پ.د. ئەحمەد بالیسانی پسپۆڕ لە فیقهی بەراوردكاریی نێوان مەزهەبەكانی ئیسلام: كوردایەتیی ڕاستەقینە لەسەر دەستی زانا ئایینییەكان و مەلاكان دەستیپێكرد و گەشەی سەند

پ.د. ئەحمەد بالیسانی  پسپۆڕ لە فیقهی بەراوردكاریی نێوان مەزهەبەكانی ئیسلام:  كوردایەتیی ڕاستەقینە لەسەر دەستی زانا ئایینییەكان و مەلاكان  دەستیپێكرد و گەشەی سەند

 

 

پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەحمەد محەمەد تەها بالیسانی، یەكێكە لە كەسایەتی و ئەكادیمی و زانا دیارەكانی كوردستان. خاوەنی چەندین پەرتووك و توێژینەوەی زانستییە لە بوارەكانی فیقهـ، زانستە شەرعییەكان، و لێكۆڵینەوە ئیسلامییەكان. لە خانەوادەیەكی زانستدۆست و دیندار و كوردپەروەر پێگەیشتووە و سەرقاڵی تەدریس و پێگەیاندن و كاری بانگەوازی بووە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایە و بڕوانامەكەی لە فیقهی بەراوردكارییە لەنێوان مەزهەبەكان، هەروەها خاوەنی بۆچوون و شرۆڤەی تایبەتە لەسەر مێژووی كورد و لە زانكۆكانی بەغدا، هەولێر، كۆیە و وڵاتی یەمەن وانەی وتووەتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر پەیوەندنی نێوان ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كۆمەڵگەی كوردستان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ساز كرد.

 

* مەلا و زانایانی ئایینی لە كوردستان، بە درێژایی مێژوو نەك هەر ڕێبەرێكی ئایینی، بەڵكو چرای ڕووناككەرەوەی هزری نەتەوەیی بوون. ئایا چۆن دەڕواننە ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لە نێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لە لای زانایانی كورد هەبووە؟

 - بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان. ئەگەر بە وردی لە مێژووی ئەم نیشتمانە ورد ببینەوە، دەبینین چەمكی نیشتمانپەروەری لە كۆمەڵگەی كوردیدا لەسەر دەستی زانا ئایینییەكان و مەلاكان چەكەرەی كردووە. لە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، مەلا مستەفا بارزانی تا دەگاتە ڕەچەڵەكی دوورتری پێشەنگان، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی خەباتیان بۆ ئەم خاكە كردووە، مامۆستای ئایینی و خاوەن عەمامە بوون. ئەوان بە شیعر و ئەدەب و هەڵوێستەكانیان، گیانی كوردپەروەرییان لە ناو جەماوەردا بڵاوكردەوە. كەواتە مامۆستایانی ئایینی پێشەنگی ڕاستەقینەی كۆمەڵگە بوون و نەتەوەیان فێری نیشتماندۆستی كردووە. بەڵام جێگەی داخی قووڵە، ئێستا كەسانێك هاتوونەتە پێشەوە و بانگەشەی نیشتمانپەروەری دەكەن، كە تەنیا لە بەرژەوەندیی شەخسی خۆیانەوە سەیری «كوردایەتی» دەكەن. ئەوان تەنیا تا ئەو شوێنە كوردن كە سوودێكی تایبەتییان تێدا بێت، ئەگەر بەرژەوەندییان نەمێنێت، كوردایەتیش فەرامۆش دەكەن. ئەو پێشەنگایەتییەی پێشتر لەسەر بنەمای ئیمان و ئیسلامەتی بونیاد نرابوو، توانیبووی دابونەریتی كوردی بپارێزێت، چونكە كولتووری ئێمە و ئایینەكەمان ئاوێتەی یەكتر بوون.

