خانمە هونەرمەندی مەغریبی سیهام شرات بۆ گوڵان:سینەما ئافرەت دەخاتە بەردەم تەحەددا و گەیشتن بە پێگەی مرۆڤبوون
دابڕان لە دنیای هونەر هەمیشە كۆتایی نییە، بەڵكو زۆرجار وێستگەیەكە بۆ كۆكردنەوەی وزە و گەڕانەوەیەكی بەهێزتر. «سیهام شرایت» خانمە ئەكتەری ناوداری مەغریبی، نموونەی ئەو ئیرادە بەهێزەیە، ئەو دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاستەنگ كە ناچاریان كرد بۆ ماوەیەك لە گۆڕەپانەكە دوور بكەوێتەوە، ئێستا بە دیدگەیەكی قووڵ و پڕۆژەی داهێنەرانەوە هەنگاو دەنێتەوە نێو جیهانی ڕەنگینی سینەما و دراما.
*بەراورد بە ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوو سینەما و دراما چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتووە ؟
-سینەما لە گەشەسەندنێكی دیار و بەرچاودایە، هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم لە ڕووی كوالێتییەوە، بەجۆرێك گفتوگۆكردن لەسەر بابەتەكان و شیكردنەوەیان و پێشكەشكردنی بۆ وەرگر بە ئازادی و تێگەیشتنێكی زۆرەوە ئاسان بووە، هەروەها ئاستی تەكنیكەكانی بەكارهێنراو لە پێشكەشكردنی ئەوەی بەرجەستەیە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە كارە هونەرییەكانی مەغریبدا ڕوون دەردەكەوێت.
*ئایا سینەمای مەغریبی توانیویەتی ئازارەكانی ئافرەتی مەغریبی بە شێوازی خوازراو بگەیەنێت؟
-باسی ئازارەكانی ئافرتانی مەغریب ناكەم، ئافرەتی مەغریبی شانبەشانی پیاوی مەغریبی توانیویەتی لە زۆر بواردا بەبێ تەحەددا خودی خۆی بەدەست بهێنێت. كەم كەس تووشی ئەم ئازارە دەبن، كە تا ئێستاش بەهۆی پەروەردەیەكەوە زیندانی كراون، كە ڕەنگە نەیتوانیبێت لە كۆتوبەندەكانی ڕزگاری ببێت. سینەما لە سەردەمی ئێستادا، كاتێك ئافرەت لە بەرهەمێكدا دەخاتە ڕوو، دەیخاتە بەردەم تەحەددای زاڵبوون بەسەر مەحاڵ و سەركەوتن و گەیشتن بە پێگەی مرۆڤبوون، جیا لەوەی مێینەیی خۆی دەخاتە بەردەمیان.
*كێشەیەكی دیاریكراو هەیە لە بواری مافەكانی ئافرەتانی مەغریبدا كە لە كارەكانتدا گرنگیی پێ دەدەیت؟
-من كارەكانم سنووردار ناكەم بۆ بواری مافەكانی ئافرەتان، ئەوەندەی باس لەوە دەكەم كە چی ڕێگری لە مرۆڤ دەكات لە بوونی مرۆڤدا، جگە لەوەی كە نێرە یان مێیە، چونكە لای من كاتێك ئەو گرێیانە هەڵدەوەشێنینەوە كە ئیستیفزازی مرۆڤایەتیمان دەكەن، ئێمە هەموو ئەو كەمئەندامی و سەركوتكردنانە دەكوژین كە ململانێ لە نێوان مرۆڤەكاندا دروست دەكەن باس لە هیوای ژیانێكی جوانتر دەكەم، باسی چاكە و خراپە دەكەم، باس لە سەربەخۆیی دەكەم و ئافرەتان تەنیا بەشێكن لە هەموو ئەمانە، ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان، من ئافرەت ناخەمە قەفەسی ئازارەوە، چونكە وەك كەسێكی بەهێز و هەڵگری چەندین تەحەددا دەیبینم و دەبێت درك بە هێزی خۆیان بكەن و هەست بە هێزی خۆیان بكەن لە هەموو شتێكدا كە دەوریان داوە.
