دڵسۆزی بەرامبەر خاک و نیشتیمان
یەکێک لە جوانترین و بەهاکانی دونیا ئەوەیە مرۆڤ ئاسوودە بێت، هەڵبەتە ئاسوودەیش لەئاکامی ویژدانێکی بێ ئازار و پاک دوور لە دژایەتکردنی و زوێرکردنی بەرامبەرەکەت،ڕق و کینەت بەرامبەر کەس نەبێ،و دڵ گەورەی بەرامبەر خراپەکانی دونیا و ڕق و کینەی مرۆڤەکان.
لەو روانگەیەش خۆشەویستی نیشتمان هەستێکی قووڵ و زگماکیی سەربەخۆیی و دڵسۆزییە بۆ ئەو خاکەی کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت و هەوای ئازادی خۆی هەڵدەمژێت. بوونی ناسنامە و یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی هەڵدەگرێت. ئاسوودەیی خۆشەویستنی زێدی مرۆڤ نەک هەر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە شوێنێکە بۆ ژیانە، بەڵکو لە پەیوەندییە بە شانازی و کەرامەت و هەستکردن بەوەی نیشتیمانی مرۆڤ پەناگەیەکی سەلامەت و خێزان و کۆمەڵگایە.
نیشتمان بەها ترین و بەنرخترین تایبەتمەندیە کە مرۆڤ دەبێ بەها و نرخی بزانێت، چونکە لانکەی گەنجیەتی، ئەو ڕێگایەی کە پێیدا ڕۆیشتووە، یادوەری منداڵییەتی، پەناگەی تەمەنی پیرییە، سەرچاوەی یادەوەرییەکانیەتی، ڕووناکی ڕێنمایکاری ژیانی خۆی و باوک و باپیرانی و پیرۆزگای منداڵ و نەوەکانی یەتی. مرۆڤی بێ نیشتمان، کەسێکە بێ ناسنامە، بێ ڕابردوو و نە ئایندە. خۆشەویستی نیشتمان هیچ جێگرەوەیەکی نییە، جونگە خاکی باوباپیرانە، خاکی بەخشندەیی و بەختەوەرییە.
خۆشەویستی نیشتمان کە تام و بیرەوەری منداڵی و گەنجیەتی بەساڵا چووی مرۆڤە، وەک باخچەیەک کە بۆنی گوڵ و ریحانە بۆندارەکانی ناز دەکەن، و هیوای بەهار دەخوازێت و ئاواتەخوازە دۆخێکی جوانی بۆ نیشتمان دەخوازێ.
خۆشەویستی نیشتمان بەرزترین پلەی پابەندیی و ئینتمایە، بۆ ئەو خاکەی کە خەونەکانمان لە باوەش دەگرێت و شایستەی قوربانیدانی هەموو شتێکی بەنرخ و ئازیزە، خۆشەویستی نیشتمان تەنیا قسەکردن نییە، بەڵکو گیان فیدایە بۆ پاراستنی سەروەری و دەستکەوتەکانییە تا بەهێز و شانازی بمێنێتەوە.
هەڵبەتە نیشتمان و خاک زۆر لەوانە پیرۆز ترە، کە مرۆڤ ناتوانێت بە وشە باسی بکات و هەستی دەربڕێ، بەڵام ئەوەی سەیرە و جێگای نیگەرانییە چۆن هەندێ کەس یا لایەن ئەو جورئەتە دەکەن خیانەت لە نیشتمان بکەن، و خاکەکەیان هەراج بکەن و دەست لە ناو دەست لەگەڵ دوژمن و نەیاران زیان بە خاک و هاووڵاتی خۆی بگەیەنێ، ئایا خاک و نیشتمان ئەو بەها و گرنگییەی نییە؟
دەبێ بزانن کەوا گرنگی نیشتمان لەوەدایە کە هێمای ناسنامە و مێژوو و شارستانیەت و شانازییە. کەرامەتی هاونیشتمانیانە، ئەرکیش بەرامبەری پاراستن و بەرگریکردنە، و ڕێزگرتن و پابەندبوونە بە بەها مێژووییەکانی نیشتمان کە مافی ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازادیمان پێدەبەخشێت و ئەمەش پێویستی بەوەیە کە دڵسۆز بین بۆی.
نیشتمان تەنیا خاکێک نییە کە هەموومان لە ژێر باڵەکانیدا پەنا دەدات و دەمانپارێزێت و ڕێنماییمان بکات. نیشتمان ڕۆحێکە لەناو ئێمەدا نیشتەجێیە و ئێمەش لەناویدا نیشتەجێین. خۆشویستنی غەریزەیەکە کە خودا لە دڵی ئێمەدا داناوە و ئەرکی ئێمەش بەرامبەری بریتییە لە پاراستنی خاک و ئاو و هەوای لە پیسبوون و لە تێکدان و بە شانازی و کەرامەتەوە بۆ ئاڵا گەورەکەی بوەستین. ئەم ساتە ساتێکی شانازی و شەرەف و بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە خاکە پاکەکەی.
هیچ شتێک لە دونیادا لە زێدی مرۆڤ شیرینتر نییە.

شێرکۆ حەبیب