ئێستا دەبینین هەندێك لایەن دەیانەوێت شوێنی ئەو مامۆستا و زانایانە بگرنەوە و داوای نیشتمانپەروەرییەكی عەلمانی «سێكۆلار» و بێ دینی دەكەن. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: چ پەیوەندییەك لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و هەستی نەتەوەییدا هەیە؟ مەگەر دەبێت مرۆڤ حەتمەن بێ دین بێت، تا نەتەوەیی بێت؟ هەندێك تاقم لە ناو بزووتنەوەی كوردی، بەتایبەت لە ناوچەی خۆشناوەتی و دەوروبەری، ئایدیۆلۆژیای «ماركسی»یان بڵاودەكردەوە، لە كاتێكدا كورد زیاتر لە ١٣٠٠ ساڵە موسڵمانە و شوناسی لەگەڵ ئیسلامدا یەكتری گرتووە. بۆچی دەتانەوێت ئەم گەلە لە ئایینەكەی دابماڵن و دابونەریتی «ئەورووپی و ئەمریكی» تێكەڵی كولتوورەكەمان بكەن و شوناسی ڕەسەنی كورد بشێوێنن؟ چ پەیوەندییەكی مەنتقی لە نێوان ماركسییەت، یان عەلمانییەت و كوردایەتیدا هەیە؟

كوردایەتیی ڕاستەقینە لە ناو ڕەحم و جەرگەی دیندارییەوە لەدایك بووە. ئیسلام بۆ ئێمە خێری دنیا و قیامەتی تێدایە. باوكم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە كۆنفڕانسێكی پارتیدا لە ناوچەی قەرەچۆغ لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٦٤، بە بەڵگەی قورئانی ئیسپاتی كرد كە كورد خاوەنی ئەم وڵاتەی خۆیەتی و دەبێت وەری بگرێت. كاتێك ئیمپریالیزم هات و وڵاتانی ناوچەكەی دابەش كرد، میراتی نەتەوەیی بە هەموو قەومییەتەكان درا، تەنیا كورد بێبەش و مەحرووم كرا. ئێمە تەنیا داوای مافی شەرعی و میراتی مێژوویی خۆمان دەكەین. ڕاستی ئەوەیە هیچ كام لەو كەسانەی خاوەن ئایدیۆلۆژیای جیاوازن، نەیانتوانیوە بەو هێز و گەرموگوڕییەی مامۆستایانی ئایینی، بەرگری لە مافە ڕەواكانی نەتەوەی كورد بكەن.

 *  مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان پڕە لە ناوی ئەو زانا ئایینییانەی كە لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگایەتیدا بوون، تەنانەت بەشێكیان مەشقپێكەری پێشمەرگە بوون و لە مزگەوتیش پەیامی دیندارییان دەگەیاندە خەڵك، ئەم تێكەڵبوونەی «محراب و سەنگەر» چ پەیامێكی گرنگی بۆ نەوەكانی ئێستا تێدایە؟

- پەیوەندیی نێوان نەتەوەییبوون و ئایین، لەسەر بنەمای جیاكاریی نێوان «ماف» و «پرانسیپ» بنیاد نراوە. قەومییەت، یان نەتەوەییبوون، ئایدیۆلۆژیا نییە. پرانسیپ بریتییە لە دیدگایەكی گشتگیر و قووڵ بۆ گەردوون، مرۆڤ و ژیان. ئیسلام نموونەی باڵای ئەم پرانسیپەیە، كاتێك قورئان دەخوێنینەوە، تێدەگەین كە ئەم گەردوونە بەدیهێنراوێكی خوداییە و مرۆڤیش تێیدا بێ ئامانج نییە، وەك دەفەرموێت: (أَيَحْسَبُ الْإِنسَانُ أَن يُتْرَكَ سُدًى). خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە بەرنامەیەكی ڕوونی بۆ ژیان ناردووە، تا ببێتە ڕێڕەوێك بۆ فەلاحەت لە دونیا و گەیشتن بە بەهەشت لە قیامەتدا. واتە بڕوابوون بە غەیب، شەریعەت و سیستەمێكی هەمەلایەنە بۆ ژیان.