*لە نواندندا كێشەی سیناریۆ هەیە؟
-من بەو شێوەیە نابینم كە كێشە لە سیناریۆدا هەبێت ئەوەندەی من دەبینم كە بابەتگەلێك هەن هەندێك جار مەرجی وەرگرەكە ناگرێتەوە، كە ئاواتەخوازە هاوشێوەی ئەو بن و باس لە نیگەرانییەكانی دەكات، كەسێك هەڵگری شیكارییەكی ورد بێت كە لە ڕۆحی وەرگرەوە نزیكە، وا دەكات هەست بكات بە كولتوور و ئایین و نیگەرانییەكانیەوە قسەی لەگەڵ دەكات و پەنجە دەخاتە سەر كەموكوڕییەكان.
*كەسانێك سینەمای مەغریب تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە بە ئەنقەست ئافرەتان وەك جەستە پیشان دەدەن، بەبێ ئەوەی گرنگی بە ناوەڕۆكی هونەری بدەن، وەڵامتان چییە بۆ ئەو تۆمەتانە؟
-پێم وانییە ئەم بوختانكردنەی جەستە بەشێك بێت لە زمانی گێڕانەوە، تەنیا دەبێت دروستكەر لە بابەتێكی گونجاودا مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەمە لەلایەك لە لایەكی ترەوە چۆن دەتوانین تەنیا باسی ئامرازێك بكەین بۆ سەركەوتن لە جەستەدا ناشیرینی دەبینین، لە ناشیرینیشدا جوانی دەبینین، من ئەو كەسەم كە جەستە بە ڕووتی قبوڵ ناكەم.
*هۆكار چییە بەشێكی زۆری هونەرمەندان تەنیا گرنگی بە دراماكانی مانگی ڕەمەزان دەدەن؟
-كاتێ درامای تەلەفزیۆنیی وەرزی ڕەمەزان كاریگەریی لەسەر هونەرمەند دەبێت، ئەوەندە بەس نییە كە داهێنەر بێت و بدرەوشێتەوە و هەموو وزەی ناو خۆی دەربخات، هونەرمەند هەستێكی هونەریی هەیە كە دەبێت لەگەڵیدا بگونجێت، ئەگینا لە ناو جەستەیدا گیری خواردووە، هونەرمەند وەك یاریزانێكی تۆپی پێیە، ئەگەر تۆپەكە نەبات و نەیگەڕێنێتەوە، هیچی پێ نادات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەكەم سەیری هونەرمەندان بكرێت.
*پێوەرەكانی كاری باش چین؟
-من دەردەكەوم و ون دەبم، چونكە ئەمە كارێكی جوان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەندێك جار دیارنەمان بە ئارەزووی خۆمە و هەندێك جاریش پێچەوانەی ویستی منە، بەتایبەتی نەبوونی كار كە لەم دواییانەدا ڕووی داوە.
بۆ ئەوەی درۆزن یان ڕووكەش نەبین، پێموایە لە سەردەمی ئێمەدا و ئەوەی كە لە بواری سینەما و درامادا هەستی پێ دەكرێت، ئێمە هێشتا دوورین لە سەپاندنی مەرجە سەرەتاییەكانی هونەرمەند، هەندێك مەرج هەیە، بەڵام ئەوان تەنیا وەك مەرجێك دەمێننەوە كە بەهێز نین.
*ئایا هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات مافەكانی خۆیان بەدەست هێناوە؟
-هەر كارێك هونەرمەند ئەنجامی بدات، پێویستە لە هەموو ڕوویەكەوە لێی ورد ببێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دۆخێكی باشدا كار بكات، وەك دەزانین پاداشتەكە گرنگە، چونكە هونەرمەند بەوەی لە هونەرەكەیەوە دەستی دەكەوێت، بژێوی ژیانی پەیدا دەكات، ئەمەش مافی خۆیەتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، پێم وایە هێشتا هونەرمەند تەواوی مافە یاساییەكانی وەرنەگرتووە، بەو پێیەی زۆر شت دەكاتە قوربانی.
