عێراق لە یەکتربڕینێکی دیکەدایە لەگەڵ میلیشیاکانی پشتیوانیکراوی ئێران- و واشنتۆن

عێراق لە یەکتربڕینێکی دیکەدایە لەگەڵ میلیشیاکانی پشتیوانیکراوی ئێران- و واشنتۆن

عێراق لە یەکتربڕینێکی دیکەدایە لەگەڵ میلیشیاکانی پشتیوانیکراوی ئێران- و واشنتۆن

Iraq Is at Another Crossroads with Iran-Backed Militias—and Washington

 

هەرچەندە پێویستە بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام بن لە فشارخستنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دژی ئەم گروپانە مامەڵە بکات، بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران پێویستی بە گەڕان بەدوای ئامرازی بەدیل بۆ فشارخستنە سەر و هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نیشانداوە.

لە ٢٨ی ئاداردا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، کە یەکێک بوو لەو سەدان هێرشەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئەمریکا، کوردانی عێراقی کردە ئامانج. هەروەها ئەم میلیشیایانە لەگەڵ پشتیوانە ئێرانییەکانیان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دەیان هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردە سەر ئامانجەکانی دیکەی عێراق، ئوردن، کوەیت و سوریا.

لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی وزە و دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەت لەخۆگرتبوو. لەناو شەڕەکاندا، کەتایبی حزبوڵڵا- گروپێکی تیرۆریستی کە ناسراوە لەلایەن ئەمریکا  وەک بەشێک لە هێزەکانی حشدی شەعبی پارە لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت- لە 18ی ئاداردا هەرەشەیەکی دەرکرد و داوای کرد ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا دابخات، دواتر وادەی خۆی درێژکردەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی ناوچەکە.

لە بەرامبەردا بەغدا هێرشەکانی سەر خاکی وڵاتەکەی ئیدانە کرد بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر یان لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی زۆربەی ئەم تاوانبارانە سەر بە کەتایب حیزبوڵڵای لوبنانن نەکرد، کە گرووپێکی تیرۆریستییە و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن ئەمریکاوە دەستنیشان کراوە. هەروەک چۆن لەگەڵ حزبوڵلا  لە لوبنان، تاران بریکارەکانی لەناو هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەریدا بەکاردەهێنێت بۆ تێوەگلانی عێراق لە ململانێکاندا.

لای خۆیەوە ئەمریکا هەڵمەتێکی ئاسمانی هاوئاهەنگ ئەنجام دەدات کە کارمەندان و سەروەت و سامانی هێزەکانی کۆکردنەوەی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج و پێدەچێت ئەم هێرشانە بۆ داهاتوویەکی نزیک بەردەوام بن. بەڵام دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران، واشنتۆن پێویستی بە دووبارە دانانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت کە بەرپرسانی عێراقی قبوڵیان کردووە، و تەنانەت پشتیوانیشیان لە هەژموونی بەردەوامی میلیشیا تیرۆریستییەکان لەناو دەوڵەتدا کردووە.

 

هێرشی نوێ، نەخشێکی ئاشنا

هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 دامەزرا، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سوپای عێراقی تێکشکاند و نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتی داگیرکرد. ئەم میلیشیایانە - کە زۆربەیان گروپە شیعەکان بوون - ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو لە وەرگرتنەوەی ئەو خاکە شانبەشانی هەڵمەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا. بەڵام کاتێک بەغدا لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، ئەم هێزانەی هەڵنەوەشاندەوە.

ئەمڕۆ ژمارەی ئەم میلیشیایانە زیاتر لە 238 هەزار چەکدارن و بودجەی ساڵانەیان لەسەر حکومەت بە 3.6 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە بەسەر زیاتر لە حەفتا کوتلەدا دابەشکراوە، لەنێویاندا گروپە تیرۆریستییە دیارەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستنیشانکراون، وەک عەسائیب ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا، و کەتائیب حزبوڵڵا. هەروەها ئەو پارتە سیاسیانەی کە ئەم گروپە چەکدارانە پێکهێنراون، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی دەسەڵاتدار لە عێراقدا بەشداری حکومەت دەکەن.

هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی ئێران، هێزەکانی  حەشدی سەعبی لە مێژە دژی بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق وەستاونەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩، دوو ساڵ دوای هاوکاریکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە شکستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، میلیشیاکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا. واشنتۆن چەندین جار تۆڵەی کردەوە و بنکەکانی ئەو هێزەی بۆردومان کرد و دەیان ئەندامی میلیشیاکانی کوشت. هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکا ماوەیەک تاڕادەیەک ئارامیی لێکەوتەوە، بەڵام ئەم میلیشیایانە بە تەواوی وازیان لە هەوڵە سەربازی و سیاسییەکانیان نەهێناوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا.

کاتێک حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، میلیشیاکان شەپۆلی نوێی هێرشی وەک هاوسۆزی لەگەڵ هاوپەیمانە ئێرانییەکەی لە غەززە دەستپێکرد. دوای چەند مانگێک، ئیدارەی بایدن لەگەڵ بەغدا گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ کشانەوەی ئەو هێزە سەربازییانەی ئەمریکا کە ماونەتەوە، کە لە بنەڕەتدا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی دژ بە داعش جێگیرکرابوون، بە ئامانجی گواستنەوە بۆ چوارچێوەی هاوکاریی دووقۆڵی تا کۆتایی ساڵی 2026.

هێرشەکانی هێزەکانی حەشد دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام شەڕی ئێران و عێراق نزیکەی ٣٠٠ ڕووداوی لەو جۆرەی لێکەوتەوە، لەوانە هێرشی خۆکوژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی لە بەغدا و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر. تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی زۆرێک لەم هێرشانەیان بە بەکارهێنانی سی ڕام (Cross-Rocket-Mortar) و هی تر.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕدا شەپۆلێکی توندتری هێرشەکانی بەرکەوتووە و زیاتر لە 500 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی تۆمارکراوە، کە لەلایەن ئێران و بریکارەکانی لە عێراقەوە دەستیان پێکردووە. بەشێک لەو هێرشانە دامەزراوەکانی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکان و بنکەکانی پێشمەرگەی کوردیان کردە ئامانج. بۆ نموونە کۆتایی مانگی ڕابردوو هێرشێکی مووشەکی بالیستیکی ئێرانی بووە هۆی کوژرانی شەش پێشمەرگە. بە گشتی هێرشەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دە هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی پانزە کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها میلیشیاکان چەندین جار پاڵاوگەی نەوتی لاناز لە نزیک هەولێر و کێڵگەی غازی سروشتی خۆر مۆریان کردۆتە ئامانج و بەرهەمهێنانیان پەکخستووە و کارەبای پچڕانی لێکەوتووەتەوە.

بەشەکانی دیکەی عێراقیش بێ بەش نەبوو. لە 16ی ئاداردا، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ تەقینەوەیان هۆتێل ڕەشیدیان لە بەغدا کردە ئامانج، کە شەش نوێنەرایەتی دیپلۆماسی تێدایە. چەند ڕۆژێک دواتر هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیاکان بارەگای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی کردە ئامانج و ئەفسەرێک کوژرا. وتەبێژی کەتایب حزبوڵڵای لوبنان بە تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی دەزگاکان بە خیانەت، پاساوی هێرشەکەی بۆ سەر حکومەتەکەی خۆی هێنایەوە: “زانیاریمان هەیە کە لەسەدا سەد ئەفسەرە کوردەکان [لە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق]... پەیوەستن بە [ئیسرائیلی] مۆساد و ئەمریکییەکان.”

ئیدارەی ترەمپ وەڵامی توندبوونەوەی هێرشەکانی حەشدی شەعبی بە هێرشی ئاسمانی دایەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنانەی ئەمریکا چەندین فەرماندەی باڵای حەشدی کردە ئامانج و بوو بە هۆکاری لاوازی، لەوانە وتەبێژی سەربازی بزووتنەوەی خورازم، فەرماندەی کەرتی ئەنبار و دوو ڕاوێژکاری ئێرانی بۆ میلیشیاکان. هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا فالح ئەلفەیاز سەرۆکی هێزەکانی حەشد لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە موسڵ کردە ئامانج، بەڵام هێرشەکە نەیتوانی ئامانجەکەی  بەدەست بهێنێت.