لە بەرانبەردا، نەتەوەییبوون لە هیچ گۆشەیەكی ئەم جیهانەدا، نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا، وەك ئایدیۆلۆژیا ناناسرێت، بەڵكو تەنیا «ماف»ـە. مافی سرووشتیی منە بە كوردی بدوێم، بنووسم، هەستی نەتەوەییم هەبێت و گەلەكەم خۆش بوێت. بەڵام مەترسییەكە لێرەدایە كە ئێستا ئەم مافە گۆڕدراوە بۆ پرانسیپێكی دەستكرد و ئایدیۆلۆژیای بێگانەی تێدا جێگیر كراوە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی مەعنەوییە و دەبێتە هۆی شێواندنی پێناسەی مێژوویی كورد و دوورخستنەوەی لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی.

ئەوانەی دەیانەوێت كورد لە شوناسە ڕاستەقینەكەی داببڕن و بیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بتپەرستیی پێش ئیسلام، تووشی جۆرێك لە پاشەكشەی فكری بوون. وەك چۆن عەرەب بە ئیسلامەوە بوونە خاوەن شوناس و شكۆ، كوردیش هەر بە ئیسلامەوە پێناسە دەكرێت. ئیسلام خودی ئینسانییەتە و هەر كەس لەم بازنەیە بچێتە دەرەوە، لە مرۆڤایەتی دەرچووە. گەڕانەوە بۆ پێش ئیسلام نەك پێشكەوتن نییە، بەڵكو كارەساتە. ئەركی ئێمەیە ڕوو لە پێشكەوتووترین پرانسیپ بكەین، كە تا ئێستا هیچ سیستەمێك نەیتوانیوە لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە لە ئیسلام باڵاتر و پێشكەوتووتر بێت.

* زانایانی ئایینی كوردستان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی دژایەتیكردنی زوڵم و داگیركاریی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بوون، بنەمای شەرعی و ئەخلاقیی ئەم ڕەتكردنەوەی ستەمە لە دیدی ئێوەوە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

 - ستەم و داگیركاری لە ناخی چاوچنۆكیی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن و پەیوەندییان بە ڕەگەز و نەتەوەوە نییە. هەر كردەوەیەكی داگیركاری بە هەموو پێوەرێك ستەمە. هێزە هاوپەیمانەكان و ئینگلیز لە دوای جەنگە جیهانییەكانەوە، بە داگیركردن و پارچەپارچەكردنی وڵاتان، گەورەترین تاوانیان دەرهەق بە مرۆڤایەتی ئەنجام دا. زۆرینەی ئەو وڵاتانەی باس لە سەربەخۆیی و گۆڕینی ڕژێمەكان دەكەن، هێشتا لەژێر هەژموونی سیاسی و ئابووریی ئەمریكا و ئەورووپادان. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئیرادەی گەلان زەوت كراوە و تەنیا ئەمریكایە كۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر جیهاندا هەیە، بۆیە زۆرێك لە بزووتنەوە ئازادیخوازەكان تەنیا لە ڕواڵەتدا ماون و بێ ناوەڕۆكن.

بە پێچەوانەی ئەم واقیعە، ئیسلام هەرگیز بۆ داگیركاری و تاڵانكردنی سامانی گەلان نەهاتووە، بەڵكو داكۆكیكاری ئازادیی مرۆڤ بووە. فتوحاتەكان لە پێناو گەیاندنی پەیامی خودا بوون، نەك چەوساندنەوە. ئیسلام پێش شەڕ، سێ بژاردەی (سوڵح، جزیە، یان جەنگ)ی دەخستە بەردەم گەلان. ئەوانەشی شەڕیان هەڵدەبژارد، دوای شكستیان دەبوونە «ئەهلی زیممە» و لەژێر پارێزگاریی دەوڵەتدا ئازادانە لەسەر ئایینی خۆیان دەمانەوە.

