پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: كورد دەبێت لە لایەك هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ جەنگەكە بكات، لە لایەكیش سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت كە بۆی دێنێتە ئاراوە

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  كورد دەبێت لە لایەك هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ جەنگەكە بكات، لە لایەكیش سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت كە بۆی دێنێتە ئاراوە

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆب چاپی ئینگلیزییە و مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنە لە زانكۆی سلێمانی. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كوردستان لە ناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا)، بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

بە بڕوای من ئەم جەنگە سرووشتێكی هەیە جیاواز لە هەموو جەنگەكانی پێشتری خۆی، مەبەستم جەنگە جیهانییە گەورەكانی پێشتر و جەنگە بچووكەكانی دیكەشە، بۆیە نابەرچاوڕوونییەك هەیە تاكو ئێستا لەوەی كێ دەتوانێت تاسەر بێلایەنیی خۆی بپارێزێت و بەشداری شەڕەكە نەكات، لە هەمان كات كامە وڵات ناچێتە جەنگەكەوە، كامە وڵات بە ناڕاستەوخۆ بەشدارە و كامە وڵات و كیشوەر زۆرتر لێكەوتەی بۆ بەجێ دەمێنێت، یان كامە پارێزراو دەبێت. جگە لەوەی جەنگەكە جەنگێكی تیكەڵەیە، مێژووییە، جەنگی ئایینییە، مەزهەبییە، وزەیە، ئابوورییە، تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتووە، جەنگی ئامێرە زیرەكەكان و زۆر شتی دیكەشە، بۆیە ستراتیژیی جەنگەكە ڕوون نییە لای جیهان، چونكە ئەوانەی لە جەنگەكەدان و بەتایبەتی ئەمریكا، گوتارەكانی ڕوون نییە كە ئامانجەكەی بە تەواوەتی چییە و تاكەی بەردەوام دەبێت. بۆیە بە ڕای من جەنگەكە لە سەرووی هەموو ڕەهەندەكانی دیكەیەوە، جەنگێكی دەروونیی سایكۆلۆژییە، نەك تەنیا لە نێوان وڵاتە شەڕكەرەكاندا، بەڵكو بۆ هەموو جیهان، خەڵك دڵەڕاوكێی هەیە، بازاڕ شپرز بووە، نرخ بەرزی و نزمی دەكات، كاریگەریی لەسەر بازاڕ بەجێ هێشتوە، لەكاتێكدا جیهان دوای پەتای كۆرۆنا و جەنگی ڕووسیا - ئۆكرانیا، هێشتا لە قەیرانی وزە و ئابووریدا شیفایەكی بۆ نەهاتبوو، بۆیە بارودۆخێك خولقاوە كە دەبێت چركە بە چركە چاودێریی بكەیت تا بزانیت چی ڕوو دەدات.

هەموو پێشبینییەكان ناڕوونن و چاودێران و شیكەرەوە سیاسییەكان دەستەوەسانن لەوەی ئەم جەنگە دەگاتە كوێ. ئەوەی كە زۆر جیاوازی كردووە لە جەنگەكانی پێشوو، گوتار و لێدوانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپە، كە ڕۆژانە وتار و لێدوانی دژبەیەك و جیاوازی هەیە بۆ جیهان و ئەمریكییەكان. هەرچەندە من پێچەوانەی زۆرێك لە شیكەرەوەكان ڕام هەیە لەسەر ئەم گوتار و لێدوانانە، چونكە ئەوانەی لایەنگری ئێرانن و دژی ئیسرائیل و ئەمریكان ئەم جۆرە لێدوانانە بە پاشەكشە و نابەرچاوڕوونیی ترەمپ لێك دەدەنەوە، من بە پێچەوانەوە پێموایە ئەم جەنگە بۆ ئەمریكا و ئێرانیش جەنگێكی قورسە لە هەمان كات بۆ جیهانیش، بۆیە بە ڕای من ئەو جۆرە لێدوان و گوتارە جیاوازانەی ترەمپ بەشێكە لە ستراتیژیی جەنگەكە و هاوتەریب لەگەڵ هێرشەكانی بەو لێدوانانە ئیدارەی بارودۆخەكە دەكات، تاكو كاریگەریی لەسەر بازار، نرخ، وزە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی كەم بكاتەوە و لە هەمان كاتیشدا بۆ ناوخۆی ئەمریكا، كە ئەوانەی ڕای جیاوازیان هەیە، ئەم جۆرە لێدوانانەی ترەمپ بە پێویستی دەزانێت، تا ئەو كاتەی بە ئامانجەكەی خۆی دەگات.

بە نسبەت كورد و كوردستان، ئەم جەنگە جەنگی كورد نییە و كورد بەشێك نییە لەم جەنگە، بەڵام تا بتوانرێت هەستیارانە و دیپلۆماسییانە و هێمنانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، دەتوانین زیاتر خۆمان لە زیانەكانی بپارێزین، بەڵام ئەوەش ڕوون نییە ئایا تا سەر ئەم هاوسەنگییە ئاسانە نەك تەنیا بۆ كورد، بەڵكو بۆ زۆر لە وڵاتانی جیهان، چونكە نازانین ئایندەی جەنگەكە بەرەو كوێ دەڕوات، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ئەم جەنگە جەنگی سەرلەنوێ كێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، كوردیش بەشێكی گرنگی ناو هاوكێشە سیاسی و جیۆگرافییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەبێت لەو نەخشە نوێیەدا ماف و چارەنووسی دیار بكرێت، بۆیە لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیدا دەبێت بەدوای ئەوەشدا بگەڕێین كە ئەم جەنگ و ململانێیە چ دەرچە و دەرفەتێكمان پێدەدات بۆ ئەوەی پرسەكەمان بەرینە پێشەوە. ئەوەی ١٠٠ ساڵە بەسەر كورد هاتووە بەهۆی نەخشە كۆنەكەوە بووە، كە نابێت دووبارە ببێتەوە.

بیرمان نەچێت جەنگی ئازادكردنی عێراق لە دەستی ڕژێمی سەدام، جەنگی كورد نەبوو، بەڵام كورد توانی سوود لە دەرفەتەكە وەربگرێت و ئازادی و سەربەخۆیی باشووری كوردستانی لێ كەوتەوە. بە هەمان شێوە جەنگی سووریا و ڕژێمی بەشار ئەسەد جەنگی كورد نەبوو، بەڵام كورد سوودی لە دەرفەتەكە وەرگرت و شتێكی پچڕاند بۆ خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان. ئایا ئەم جەنگەش ئەو دەرفەتە دەدات بە كورد، یا دەبێت خۆشمان بە دوای ئەو دەرفەتدا بگەڕێین تا لەم جەنگ و ململانێیە پارێزراو بین و دەستكەوتێكیشمان بۆ نەتەوەكەمان هەبێت و پێگە و سەنگی خۆمان لە ئایندەی نەخشە نوێیەكەدا ببینینەوە.

 

Top