیكەی دووسەد و پەنجا مەترێك لەخوارەوەی تاڤگەكەیە و رێك خوودی ئەنیشكەكە و پردەكە پاڵیان بەیەكترییەوە ناوە و ئەم ئەنیشكە بەمەترسیدارترین شوێن دادەنرێت لە نێو گەلی عەلی بەگ چونكە سەدان كارەسات و رووداوی مرۆیی مەترسیداری لێكەوتۆتەوە و بە (ئەنیشكی مەرگ) ناسراوە و هەفتانە رووداو بە رووداو ئەلێ زەحمەت نەبێ خۆت لادە نۆرەی منە، بۆیە ئەم شوێنە لەبیروخەیاڵی خەڵكی ناوچەكە بۆتە ڕەشانگەی بیرەوەری و بەكلیلی نەخشەی هەموو كارەسات و رووداوەكان دۆڵی گەلی عەلی بەگ دادەنرێت وسەدا(60) كارەسات و رووداوەكان لەم ئەنیشكە روودەدات و خەڵكی تووشی زیانی گیانی و ماددی ئەبن و تەنانەت قوربانی و زامداری سەختیش بەرهەمدێنێ. لەگرینگترین ئەو هۆكارانەی یارمەتیدەرن بۆ روودانی ڕووداوەكان لەم ئەنیشكە، ئەمانەی خوارەوەن:
1-نەبوونی كامێرای چاودێری لەو راستە ڕێگایەی كە ئەكەوێتە سەرەوەی ئەم ئەنیشكە بەتایبەتی ڕاستە رێگای بەرانبەر تاڤگەی گەلی عەلی بەگ.
2- هەر لەو شوێنەدا، بەرێوەبەرایەتی گەشتیاری سۆران بریاری دروستكردنی چەندین ئاودەسخانەی بۆ شوێنە گەشتیاریەكان لەكاتی خۆی داوە، یەكێك لەئاودەسخانەكان ریك لەو ئەنیشكە دروستكراوە، بەڵام لەدوای تەواوكردنی دووبارە خراپ كرایەوە،بەڵام لەدوای خۆیەوە نیمچە بەرزایەكی لەشێوەی چیمەنتۆ و دیوارێكی دوومەتری بۆ ئەنیشكەكە بەجێهێشتووە و بەزۆری ئاریشە بۆ خەڵكی دروست ئەكات و بۆتە لۆفەیەكی دەستكرد كە مرۆڤ لەپشت روودانی ئەم رووداوەن و هۆكاربار بۆ روودانی رووداوەكان و ئەندێشەی بیروخەیاڵێكی ئازاردەر ئەمە مەترسیی زیاتری دروست كردووە و بنەمای كاوڵكاری بۆ شوێنەكە داناوە و رۆژ نییە ئەم ئەنیشكە نەگبەتەی شوومدار و نەفرەتی پێشوازی لە رووداوەكان ئەكات و ماڵی دەیان و بگرە سەدان كەسیش وێران ئەكات. بۆیە لەدوای هەموو رووداوەكانیش حكومەت تەماشاكارە و خۆی بێ دەنگ كردووە، تاكو ئەو ساتەش دەستی چارەسەری بۆ خوودی گرفتەكە درێژ نەكردووە و تاكو لەڕەگەوە ئاریشەكەی دەربهێنت و كۆتایی بە رووداوە مرۆییەكان بێنێت، كە خوودی مرۆڤ لەپشت هەڵێسانی ئەو رووداوانەوەن و كەجۆری جۆراوجۆری رووداوەكان خۆیان نمایش ئەكەن و بوون و بەردەوامیان بە قەبارە و زیانی گەورە هەژموونی خۆیان نواندووە.
3- بەردی تاقانە و جۆتە بەرد. ئەم شوێنە بەدووەم شوێن بەسێیەم شوێن دادەنرێت كەمەودایەكی درێژی هەیە بۆ ئەوەی شۆفێرەكان زۆر بەتیژ ڕەوی ئۆتۆمبیلەكان لێبخورن چەندین جار پێكدادان و بەریەكەوتن رووی داوە لەمانگی چواری ساڵی 1984ئوتۆمبێلێكی پیكاب نیسان بەڕەنگی سوور دوو سەرنشینی تیابوون كە خەڵكی رواندز بوون كەوتەنە ژێر (پردی چوارەم) كە بەپردی گەلی نیان و رووباری خەلیفان و باڵەكیان بەناوبانگە، یەكسەر وەرگەڕا و ئیستاش لەگەل بێ وونبوو چونكە ئەشكەوتە داتاشراوەكان قووتیاندا.