مانەوەی كەمایەتییە ئایینییەكانی وەك مەسیحی، جوو و درووز لە دڵی دیمەشقی پایتەختی ئەمەوییەكاندا، بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەو ئازادییەی ئیسلام فەراهەمی كردبوو. ئەگەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە زۆر خەڵكی بكردایە بە موسڵمان، ئێستا هیچ پەیڕەوكارێكی ئایینەكانی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەمان. ئەمە لە كاتێكدایە ئایدیۆلۆژیا مۆدێرنەكانی وەك شیوعیەت و بەعسیزم، هەموو هەوڵێكیان بۆ سڕینەوەی بەرانبەر و سەپاندنی بیروباوەڕی خۆیان بوو بەسەر خەڵكیدا. دروشمە بریقەدارەكانی ئەوان بۆ ئازادی تەنیا بانگەشەیە، چونكە تەنیا پاشكۆیەتییان قبووڵە، بەڵام ئیسلام بە كردەوە پڕانسیپی (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ)ی جێبەجێ كردووە و ڕێزی لە ئیرادەی مرۆڤ گرتووە.

 * دەوترێت «حوجرە» یەكەمین قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و پاراستنی زمانی كوردی بووە، هەمیشە وەك زانكۆیەكی خۆماڵی پەرەی بە هزری نەتەوەیی داوە. ئێوە چۆن گرنگیی حوجرە وەك ناوەندێكی پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و نیشتمانپەروەری هەڵدەسەنگێنن؟

- لە مێژووی كوردستاندا، حوجرە تەنیا ناوەندێكی ئایینی نەبووە، بەڵكو تاقە سەرچاوە و كانیی زانست، مەعریفە و ڕۆشنبیری بووە. لەو سەردەمەدا حوجرەكان بەو شێوازە كلاسیكەی كە لەگەڵ بارودۆخی ئەو كاتەدا دەگونجا، ببوونە ناوەندی خوێندنی زانستە هەمەجۆرەكان. لە حوجرەدا تەنیا دەقە ئایینییەكان نەدەخوێندران، بەڵكو زانستی فەلسەفە، عیلمی جەدەل و موناقەشە، تەنانەت فەلەكناسییش وانەی سەرەكی بوون. مامۆستایانی ئەو سەردەمە، وەك باوكم و شێخ عومەر بالیسانی (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت)، بە ئامێری ساكار و مۆدێلی گۆی زەوی، هێڵەكانی پان و پۆڕ و جووڵەی ئەستێرەكانیان بە فەقێكان دەوتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە زانستە ماددییەكانیش لەناو مزگەوتەكاندا جێگەیان ببووەوە.

بەڵام گرفتەكە لێرەدا بوو، ئەو زانستە ماددییانەی لە حوجرەدا بوون، وەك خۆیان مانەوە و پەرەیان پێنەدرا. لە كاتێكدا لە ئەورووپا، ئەو زانستانە كرانە بنەمای داهێنان و پیشەسازیی وەك شەمەندەفەڕ، فڕۆكە، ڕۆكێت و گەیشتنە سەر مانگ، لای ئێمە زانستەكان لە چوارچێوەی كتێبە كۆنەكاندا قەتیس مان و تووشی چەقەبەستوویی بوون. هۆكاری سەرەكیی ئەمەش بۆ پاشەكشەی دەوڵەتی ئیسلامی و سەردەمی داگیركاری (ئیستعمار) دەگەڕێتەوە. داگیركەران بە ئەنقەست حوجرەكانیان فەرامۆش كرد و هیچ پلان و مەنهەجێكی نوێیان بۆ پەرەپێدانیان دانەنا، بەڵكو لە بەرانبەردا «مەكتەب» یان قوتابخانەی مۆدێرنیان دامەزراند.

