بۆ چى پەلامارى کوردستان دەدرێت ؟ ئێستا کاتى دەوڵەتبوون و سەربەخۆییە نەهاتووە ؟

بۆ چى پەلامارى کوردستان دەدرێت ؟ ئێستا کاتى دەوڵەتبوون و سەربەخۆییە نەهاتووە ؟



دۆزى گەلى کورد ، وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جیاواز لە هەموو کێشە و ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ، بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا و گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکەدا ، گەلى کورد بە بەش نەبووە ، لە هێرش و ئاگر و زیانەکان ، لەکاتێکدا خاک و نەتەوەیی کورد دوور لەویستى خۆى و بە هۆى چاوچنۆکى و بەرژوەندى زڵهێزان و دواتر لکاندنى زۆرە ملێی بە چوار دەوڵەتەوە و بەدرێژایی زیاتر لە یەک سەدە لە دابەشکردنى خاک و گەلەکەى هەر جارێک داگیرکەران و ناحەزان دەرفەت و پاساوێکیان بۆ ڕەخسا بێت بەهەموو توانا و جۆرە چەک و پیلانگێرییەک هەوڵى قڕکردن و سڕینەوە و لەناوبردن وڕیشەکێشکردنى مۆڕکى نەتەوایەتییان داوە ، لە کاتێکدا و مێژوویش گەواهیدەر لە رابردوو و نە لەئێستاشدا کورد ،گەلێکى ئاشتیخواز بووە و هەرگیز چاوى لەداگیرکردنى خاک و نەتەوەیەکى تر نەبووە ، بە روحێکى پێکەوەژیانى ئاشتیانە لەگەڵ هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان ژیانێکى ئاسوودە وسەقامگیرى بەسەر بردووە
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ، قۆناغى ئێستاى گۆڕانکارى و پێشتهاتە نوێیەکانى ناوچەکەیە ، چاوەروان دەکرێت نەخشەى سیاسى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆتایی بە نەخشە و پەیماننامە و ڕێککەوتننامەى پێشووترى سایکس پێکۆ بێت ، ئەوەش وایکردووە ، داگیرکەرانى کوردستان تووشى ترس ودڵەڕاوکێیەکى زۆر ببنەوە ، بەتایبەت شەڕى ئێستاى ئەمەریکاوئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ناوچەکەدا ئاماژەیەکى روون و ئاشکرایە بۆ گۆڕینى نەخشەى سیاسى ناوچەکە، بۆیە ئەوەش وایکردووە کە داگیرکەرانى کوردستان هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى ڕێگری بکەن لەوەى گەلى کورد بە ماف و خاکى داگیرکەراو و بە زۆر لکێنراوى بە هەر چوار دەوڵەتەکەوە بگرن
ئەوەتا لەگەڵ شەڕ و نائارامییەکاندا لەگەڵ ئەوەى گەلى کورد بەشێک نەبووە لە ململانێی وئاڵۆزییەکانى ناوچەکە ، کوردوکوردستان کەوتووە بە هێرش و پەلاماردانى داگیرکەران و میلیشیا و گروپە تیرۆریستى وەلائییەکانەوە لەکاتێکدا ، گەلى کورد وەک لەسەروە ئاماژەمان پێکرد ، خاوەن دۆزێکى رەوایە و بەهیچ شێوەیەک تێکەڵى جەنگ وململانێی و جەمسەر بەندییەکان نەبووە ، بۆیە داگیرکەران فشارە سیاسى و سەرباز و هەواڵگرییەکان و هەموو ئامرازێک دەگڕنەبەر بۆ ئەوەى کورد بە گۆشەگیرى بهێنڵنەوە ، چونکە ترسى گەورەیان لەم گۆڕانکارییە چاوەروانکراوانەى ناوچەکە هەیە
زۆر گرنگە ،گەلى کورد زیرەکانە مامەڵەبکات و ڕێگە نەدا ، داگیرکەران و دوژمنانى بە پۆست و پارە و کێشەى ناوخۆییەوە سەرقاڵى بکەن ، بۆ ئەوەى ئەم قۆناغە زۆر بە سەرکەوتووانە دەرباز بکەین و چونکە خەونى نەیارانى کورد بۆ ئەوەى گەلى کورد نەبێتە خاوەن دەستکەوت و مافى داگیرکراوی ، بۆیە دوژمنانى کوردستان هەموو شتێک دەکەن تا لە گۆڕانکارى نەخشەکە نەبێتە خاوەن دەستکەوتێکى تر ، تا هەر بە ژێردەستەیی بمێنێتەوە ، هەر ئەوەشە لەگەڵ هەر جوڵەیەکى ئەمەریکاوئیسرائیل، داگیرکەران و میلیشیاکانیان بەهەموو تواناوە پەلامارى دەدەن، ڕۆڵە و کور وکچى ئەم کوردستان شەهید دەکەن ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى دۆزى کورد جیاوازە و دوژمنان وداگیرکەران لە هەموو دەرفەتێکدا خوێنى دەرێژن و ماڵ و موڵکى بە مووشەک و درۆن خاپوور دەکەن
دوژمنانى کوردستان باش دەزانن ، ئیتر رۆژ بە رۆژ ماف و خاک و جوگرافیایی کوردستان بە شارەاوییە نامێنێتەوە ، ناتوانن چیتر نکۆڵى لە بوونى کوردوکوردستان بکەن ، ئەمڕۆ کورد لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیی دیار و ناسراوە ، گەلێکى متمانەپێکراوە و بۆیە کاتى ئەوە هاتووە گەلى کورد بڕیار بدات و خۆى بە پرسى بێ بایەخ و فێڵبازى نەیارانیەوە سەرقاڵ نەکات ، کاتى ئەوەیە ئەم رەوش و دەرفەتە بگۆڕین ، تا وەکو چیتر تا سەدەیەکى دیکە چاوەروان نەبین و مادام قوربانى و خوێنمان دەبەخشین ، کاتى ئەوەیە کوردستانیش بێتە ڕیزى هەموو گەل ونەتەوەکانى جیهان
زۆر گرنگە گەلى کورد بە پلانێکى ستراتیژى و نەتەوەیی ساز و ئامادەبێ بۆ ئەوەى سوود لەو هەڵە مێژووییە وەربگرێت و دەبێ گشت هێزولایەنە کوردستانى و نیشتیمانپەوەرەکان بەهەموو تواناوە هەوڵ بدەن تا سوود لەو دەرەفە مێژووییە وەربگرێت ، تا سەد ساڵى دیکە لە چاوەروانیدا نەمێنێتەوە ، ئەویش بەڕێگەى نەخشە وپلانێکى ژیرانە و خوێندنەوەیەکى و بۆ ئەوەى گەلى کورد ببێتە خاوەن سەربەخۆیی و مافە دەوڵەتبوون و وەک چارەسەرێکى ڕیشەیی ،چونکە شەهیدکردنى پێشمەرگەکان لە باشوورى و رۆژهەڵات و رۆڵەکانى دیکەى کوردستان تەنیا بە مافى دەوڵەتبوون سارێژ دەبێت ، نەک بە پۆست و بەڵێن و پرۆپاگەندەى داگیرکەران و بەکرێگیراوانیان ،چونکە لەرابردووش کاتێک دەرفەتێک بۆ نەتەوەیی کورد هاتۆتە ئاراوە ، بە هەمان شێوەى ئێستا هەوڵى بەڵارێدا بردن و سەرقاڵکردنیان داوە تا لە ئامانجەکانى دوورى بخەنەوە

Top