هۆكاری وونبوونی ئۆتەمبێڵەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە پێكهاتەی جیۆلۆجی بەردەكانی نێو رووبارەكە و تاشە بەردەكان نەرمن وپێكهاتەیەكی پەنیریان هەیە و زوو ئەتوێنەوە و توانای خۆڕاگرتن و بەرەنگاربوونەوەیان لەهەمبەر تیژڕەوی رووبارەكە نییە، كە دۆڵەكە زۆر لێژە و حەوزی كۆكردنەوەی رووبارەكەش زۆر بەرفراون و بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەم حەوزە كەوتۆتە ژێر هێڵی بۆڕانەكانی دەریای سپی ناوەڕاست بۆیە زۆرترین ریژەی باران ئەبارێ و زۆرترین ریژەی ئاو بۆ رووباری گەلی عەلی بەگ دابین ئەكات ئەمەش بۆتە هۆكارێ بۆ زۆریی و خێرایی رووبارەكە و دروستكردنی دیاردەی جیۆلۆجی لە نێو رووبارەكەدا، لەروانگەی خێرایی رووبارەكەدا، دەتوانین لەخوودی خێرایەكەی باسی سێ هێزی رووبار بكەین، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1-هێزی یەكەمی رووبار لەلای سەرەوەی رووبارەكەیە و زۆر هێواش و لەسەرخۆیە و توانای رامالین و زەفەر بردنی بەهیچ شتێكەوە نییە، تەنها ئەو شتانە نەبێ كە سووك و پر هەوان بەسەر ئاوەوە گوزەر ئەكەن بەڵكو چارەنووسی هەموو شتێك كە ئەكەوێتە نیو رووبار هیزی ژێرەوە و ناوەندی تەحەكوومی بەسەرەوە ئەكات و لوولی ئەدات تاكو ئەو شوێنەی ئەبات كە رووبارەكە هێز و توانای خۆی لەدەست ئەدات و دەرەقتی ناییت و یاخوود لە شوێنێك گیر ئەبێ و بەناچاری وازی لێ دێنێ.
2-هێزی دووەمی رووبار لەناوەراستی رووبارەكەدایە و نەزۆر بەهێزە و نەزۆر هێواشە بەڵام تاك تا ڕاددەیەك هەستی پێ ئەكات ئەم هێزە بەزۆری بەرناوقەدی تاكەكان ئەكەوێ، كاتی بەركەوتنی لەگەل رووبارەكە ئەكەوێ بەزۆری ئەو كەسانەی بۆ مەلەوانیكردن روودەكەنە رووبارەكان و یاخوود دەیانەوی لە رووبارەكە بپەڕنەوە زۆر جوان هەست بەم دیاردەی هێزەكە ئەكەن.
3-هێزی سێیەمی روووبار، لە ژێرەوەیە و تەوژمی زۆر زۆر خێرایە و بەر قاچەكانی مرۆڤ ئەكەوێ كە زۆر جار كۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات بەهۆی ئەم هێزەوە،هەموو بەرد و دار و چەو و لم، ئەم هێزەی رووبار بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی خۆیەوە، لێی بەرپرسیارە، قورسایی وێرانكاری و ڕاماڵێن تەفرووتووناكردنی هەموو شتەكانی ژێرەوەی رووبارە هەر ئەم هێزە لێی بەرپرسیارە و زۆر بەقوولی زەفەر بەهەڵتەكاندن و تواندنەوەی بەردەكان ئەبات و ئەشكەوت و چاڵ و كەند و قوولی زۆر دژوار لەبن خەرەندەكان دروست ئەكات و گومانی زۆریش بۆ ئەوە ئەچێ ئەو ئەشكەوتەی ئۆتۆمبیڵەكەی سالی 1984ئەشكەوتەكانی ژیرەوە و قووتی دابێت و ببێتە بەشێكی دانەبڕاو لەباوەشی ئەشكەوتەكان.