ئامانجی داگیركەر لە دروستكردنی قوتابخانە، گۆڕینی شوناس و «مەسخ»كردنی تاكی موسڵمان بوو. وەك ئەوەی قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (فَقُلْنَا لَهُمْ كُونُوا قِرَدَةً خَاسِئِينَ). ویستیان قوتابی لە پۆلی یەكی سەرەتاییەوە تا كۆلێژ بە جۆرێك پەروەردە بكرێت، كە بیری ئیسلامی و ڕەسەنایەتیی تێدا نەمێنێت، هەرچەندە وانەی ئایینیش هەبوو، بەڵام وانەیەكی وشك و بێ ڕۆح بوو، كە نەدەبووە هەوێنی گۆڕانكاری. لەلایەكی دیكەوە پێشان فەقێ كە دەچووە حوجرە، هیچ خەرجییەكی لەسەر ماڵێ نەبوو تا دەردەچوو، كەچی ئێستا لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندی و دواناوەندی و كۆلێژ، خەرجییەكی یەكجار زۆر دەكرێت، كەچی پێشان لە حوجرە زانای گەورە پەروەردە دەكرا، كەچی ئێستا لە قوتابخانەو زانكۆكانمان بەو شێوەیە نییە. لە حوجرە جگە لە دیوە ئایینییەكەی، دیوە زانستییەكەشی لە پێگەیاندنی ڕۆڵەیەكی پڕ زانست و نیشتمانپەروەر و كوردپەروەری پەروەردە دەكرد.

بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو ئاستەنگانەی بەردەم حوجرە، حوجرە توانی كەڵەپیاوی سیاسی و شۆڕشگێڕی وەك شێخ مەحموودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و مەلا مستەفا بارزانی پێبگەیەنێت.

 * زانایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە یەكدەنگی و گوتارێكی نەتەوەیی، بوونەتە قەڵای پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان لەڕووی مەعنەوییەوە. ئەم یەكگرتووییەی زانایان چۆن توانیویەتی ببێتە هەوێنی پاراستنی هەستی نەتەوەیی لە كوردستاندا؟

- «شعوور» بنەمای مرۆڤبوونە، هەر كەسێك كورد بێت، پێویستە شعووری كوردایەتی لە ناخیدا چەكەرە بكات، ئەمە بابەتێكی سرووشتی و خۆڕسكە. مرۆڤ بە (فیتڕەت) هەر چییەكی لێ نزیكتر بێت، لای خۆشەویستترە. سەرەتا ماڵی خۆت، پاشان هی براكەت، دواتر دراوسێ و خزم و عەشیرەت، تا دواجار ئەم سۆزە دەگاتە ئاستی نەتەوە. مرۆڤ نەتەوەی خۆی لە نەتەوەكانی دیكە پێ باشتر و ئازیزترە. مرۆڤ واتە «شعوور»، ئەگەر كەسێك لە تەك بەردێكدا ساڵانێكی درێژ بژی، (ئولفەت)ی لەگەڵ پەیدا دەكات و پێوەی دەبەسترێتەوە. ئەی چۆن دەبێت مرۆڤێك بە زمانی كوردی چاوی هەڵهێنابێت، لەناو كورداندا ژیابێت و هەموو زانست و مەعریفەیەكی بەم زمانە وەرگرتبێت، كەچی (ئولفەت) و پیوەندیی ڕۆحیی لەگەڵ نەتەوەكەی نەبێت؟ (شعوور)ی كوردی، واتە ژیانی كوردی لە نیشتمانی كورد و لای مامۆستای كورد. كاتێك مرۆڤ لەگەڵ بەردێكدا بێتە سەر وێژە، چۆن دەبێت لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆی بێگانە بێت؟

بەڵام ئەوەی ئەم شعوورە تێك دەدات، ئەو كەسانەن كە بە ناوی ئەم هەستەوە بازرگانی بە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوە دەكەن و نانی پێوە دەخۆن. لێرەدا شعوورەكە بریندار دەبێت و «ئیخڵاس» لە ناو دەچێت. كاتێك جیاوازیی نێوان «قسە» و «كردەوە» بە قەد عەرز و ئاسمان بێت، ئیتر خەڵك بڕوایان بە چەمكی كوردایەتی نامێنێت. تۆ خۆت كردووەتە ملیاردێر و هاوزمانەكەشت نانی نییە بیخوات، لێرەدا دروشمەكان بێواتا دەبن و بڕوا نامێنێت.

