نێچیرڤان بارزانی و دیپلۆماسیی واقیعبینانە

نێچیرڤان بارزانی و دیپلۆماسیی واقیعبینانە


لەو ڕۆژگارە سەختەی ئێستا،کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو گێژاوێکی پڕ لە ململانێی سەربازی و سیاسیی قووڵدا دەتلێتەوە، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدایە. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن دەکرێت لەناو ئەم هەموو بڵێسەی ئاگرەدا، پارسەنگیی سیاسی بپارێزرێت و نیشتمان لە لێکەوتە ماڵ وێرانکەرەکان بەدوور بگرێت؟ لە وەڵامی ئەمەدا، نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیارێکی "واقیعبین" لە کایەی دیپلۆماسیدا دەردەکەوێت؛ سەرکردەیەک کە ئامانجەکەی تەنیا تێپەڕاندنی کاتیی قەیرانەکان نییە، بەڵکو ستراتیژییەتەکەی لەسەر بنەمای پاراستنی یەکجاریی هەرێم و عێراقە لەو پشێوییە بێ کۆتاییانەی ناوچەکە.
کۆڵەکەی سەرەکیی واقیعبینی لە دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانیدا، بۆ تێگەیشتنە وردەکەی بۆ هاوکێشەی هێز و جوگرافیای سیاسیدەگەڕێتەوە و بەو بڕوایە کار دەکات کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت و نابێت لە دابڕانێکی ڕەهادا بژیت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و بونیادنانی بەرژەوەندیی هاوبەش، هەڕەشەکان بۆ دەرفەت بگۆڕێت. سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی بۆ ناوەندە بڕیارەدەستەکانی وەک ئەنقەرە، تاران و بەغدا، هاوشان لەگەڵ ئامادەیی کارای لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی وەک ئانتالیا و داڤۆس، گوزارشت لەو دیدگا فراوانە دەکەن کە دەیەوێت کوردستان لە ناو جەرگەی ڕووداوە جیهانییەکاندا بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
سەرۆکی هەرێم لە تەواوی دیدارەکانیدا لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی جیهان، یەک پەیامی نەگۆڕی هەیە: "هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە". ئەمە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو ستراتیژێکە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی خاکی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشە هەرێمییەکان یان ببێتە بەشێک لە میحوەرە دژبەیەکەکان. ئەم ڕێچکەیەی کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" و "پاراستنی کەرامەتی مرۆیی" داڕێژراوە، وای کردووە جیهان بە چاوێکی پڕ لە متمانەوە سەیری هەرێم بکات و وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان بیناسێت.
لە ئاستی ناوخۆیشدا، ئەم نەفەسە دیپلۆماسییە کاریگەرییەکی ڕوونی هەبووە لەسەر هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی ماڵی کورد و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا. نێچیرڤان بارزانی لەو بڕوایەدایە کە بەهێزیی هەرێم لەناو عێراقێکی سەقامگیردا چەکەرە دەکات؛ بۆیە هەمیشە وەک "نێوەندگیرێکی ژیر" ڕۆڵی بینیوە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ژێرخانی وڵات لە هەر سەرکێشییەکی سەربازی.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین، سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە لەوەدایە کە نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشەکاندا بچەسپێنێت. ئەو بە کردەوە سەلماندی کە لە جیهانی سیاسەتدا، زمانی ژیرانەی گفتوگۆ زۆر لە زمانی چەک و هەڕەشە بڕندەترە، و تەنیا بە واقیعبینی دەتوانرێت ئەو تەمومژە بڕەوێنرێتەوە کە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داپۆشیوە.
١٧ی نیسانی ٢٠٢٦

Top