لەگەڵ ئەوەش کە زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕەکەدا تێدەپەڕێت، بەغدا هێشتا هەنگاوی کۆنکرێتی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە. ئەم بێکردەوەیە بەشێکی تێگەیشتنە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێزەکانی حەشد مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە بەئامانجگرتنی بەرپرسانی حکومەتی عێراق. کاتێک لە چاوپێکەوتنێکی ٢٢ی ئاداردا  پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا بەغدا دەتوانێت ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵ بکات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە وەڵامی دایەوە: “پێموانییە... ئەگەر ببێتە بابەتی کۆنترۆڵکردن  دەبێتە هۆی ململانێ، نازانم کێ هاوسەنگی سەربازیی هێزی بەدەستەوەیە- حکومەت یان حەشد”.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی، بە لەبەرچاوگرتنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت کە چاوەڕوان دەکرا درێژخایەن بێت کە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی نۆڤەمبەر، نەرمییەکی زۆری بەرامبەر بەو گروپانە نیشانداوە. دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی هاوبەشی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری و سوپای عێراق چەند ئەندامێکی میلیشیا کوژران، دەوترێت سەرۆکوەزیران بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکای بە ناوی جوشوا هاریس بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت. لە میانی کۆبوونەوەی دواتری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا- بە سەرۆکایەتی ئەلسودانی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی شیعەی سەر بە حەشد- میلیشیاکان رێگایان پێدرا کە بەرگری لە خۆیان بکەن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا.

رێنمایی سیاسەت

عێراق زۆر پێش شەڕەکە ڕووبەڕووی تەحەددای گەورە بووەوە و ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە. جگە لە وەستانی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی قەیرانی ئێرانەوە وەستاوە- کێشەیەکی گەورە لە وڵاتێکدا کە فرۆشتنی نەوت نزیکەی 90%ی داهاتی حکومەت پێکدەهێنێت و نزیکەی 62%ی دانیشتووانەکەی لە کەرتی گشتیدا دامەزراون. پێشتر زیاتر لە ساڵێک ئارامیی ڕێژەیی هەندێک پێشکەوتنی سەرەتایی لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانیدا بەدەستهێنابوو، بەڵام ئێستا عێراق تێوەگلاوە لە شەڕێکدا کە پێدەچێت هەر هەوڵێکی زیاتر لەم بوارەدا تێکبدات.

ساڵی ڕابردوو ئیدارەی ترەمپ چەندین جار فشاری خستە سەر بەغدا بۆ داماڵینی چەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ئەم تەرکیزە بەردەوامە یارمەتیدەر بوو بۆ ئاساییکردنەوەی گفتوگۆی چەکداماڵین لەنێوان هاووڵاتییان و بەرپرسانی عێراقی بە هەمان شێوە. بەڵام حکومەتی سودانی وەڵامێکی کەمی نیشاندا. جێگای سەرسوڕمانە کە بەغدا ماوەیەکی زۆرە کردەوەی دژ بەو گروپانە دواخستبوو، بەشێکی هۆکارەکەی ترسی پەرەسەندنی توندوتیژی فراوانتر بوو، بەڵام دەرئەنجامەکەی زیادبوونی توندوتیژی میلیشیاکان بوو بەرامبەر هەر عێراقییەک کە دژایەتی ئەجێندای ئەوان بکات. بەم شێوەیە عێراق زیاتر لە لوبنان دەچێت، و ئەگەر بەغدا بەم زووانە هەنگاو نەنێت، عێراقیش خۆی دەخزێنێتە ناو تەڵەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو.