ئەم دابڕانەی نێوان گوتار و ڕەفتار، نەك هەر كوردایەتی، بەڵكو ئیسلامەتیشی لاواز كردووە. كاتێك دەبینین مەلایەكی (فەسیح) و (بەلیغ) لە وتارەكانیدا باس لە دین دەكات، بەڵام كردەوەی پێچەوانەی قسەكانیەتی، متمانە لە دڵی خەڵكدا دەمرێت.

*  زۆر جار زانایانی ئایینی كوردستان بە فەتوای دروست و سەردەمیانە بەرگرییان لە ماف و كەرامەتی ئافرەتی كورد كردووە. چۆن دەتوانن مێژوویەكی گەشی ئەم هەڵوێستانەمان بۆ باس بكەن؟

- یەكێك لە كێشە هەرە بنەڕەتییەكانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، تێنەگەیشتن و تێكەڵكردنی چەمكی «ماف» و «ئەرك»ـە. زۆرێك لە ئافرەتانی مۆدێرن، بە هۆی دووركەوتنەوە لە كرۆكی ئایین و نەخوێندنەوەی قورئان، وا دەزانن، ئیسلام مافەكانی لێ زەوت كردوون، لە كاتێكدا ئەگەر بە وردی لە پەیامی قورئان ورد ببنەوە، تێدەگەن كە هیچ ئایین و مەبدەئێك بە ئەندازەی ئیسلام ڕێزی لە شكۆ و كەرامەتی ئافرەت نەگرتووە. قورئان پانتاییەكی گەورەی بۆ باسی ئافرەتان تەرخان كردووە، لە ئافرەتە نموونەیی و پایەبەرزەكانەوە كە وەك پێغەمبەران مامەڵەیان لەگەڵ كراوە، وەك حەزرەتی مەریەم و خێزانی عیمران كە دەفەرموێت: (إِذْ قَالَتِ امْرَأَتُ عِمْرَانَ رَبِّ إِنِّي نَذَرْتُ لَكَ مَا فِي بَطْنِي)، تا دەگاتە باسی ئەو ژنانەی نموونەی خراپ بوون وەك ژنی نووح و ژنی لووت. ئەم گرنگیپێدانە نیشانەی بایەخی ئافرەتە لە دیدگای خودادا.

كێشەی گەورە لە پێناسە نەكردنی «ماف»دایە. بۆ نموونە، ئێستا كاركردنی دەرەوە وەك مافێكی ئافرەت نیشان دەدرێت، بەڵام ئایا كاركردن مافە یان ئەرك؟ ئیسلام بە گشتی فەرمانی بە كاركردن كردووە و دەفەرموێت: (وَقُلِ اعْمَلُوا). پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت ئەگەر مرۆڤ كۆڵەباریی بكات، باشترە لەوەی دەستی سوواڵ درێژ بكات، ئەمەش ژن و پیاو دەگرێتەوە. بەڵام كاتێك كاركردن وەك «ماف» بە ئافرەت دەفرۆشرێتەوە، لە ڕاستیدا «ئەرك»ێكی قورسی دەخرێتە سەر. كاتێك ئافرەت دەبێتە ئەندامی پەرلەمان یان وەزیر، ئەمە تەنیا نازناو نییە، بەڵكو بەرپرسیاریەتییەكی ٢٤ كاتژمێری و ماندووبوونێكی فیكری و جەستەیی زۆرە. لەگەڵ ئەوەشدا ئیسلام ڕێگری لەمە نەكردووە. بە پێچەوانەوە، ئیسلام ئافرەتی وەك «شاژن» تەماشا كردووە، واتە هەموو پێداویستییەكانی لەلایەن پیاوەوە بۆ دابین دەكرێت و پێویست ناكات خۆی لە دەرەوە ماندوو بكات. بەڵام مۆدێرنیتە بە ناوی مافەوە، ئەركی ماڵ و ئەركی دەرەوەشی خستووەتە سەر شانی ئافرەت، كە ئەمە لە ڕاستیدا ستەمە، نەك ماف. ئەگەر پیاوێكیش توندوتیژی بنوێنێت، ئەوە پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە، چونكە پێغەمبەر (د.خ) لە هەموو ژیانیدا دەستی لە هاوسەرانی بەرز نەكردووەتەوە و هەمیشە بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ كردوون. ئەو توندڕەوییەی دەبینرێت، بەرهەمی تێنەگەیشتنە لە ئایین و شارستانییەت.

