بۆ پاڵەوانێتیەكان هەموو كات ئامادەم

بۆ پاڵەوانێتیەكان هەموو كات ئامادەم

مینا هێمن یاریزانی بۆكسێنی هەڵبژاردەی عێراق

بۆ پاڵەوانێتیەكان هەموو كات ئامادەم
تیپی كچانی بۆكسێنی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەكێك لەم تیپانەی شارەكەیە كە بەردەوام لە پاڵەوانێتیەكانی كچان دەبینرێ، كارگێڕیی یانەكە گرینگی زۆر بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە، ماوەی چەند سالێكە یانەكە بە بەردەوامی یارییە جەنگییەكانی بە یەكێك لە یارییە سەرەكییەكانی یانەكەی داناوە بۆ پاڵەوانێتیەكان هەمووكات بە كۆمەلێك یاریزانی ئاست بەرز ئامادەن بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان. ئەنجامی تیپەكەش جێگی دڵخۆشیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرز لە یانەكە مەشق و ڕاهێنانەكانیان ئەنجام دەدەن و جگە لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە ڕیزی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقیشن یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانیش مینا هێمن-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005ی شاری سلێمانی پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو بڕیارت دا یاری بۆكسێن هەڵبژێریت؟
-لەمنداڵیەوە حەز و ئارەزوویەكی زۆرم هەبووە بۆ یاری بۆكسێن، هەمیشە ئاواتم بووە ڕۆژێك ببمە باشترین یاریزانی بۆكسێن، هۆكاری ئەم ئەنجامەشم ئەوە بوو كە هیچ كچێكم نەبینی بۆكسێن هەڵبژێرێ یان هونەرە جەنگییەكان لە كاتێدا ئەوەندەی ئێمەی كچ پێویستمانەبڕواناكەم كوڕان پێویستیان پێ بێت، بۆیە بڕیارمدا ئەگەر بەتەنها خۆم كەسێكبم لەم یارییە دەبێت بگەم بە ئاستێك بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەرم كاریگەریم هەبێت.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە بەتایبەتی بۆ ئێوەی كچ؟
-حەز ناكەم بڵێم یارییەكی قورسە، چونكە ئەم یارییە چەند قورسیش بێت شایەنییەتی، ڕاستە زۆر ماندوو دەبیت و ڕاهێنانی قورسی هەیە، بەڵام بەڕاستی دروستت دەكات، دەتكاتە یاریزانێك كەتوانای ئەوەت هەبێت زۆر یاری تریش بكەی هێزت بۆ یارییەكانی تریش هەبێت.
*بۆچی یاری بۆكسێن لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-هۆكارەكەی كۆمەڵگاكەمە وە ئەو كەسانەی كۆمەلێك دەسەڵاتیان لە ژێر دەستە، چونكە كۆمەڵگایەكین هێشتا زۆربەی خێزان بروایان وایە بۆكسێن یارییەكی كوڕانەیە بۆ كچان نابێت.
*هەست ناكە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان، ئافرەتان كەمتر ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-لە شارەكانی كوردستان دەتوانم بڵێم هیچ ئافرەتێكی وەرزشی نەبووە، ئەوەی ئێستاش هەیە سوپاس بۆ خوا دوای بەژداری كردنم لە یەكەم پاڵەوانێتی بۆكسێنی عێراقی توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، ئامانجی من ئەوە بوو بتوانم یەكەم بێنم و كچانی تریش چاو لەمن بكەن و لایان قورس نەبێت، لە ئێستاشدا سوپاس بۆ خوا یەك بووین لەم یارییە ئێستا نزیكەی 10بۆ15 یاریزانین و زیاتریش دەبێت بەهیوای ئەوەم ئەوەندە زۆربین نەتوانم بیانژمێرم، ئەگەر ئافرەتانیش بزانن چەند گرینگە تەنها بۆ مەشقەكان دەهاتن.
* بە شێوەیەكی گشتی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
-لە ئاستێكی زۆر خراپ دەبینم.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتان بۆ نێو ئەم یارییە وەرزشییە؟
- گرینگیدان بەم یاریزانانەی كە ئەنجامی باشیان هەیە لە سەر ئاستی عێراق هاوكار ماددی و مەعنەویان بكرێت بۆ ئەوەی ئاستیان بەرەوپێش بچێت و كەمپی مەشقیان لە دەرەوە بۆ بكرێتەوە، بۆئەوەی ئافرەتانی كورد بتوانن ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی دەرەوە بەدەست بهێنن، گوێبیستی ئەوە نەبوویمە كە كچانی كوردستان ئەنجامی باشیان لە دەرەوە هەبێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ئەوانەی دەسەڵاتی یارییەكەیان لەدەستە كەمتەرخەمی دەكەن و پارە بۆ یاریزان سەرف ناكەن بۆخۆیان دەیخۆن و داوای ئەنجامیش لە یاریزان دەكەن، بەخۆم زۆر هەڵم بۆ ڕەخسایە ، بەڵام هەندێك كات گرفتم بۆ دروست بووە كە نەخۆشبووم و هەندێكجاریش بەهۆكاری جیاواز ڕێگە نەدراوە بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەست بهێن زۆر جار كەمتەرخەمیەكان لە لیژنەكان بووە كە بەدواداچوونیان بۆ یاریزان نەكردوە كە چی پێویستە بۆ بەژداری كردن.

*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- هەمووكات بەرنامەی من ئەوە بووە كە ئاستی بەیانیم باشتر بێت لە ئەمرۆ، هیچ شتێك ڕێگە لە بەشداری كردنەكانی داهاتووم ناگرێ.
*یانەی پێشمەرگەی سلێمانی چۆن هاوكاریتان دەكات؟
- لە ڕووی دارایی هیچ هاوكارییەكمان ناكەن.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی هۆڵی تایبەت بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتی و كەمی پاڵپشی یانەكان بۆ ئەم وەرزشە.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-بەشداری پاڵەوانێتیەك بكەم و ئەنجامی باش بەدەست بهێنم لە سەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو خزمەتی ئەم وەرزشە بكەم، بتوانم چەندین یاریزانی باش دورست بكەم، نامەوێ ئەو كێشانەی ئێستا بۆمن دروست دەبێت بێتە بەردەمی ئەوان، نەوەیەكی تازەو یاریزانێكی تازە بێت.
*یانەكان داوای گرێبەستیان لێت نەكردوە؟
-تا ئێستا نەخێر بۆم نەهاتووە.
*بڕیارت نەداوە بەژداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەیت؟
-بۆ پاڵەوانێتیەكان هەموو كات ئامادەم، ئەگەر بتوانم بەژداری بكەم بە خۆشحاڵیەوە هەمووكات ئامادەم.
*بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی كوردستان لەم یارییە دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-بەهیوای ئەوەم هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكرێ و بە ناوی كوردستان بەژداربم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان، وەدەلێم كەوتن هەیە، بەڵام تەسلیم بوون نا .

 

Top