لە کاتێکدا ئاماژەکانی ئەم دواییە بۆ کاریگەرییە بەرفراوانەکانی تاران لە عێراق- و ئەوەی وەک هاوبەشی بەغدا هەست پێدەکرێت- ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ هان بدات کە بیر لە کشانەوەی تەواوەتی لەو وڵاتە بکاتەوە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنێکی ناژیرانە دەبێت. بەڵکو واشنتۆن پێویستە فشارەکان لەسەر بەرپرسانی عێراق چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێن بەرامبەر ئەم میلیشیایانە بگرنەبەر، لە هەمان کاتدا گەڕان بەدوای ڕێگەی بەدیلدا بگەڕێت ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە دواخستنی چارەسەرکردنی ئەو پرسە. بۆیە پێویستە ئەمریکا کار بۆ

·       بە ئامانجگرتنی پارەی ڕاستەوخۆی حکومەت کە بەغدا بۆ میلیشیاکان دابینی دەکات، شتێکی چارەنووسسازە. لەم قۆناغەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی زۆر گەورە و کاریگەر بوون بۆ ئەوەی بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئامانجی پاڵنانی بەغدا بێت بۆ ئەوەی کێشەدارترین کوتلەکان بەدەر بکات. ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت پشتگیری لەم ڕێبازە بکات بە سەپاندنی سزا بەسەر هەموو بەرپرسانی حکومەتی عێراق کە ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکا دەدەن، وەک ئەسائیب ئەهلی حەق، حەرەکات حزبوڵڵا نوجەبا، حزبوڵای کەتایب و گروپەکانی دیکە.

·       کۆتاییهێنان بە کەناڵەکانی پارەدان ناڕاستەوخۆ بۆ میلیشیاکان زۆر گرنگە. لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمپانیای گشتی ئەلموهەندیس کە دامەزراوەیەکی بازرگانی گەورەی عێراقە و لەلایەن هێزەکانی حەشد کۆنترۆڵکراوە، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکرد. بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە کە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە گرێبەستە لاوەکییەکان بۆ گروپەکانی سەر بە ئەم کۆمەڵەیە، کە پارەیەکی بەرچاو دەگوازێتەوە بۆ حشد. ئەگەر بەغدا سزاکانی ئەمریکا پشتگوێ بخات یان لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام نەدات، ئەوا دەبێت واشنتۆن لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات.

·       هەڵسەنگاندنێکی دووبارە بۆ هاوکارییە ئەمنییەکان پێویستە. ئەمریکا ئاستێکی بەرچاو لە پشتیوانی ئەمنی بۆ عێراق دابین دەکات، لەوانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری دژە تیرۆر بۆ ساڵی ٢٠٢٦. بەڵام لەبڕی ئەوەی ئەم پارانە بۆ سنووردارکردنی گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران کەڵک وەربگرێت، زۆر زیاتر لە سەرچاوەکانی خۆی بۆ ئەو گرووپانەی تەرخان کردووە و ڕێگەی بە یەکەکانی سوپای نیشتمانی داوە کە بنکەکانیان لەگەڵ ئەواندا هاوبەش بکەن. حکومەت هەوڵە بەرچاوەکانی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییە سوننەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چڕکردووەتەوە، بەڵام ئێستا داوای لێدەکرێت ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە دژی گروپە تیرۆریستییە شیعەکانیش بگرێتەبەر- یان پێویستە هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا کەمبکرێنەوە یان کۆتایی پێبهێنرێت.

·       داوای پشتیوانیی مەرجداری عەرەبی. هەرچەندە بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی داوە، بەڵام حەشدی شەعبی لەم شەڕەدا لانیکەم سێ وڵاتیان کردۆتە ئامانج و لە هەندێک حاڵەتدا هێرشەکان لەو خاکەوە دەستیپێکردووە کە لەلایەن حکومەتەوە بە هەندێک میلیشیا دراوە. بەم پێیە پێویستە واشنتۆن فشار بخاتە سەر دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو بۆ ئەوەی هاوکاری و وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی لە عێراق ڕابگرن تا ئەو کاتەی حکومەت واز لە پشتیوانیکردنی ئەم گروپانە دەهێنێت.

 

 

(*)

نووسینی: ديفيد شينكر

و/ شێرکۆ حەبیب

Top