لە ڕابردوودا، كچان ئاواتیان دەخواست ببنە هاوسەری مەلایەك، چونكە دەیانزانی مەلا شەرع دەزانێت و ڕێزی ژن دەگرێت. لە كاتێكدا ژنانی دیكە لەناو كێڵگە و زەوییەكاندا لەژێر تیشكی خۆردا خەریكی جووتیاری و ماندووبوون بوون. ژنی مەلا وەك «خاتوون» لە ماڵەوە بە ڕێز و حورمەتەوە دەژیا و هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین دەكرا. خەڵكی بە تانەوە دەیانگوت «مەلا لە ژنەكەی دەترسێت»، بەڵام ئەوە ترس نەبوو، بەڵكو جێبەجێكردنی فەرمانی خودا و ڕێزگرتن بوو لەو ناسكی و پێگەیەی كە ئیسلام بە ئافرەتی بەخشیوە. كەواتە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەكان، دەبێت سەرەتا سنووری نێوان ماف و ئەركەكان بناسینەوە.

* كوردستان وەك نموونەیەكی دەگمەنی پێكەوەژیانی ئایینە جیاوازەكان (موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و ئەرمەن و.. هتد) دەبینرێت، ڕۆڵی مینبەری مزگەوتەكان لە چەسپاندنی ئەم فەرهەنگی قبووڵكردنی یەكتردا چی بووە؟

 - ئەركی بنەڕەتیی زانایانی ئایینی، ئامۆژگاریكردن و ڕێنماییكردنی كۆمەڵگەیە بەرەو چاكە و تەبایی. ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت «پێكەوەژیان»، دەستكەوتێكی نوێی عەلمانییەت نییە، بەڵكو ئەوە عەلمانییەت بوو كە تۆوی دووبەرەكیی چاند و پێكەوەنەژیانی هێنایە ئاراوە. ئەگەر سەیری مێژووی دێرینی كوردستان بكەین، دەبینین پێكهاتە جیاوازەكان، بەتایبەت مەسیحییەكان، لەناو جەرگەی ئەم نیشتمانەدا بە ئاشتی ژیاون. لە هەولێر و عەنكاوە و شەقڵاوە و سۆران، مەسیحییەكان و موسڵمانان نەك هەر جیران، بەڵكو تێكەڵی یەكتر بوون و تەنانەت ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەبووە. لەو سەردەمانەدا، هیچ هەستێكی نەرێنی بەرانبەر ئەویتر نەبوو و كەس بە چاوی كافر و نامۆ تەماشای مەسیحییەكانی نەدەكرد، تا ئەو كاتەی بیری عەلمانییەت سەری هەڵدا.

لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی ڕابردووەوە، عەلمانییەت دزەی كردە ناو فیكری سیاسییەوە و دواتریش لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسمدا، لە ڕێگەی ڕادیۆ و میدیاوە دەست كرا بە زەقكردنەوەی ناوی پێكهاتەكان وەك: «الأكراد والآشوریون والأرمن والتركمان». ئەمە لە ڕواڵەتدا ناساندن بوو، بەڵام لە كرۆكدا جیاكردنەوەی خەڵك بوو لە یەكتر. ئێمە جاران هەموومان وەك یەك جەستە بووین، بەڵام عەلمانییەت هات و بە ناوی پێكەوەژیانەوە، سنووری لە نێوان دڵەكاندا كێشا و جیاوازییەكانی گەورە كردەوە. پرسیارەكە لێرەدایە: ئەگەر ڕەوشتی جوانی ئیسلام نەبوایە، ئەم كەمینانە چۆن ١٤٠٠ ساڵ بە سەلامەتی مابوونەوە؟ ئیسلام ئازادیی تەواوی پێ بەخشیون و كەنیسەكانیانی پاراستووە. گەورەترین نموونەش حەزرەتی عومەرە كە ئامادە نەبوو لەناو كەنیسەی قودسدا نوێژ بكات، نەكا ببێتە سوننەت و موسڵمانانی دوای ئەو دەست بەسەر مافی مەسیحییەكاندا بگرن، هەر بۆیە لە دەرەوە نوێژی كرد. زانایانی ئێمە دەبێت ئەم ڕاستییانە بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوە و نیشانی بدەن كە ئیسلام ڕاستەقینەترین چەتری تەبایی و پێكەوەژیان بووە.