4-لۆفەی هاوینەهەواری چڵ كەزی،ئەم هاوینە هەوارە كەوتۆتە ئەوبەری رووبارەكە پالی بەبناری چادەی بێخاڵەوە ناوە، بۆیە پێی ئەلێن چڵ كەزی چونكە تاڤگەكانی بەشێوەی كەزی هەڵكەوتوون و هاوشێوەی كەزی ئافرەتان شۆڕبۆتەوە و هەر ئەم خەیاڵەشە خۆی سەپانددوە بەسەر شوێنەكە و نزیكەی چل كەزی ئەبن لەم تاڤگەیە لەنێو سریشمەییەكان بەتایبەتی گوندیەكانی قەدیم هەر بەو ناوە ناسراوە و كانیاوەكەشی كە ئاو بۆ تاڤگەكان دابین ئەكات بە(كانییا میر)ی دێتەناساندن، ئەم هاوینە هەوارە،بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەكانی ماران-ەوە، نییە، بەلكوو سەربەخۆیە كە 150 مەترێك لەكانی مارانەوە دوورە،چونكە هاوینەهەوارێكی سەربەخۆیە و لەدام و دەزگاكانی راگەیاندیش بەهەڵە هەر بە كانی مارانەوە ناسراوە. بەڵام لەنێوانیاندا كە چەمانەوەی لۆفەكە دەست پێ ئەكات بەهۆی تیژ ڕەوی شۆفێران كارەسات دروست ئەكات و ئەوەی لەبیرمە چەندین كارەسات و مەینەسات لەم لۆفەیە روویداوە چ بە وەرگەڕان بێ چ بە مەلەوانیی كردن بێ پێنج حاڵەتی مردن لەپانتایی هەشتایەكان لەم شوێنە بوونی هەبووە، لە 1992 كچێكی بچووكی سرێشمە لەم شوێنە خنكاوە، لەساڵی 1996پێشمەرگەیەكی خەڵكی بادینان كە سەربە كۆمەڵگای زۆرە ملێی كۆرە گاڤانا بوو، لەم شوێنە خنكاوە بە ناوی (رزگار)، لەساڵی 2025گەنجێكی تاقانە كەخەڵكی خەلیفان بوو هەر لەم شوێنە خنكاوە، لەم هەفتیەیەش كارەساتێكی وەڕگەرانی ئۆتۆمبیل سێ قوربانی لێكەوتەوە، تاكو ئێستاش چارەنووسیان بێ سەرو شوێنە.
هۆكاری روودانی رووداوەكان،بوونی تیژڕەوی و نەبوونی دیواری پشتیوانی و كامێرا و خراپ وەستانی ئۆتۆمبێڵەكانی گراجی كانی ماران و هەندێ جاریش تیژڕەوی شۆفێران و سەركێشی ئەوان بەرپرسە و نەبوونی تەڵبەند بەكەناری رووبارەكەش بۆ ئەوەی گەنجەكان لەكەنارەكان نزیك نەبنەوە بۆ مەلەوانیی كردن،زۆرینەی جاریش
ئۆتۆمبێڵەكان هاوكار و یارمەتی یەكتری نادەن بۆ ئەوەی هاوكاری كەسی هەلەكار بدات تاكو رزگاری بكات چونكە هەلە بەهەلە تەواو نابێت بەڵكوو جوانی و میهرەبانی وگەورەیی بەهانای یەكتریەوە ئەچێت.
5-لەنێوان كانی ماران و قەبری كەلێ، بەزۆری ئەو كارەساتانەی روویداون بە دووشێوە بوونی هەبووە، كە ئەمانەی خوارەوەن:
5-1- خەڵكی ناوچەكە و گەشتیاران وەرزی هاوین روو ئەكەنە قەراغی رووبارەكە بۆ مەلەكردن و ماسی گرتن و سەرگەرمكردن، زۆرترین رێژەی خنكاندنی گەنجان و لاوان بەزۆری لەو شوێنە بووە، لە هەشتاكانەوە تاكو ئێستا نزیكەی پانزە كەس بووە،هۆكاری رووداوەكانی خنكانیش بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەگەرێتەوە،نەبوونی تەڵبەند بۆرووبارەكە و نەشارەزایی سەردانیكەران دەربارەی قوولی رووبار و تیژرەوی و بوونی بەردی زۆر تیژ كاتی مەلەوان چیەكانی سەراوسەر شۆڕئەبنەوەی بۆنێو گۆماوەكان تووشی بەركەوتنی ئەم تیژە بەردانە ئەبن وكاسەی سەریان ئەتەقێ و گیان ئەسپێرن ونەبوونی پۆلیس-ی تایبەت-یش بەخوودی رووبارەكان و هێما و نیشانەكانی هاتووچۆ كەمن بۆیە توانای دروستكردنی هێزی چڕبوونەوەیان بۆ بابەتەكە نییە بۆ ئەوەی تاك سەرنج و تێبینیەكانی لە مێشك بچەسپێ و خۆیان بپارێزن.
