لە ژوورە تاریکەکانەوە بۆ سەر مێزی قومار؛ چیرۆکی فرۆشتنی قودسی کوردستان.

لە ژوورە تاریکەکانەوە بۆ سەر مێزی قومار؛ چیرۆکی فرۆشتنی قودسی کوردستان.

 

هیچ پۆستێکی کارتۆنی لە بەغدا سەنگ و پێگەی جوگرافی کەرکووک ناگرێتەوە. ئەو ڕێککەوتنە نهێنی و نادیارەی کە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی، حەلبووسی، ڕەیان کلدانی و خەزعەلیدا باس لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکی کاتی لە بەغدا دەکات، تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو تاوانێکی ڕوونی دەستووری و بەزاندنی سنووری پیرۆزییە نەتەوەییەکانە.

ئەم کردارە، کە لە ژێر ناوی سازش و بازاڕکردنی سیاسی دەخرێتە ڕوو، هەوڵێکی ئاشکرا و مەبەستدارە بۆ پێشێلکردن و بەتاڵکردنەوەی ماددەی (١٤٠)ـی دەستوور؛ ماددەیەک کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ساڵانی خەباتی ڕزگاری چەسپێنراوە. مەترسییەکە تەنیا لە هەڵوێستی تاکە لایەنێکدا نییە، بەڵکو چەند هێزێکی سیاسی کوردی و عێراقی بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم پرۆسەیەدا، و بێدەنگی بەشێکیانیش بە هەمان قەبارە هاوبەشی بڕیارەکەیە.

ئەوەی ئێستا بە ناوی “ڕێککەوتنی سیاسی” بانگەشەی بۆ دەکرێت، مامەڵەیەکی قەیران‌خوڵقێنە کە تێیدا کەرکووک کراوەتە کاڵایەکی ئاڵوگۆڕ بۆ دەستکەوتی کاتی "بنەماڵەی تاڵانی"، جارێک فرۆشتنی کەرکووک لە ١٦ـی ئۆکتۆبەر و ئێستاش بڕیاری ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرکووک بە شێوەی نۆرەیی، تەنیا گۆڕینی پۆست نییە، بەڵکو چەسپاندنی پڕۆسەیەکی سیستەماتیکە بۆ “تەعریبێکی نوێ” و سڕینەوەی ناسنامەی شارەکە. بێدەنگی و هاوبەشی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان بەرامبەر ئەم هەراجکردنی خاکە، شەرعییەتدانە بە واقیعێکی دیفاکتۆیە کە سبەی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جوگرافیای هەرێم؛ چونکە کاتێک کەرکووک لە پێناو پۆستدا بخرێتە بازاڕەوە، هیچ بستێک لەم نیشتمانە لە مەترسیی فرۆشتن بەدوور نابێت.

مەترسییەکی گەورەتر لەم سازشەدا، پیلانگێڕیی دواترە لەژێر پێناسی ڕێکخستنی هاوسەنگی دەسەڵات. کە باس لە کاراکردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆک‌کۆمار و سپاردنی بۆ محەممەد حەلبووسی دەکرێت؛ هەنگاوێک کە بە مانای ڕاکێشانی "بەڕەی دەسەڵات" لە ژێر پێی سەرۆک‌کۆمار و پاشکۆکردنی ئیرادەی سیاسی کورد لە ناو سیستەمی عێراقدایە. بەو شێوەیە، نەک تەنیا کەرکووک دەخرێتە بازاڕ، بەڵکو دواتر هەموو پێگەی کورد لە بەغدا دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی نەیاران، و ئەمەش دەبێتە قۆناغێکی مەترسیدار لە شکاندنی بنەماکانی دەستووری کە بریتین لە هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان.

لە ڕوانگەی یاسایی و نیشتمانییەوە، ئەم مامەڵانە نەک تەنیا پێشێلکردنی دەستوورن، بەڵکو شکاندنی شکۆ و پیرۆزیی ئەو نەتەوەیەن کە قوربانی بێشوماری بۆ ئەم خاکە داوە. کاتێک خاک و ناسنامە دەکرێنە ئامرازی قومار، ئیتر هیچ سنوورێکی ئەخلاقی بۆ سیاسەت نامێنێت.

ئەوانەی خاک بۆ کورسییەکی لەرزۆک هەراج دەکەن، نەک تەنیا ئێستایان، بەڵکو داهاتووشیان دەدۆڕێنن؛ لە مێژوو و ویژدانی زیندووی نەتەوەییدا، جگە لە نەفرەت، هیچ میراتێکی تریان بۆ جێنامێنێت. ناویان لە لیستی ڕەتکراوان و خیانەتکاراندا تۆمار دەکرێت و بە شەرمەزارییەکی هەمیشەیی دەناسێنرێن، چونکە خوێنی پیرۆزی شەهیدان و جەرگەی نیشتمانیان کردووەتە کاڵای قومارێکی دۆڕاوی سیاسی.

ئەوانەشی ئەمڕۆ بە بێدەنگییەکی ترسنۆکانە یان بە پاشکۆیەتییەکی مێژوویی بوونەتە شەریکەبەشی ئەم هەراجکردنە، سبەی لە دادگای گەل و لە زبڵدانی مێژوودا وەک مۆری نەفرەت و ئەندازیارانی ئەم هەرەسە نەتەوەییە ناویان تۆمار، ڕەت و ڕەجم دەکرێت.


١٥ی نیسانی ٢٠٢٦

Top