* ئایا ئەركی زانایانی ئایینی چییە بۆ چاندنی گیانی نیشتمانپەروەری و چۆن دەتوانن پاراستنی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتە نەتەوەییەكان، وەك بەرپرسیاریەتییەكی باڵای شەرعی، ئەخلاقی و نەتەوەیی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان ڕوون بكەنەوە؟

 - مامۆستایانی ئایینی لە مێژووی گەلەكەماندا، هەمیشە پێشەنگ و هەڵگری مەشخەڵی نیشتمانپەروەری بوون. بڕوام وایە بناغەی هەستی نەتەوەیی لەناو مزگەوت و ناوەندە ئایینییەكاندا چەكەرەی كردووە، نەك لە لایەن توێژی ڕەوتە عەلمانییەكانەوە. ئەوە ئەهلی ئیمان بوون كە كوردایەتییان زیندوو كردەوە. بۆ سەلماندنی ئەمەش، تەنیا وردبوونەوە لە شیعرەكانی «قانیع» و «مەلای گەورە» بەسە. مەلا گەورەی كۆیە بە ڕاشكاوی دەفەرموێت: « منیش هەر وەكو غاندی – هەناسە سارد و ماندی لە قەومی كورد و هیندی – هەرچی خێر بوو نەماندی...» زۆربەی بەرهەمەكانیان هاواریان بووە دژ بە تەفرەقە و لێكترازانی كورد.

ئێستا كوردستان بە دەست زۆریی حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە دەناڵێنێت، كە ژمارەیان نایەتە ئەژمار. هەموو لایەك بە لۆژیكی «تەنیا من» كار دەكەن و ئەوی دیكە بە هیچ دەزانن و هەوڵی سڕینەوەی دەدەن. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: كوا بنەماكانی پێكەوەژیان و هەستی نەتەوەیی؟ مانیفێستی نەتەوەیی ئەوەیە كە لایەنەكان یەكتر قبووڵ بكەن، وەك وڵاتێكی دیموكراسی وەك ئەمریكا، كە هەر چوار ساڵ جارێك بە شێوەیەكی شارستانی دەستاودەستی دەسەڵات دەكەن. كەچی لێرە هەركەسەو دێت، دەیەوێت بە تەنیا و بۆ هەمیشە حوكمڕان بێت.

زانایانی ئایینی هەرگیز بەم دۆخە ڕازی نەبوون و هەمیشە بانگەشەی ئاشتییان كردووە، تەنانەت لە شەڕی نەگریسی ناوخۆی نەوەدەكاندا، كاتێك مامۆستایان هەوڵی ناوبژیوانانیان دەدا، سیاسییەكان پێیان دەگوتن: «بڕۆنەوە ماڵێ، ئەمە سیاسەتە و پەیوەندی بە ئێوەوە نییە!». ئایا كوشتنی برا لای سیاسییەكان ناوی سیاسەتە؟ خودای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ؟). بەداخەوە، نەبوونی بنەمایەكی ڕەوشتی و فیكریی پتەو (بێ مەبدەئی) وای كردووە كورد لە كاروانە نەتەوەییەكەییدا سەركەوتوو نەبێت.

 

Top