5-2-لەروودانی پێكدادانی ئۆتۆمبیڵەكان رێك لە گەرووی قەبری كەلێ روویانداوە، بەدووەم شوێندادەنریت بۆروودانی كارەساتی بەریەككەوتن هۆكاری روودانی رووداوەكان، بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەگەڕێتەوە:
لەتەك شوێنگەی قەبری كەلێ كە حكومەت هەندێ جوانكاری و نوانی دانیشتنی بۆ دروستكردووە لەگەل دوو پەیكەری كەو لەو شوێنەدا، بەرزایەكی بچووك بەدی ئەكرێ كە لەشێوەی گەروودایە و كارەسات و رووداوەكان لەم شوێنە پلەی دووەمی لەنێو گەلی عەلی بەگ وەرگرتووە، بەدەیان جار رووداو لەم شوێنە روویانداوە، هۆكاری روودانی ئەم رووداوانەش بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەگەڕێتەوە:
نەبوونی كامێرای بەردەوام و بەرزی لەشوێنەكە هەیە و سەركێشی و سەرگەرمی شۆفێران، بۆچارەسەركردنی ئەم كارەساتانەش لەم شوێنە، پێویستە لەسەر حكومەت ئەم نیمچە بەرزایە نەوی بكات و بە لابردنی دوو مەتر قوول و بەدرێژایی 150 مەترێك خۆل كۆتایی یەكجارەكیی بەو رووداوانە دێت.بەماوەیەكی كەم بەهێنانی ژمارەیەكی زۆری ئامێرەكان ئەتوانن بەماوەی پانزە رۆژ كۆتایی بەو گرفتە بێنن.
6-شوێنی یەكگرتنەوەی رووباری باڵەكیان و بێخاڵ. ئەم شوێنە مەترسێكی بەهێزی هەیە سەرچاوەی مەترسییەكەش بوونی دوو هێزی جیاوازی رووبارەكانە كە یەكدەگرن و هەرچی بێتە ناویانەوە لوولی ئەدەن و زۆر بەزەحمەت مرۆڤ ئەتوانێ خۆی لەدەستی تەلەی ئەم دوو هێزە رزگار بكات، بۆیە دەبێتە قۆچی قوربانی و گیان بەهێزی رووبارەكان ئەسپێرێ. هەر لەم شوێنەدا بەدەیان كەس خنكاون، گەنجێكی سرێشمە بەناوی (كارزان كەمال) كەپێشمەرگە بوو، لەكاتی ئەرك خنكا.هۆكاری رووداوەكان ئەمانەن: نەبوونی تەڵبەندی دڕكاویی بۆ كەناری رووبارەكە و سەختی كەناری رووبار بۆ حاڵەتی فریاكەوتن و قوولی شوێنەكە و دووری تیمەكانی فریاكەوتن.
چارەسەر و پێشنیارەكان بۆحكومەتی كوردستان
1-دروستكردنی دیاوری كۆنكریتی سەلامەتی بۆهەموو گەلی عەلی بەگ.
2-دروستكردنی پەرژینی سەلامەتی بەشێوەی تەڵبەند كە زۆر تووند و دڕكاوی بێت بۆئەوەی هەموو ئەو شوێنانەی خەڵكی رووی تێدەكەن بۆ كات بەسەر بردن و مەڵەكردن.چونكە خەڵك پابەندی سەلامەتی گیانی خۆیان و ڕێگاوبانەكان نابن.
3-دانانی دینگە و بەربەستی سەلامەتی بۆ هەموو پردەكان بۆ هەر پردێ چواربەربەست لەلای پێشەوەی لێوی پردەكان دابنرێت بۆ ئەوەی رێگە لەبەریەككەوتن بگرێت و پردەكان تووشی داڕمان و وێرانكاری نەبات.
4-هەڵواسینی تۆڕ یاخود مووشەبەك بەلێواری پردەكان بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەتوانێ لە نێو كەلێنی پردەكان نزیك ببێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر پردەكان خۆیان فڕێ ئەدەنە خوارەوە بەمەبەستی سەركێشی كردن و خۆدەرخستن بۆ مەلەكردن یاخود خۆ كوشتن كە تەنها یەك حاڵەتی ئینتیحاری بوونی هەبووە، لەسەر پردەكان كەخۆیان فرێ داوەتە خوارەوە و كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
5-دروستكردنی دووساید لەو شوێنانەی كە لەباروگونجاون.
6-دانای كامێرای چاودێری بۆ پانتایی قۆچەكان لە نێوان پردی یەكەم و قەپان، بەردی بازنان و راستە ڕێگای تاڤگە و پردی رووباری خەلیفان و باڵەكیان و هەتا هاوینەهەواری چڵ كەزی و لە كانیی ماران هەتا قەبری كەلێ، رێژەی پێكدادان و رووداوەكان كەم ئەكاتەوە. چونكە رووداوەكان مرۆین لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەپشت ئەو رووداوەكانن.

مزهفهر سرێشمهیی