هونەرمەند چیا مەدەنی بۆ گوڵان:سروودی جوان بۆ خۆشویستنی نیشتمان و پتەوكردنی یەكێتیی كوردان تا ڕۆژی سەربەخۆیی پێویستە

هونەرمەند چیا مەدەنی بۆ گوڵان:سروودی جوان بۆ خۆشویستنی نیشتمان و پتەوكردنی یەكێتیی كوردان تا ڕۆژی سەربەخۆیی پێویستە

هونەرمەند چیا مەدەنی ساڵی ١٩٧٢ لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە و خوێندنی سەرەتایی لە وێ تەواو كردووە، ساڵی ١٩٨٥ مەهابادیان بەجێ هێشتووە و لەگەڵ خانەوادەكەی لە بناری قەندیل لە كۆڕی پێشمەرگەدا بوون. لەوێ لە كۆڕی هونەری حیزبی دیموكرات بە سروودە جوانەكانی كوردی فێری مۆسیقا بووە، لە ساڵی ١٩٩٠ڕووی لە وڵاتی سوید كردووە و دوای فێربوونی زمان، لە كۆلێژی مۆسیقا دەستی بە خوێندن كردووە و دەستی بە چالاكیی هونەری كردووە. ساڵی ٢٠٠٠ لە زانستگەی تەكنیكی لە شاری ستۆكهۆڵم لە زانستی كۆمپیوتەر دەستی بە خوێندن كردووە و دوای چوار ساڵ ماستەری وەرگرتووە و لەو بوارەدا دەستی بە كار كردووە، هاوكات بەهۆی حەز و خولیای زۆر لە بەشی میدیا لە زانستگەی ستۆكهۆڵم درێژەی بە خوێندنی باڵا داوە و لەو بوارەشدا چالاكیی زۆری هەبووە. لەم چەند ساڵەی دواییدا لەسەر زانستی دەنگ و ستۆدیۆ زۆری خوێندووەتەوە وشارەزایی لێ پەیدا كردووە.

*خۆتان لە كام بواردا «ئاوازدانەر، لیركنووس، دابەشكار، گۆرانیبێژ، كاری دەنگ» زیاتر بە سەركەوتوو دەبینین و هەست دەكەیت كاریگەریت هەیە؟

-ئەوەی ڕاستی بێت لەبەر ئەوەی كاری هونەری هەرگیز نەبووە بە پیشەی سەرەكیی من، هەر بەو هۆیەش نەمتوانییەوە بە شێوەیەكی سیستماتیك و تەواو كاری لەسەر بكەم. زیاتر تاقیكردنەوەی حەز و تواناكانی خۆم بووە كە دواتر بوون بە كۆمەڵێك بەرهەم، سەرەتا گۆرانیبێژانی دیكە و دواتر خۆم دەستم كرد بە خوێندنیان. بەڵام هەمیشە بیر و هزرم لای داهێنانێك بووە كە تێیدا ئاواز و تێكست و میوزیك جیاواز بدوێن، تەنانەت لە خوێندنەكەشیدا ڕێچكەی خۆی بگرێتە بەر.

*بۆ زیاتر كاری سینگڵ (تاك گۆرانی) بڵاو دەكەیتەوە لە جیاتی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومی تەواو؟

-من لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بیرۆكەكانم لە كۆی دە ئەلبوومدا كۆ كردنەوە و توانیم سێ دانەیان چاپ بكەم. ئەوكات دروستكردنی ئەلبووم باو بوو و شێوازی بڵاوكردنەوەكە جۆرێك بوو كە ئەلبوومێكی چەند تراكی باشتر پەیامی هونەرمەندانی دەخستە بەر دەستی گوێگران، پێشكەوتنە خێراكانی تەكنۆلۆژیا لەم چەند ساڵی دواییدا زۆر خێرا ئەمەی گۆڕی، ئەلبوومەكان بە شێوەی فیزیكی باویان نەما و پلاتفۆرمەكانی ستریمینگ ئەو بازاڕەیان بە خڕی بردە سەر هێڵ. سپۆتیفای و یوتیوب و تەنانەت سۆشیاڵ میدیاكان وایان كرد كە هەر تراكێك بە تەنیا بتوانێت شوناسی خۆی وەربگرێت و پێویست نەكات حەتمەن بخرێتە ناو ئەلبوومێكەوە بۆ ئەوەی بڵاو ببێتەوە. بۆیە هەر هەموو هونەرمەندان ئێستا زیاتر كاری خۆیان بە شێوەی تراكی بڵاو دەكەنەوە.

هونەرمەند چیا مەدەنی بۆ گوڵان:سروودی جوان بۆ خۆشویستنی نیشتمان و پتەوكردنی یەكێتیی كوردان تا ڕۆژی سەربەخۆیی پێویستە

*دەتوانیت ناوی چەند هونەرمەندێك بهێنیت كە شانازی دەكەیت بە كاركردن لەگەڵیاندا، یان پێكەوە كاركردن لەگەڵیان ئەزموونێكی تایبەت بووبێت؟

-بە گشتی هەر هەمووی ئەوانەی كارم لەگەڵ كردوون ئەزموونێك بوون بۆ ژیانی هونەریی من، هاوكاریم لەگەڵ زۆرێك لە هونەرمەندان هەبووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لەڕووی مەودای كاتییەوە كاری هونەریم زیاتر كەوتە لای هونەرمەند میكائیل بوو، دەتوانم ئاماژە بە چەند بەرهەمێك بكەم كە بۆ ئەوم ئامادە كردووە، لە وانە، ئاواز و دابەشكردن بۆ «پووش و پەڵاش، تۆش وەكو من، تێكستی دڵم مەشكێنە» و دابەشكردنی میوزیك بۆ «بەرگی ئاڵ، ڕێی باران، و هێلانەی دڵ».

*بە بێ جیاوازی، هونەرمەندانی كام پارچەی كوردستان زیاتر توانیویانە مۆركی كوردی لە كارەكانیاندا بپارێزن و تایبەتمەندیی خۆیان نمایش بكەن، ئایا هۆكارەكەی چییە؟

-بێگومان هونەرمەندان و مۆسیقاژەنەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان هەرچەند زۆر لەژێر گوشاری حاكماندا بوون، بەڵام هەر یەكە و بە تام و چێژی تایبەت بە ناوچەكەی خۆی لە تێكۆشانێكی بەردەوامی هونەریدا بوون، بەراوردكردنیان هەروا سادە نییە و زەحمەتە ڕای یەكلاكەرەوەی لەسەر بدەیت. ڕەنگە تاكە گۆرانیبێژێك لە پارچەیەك بە چەند بەرهەمێكی زۆر تایبەت باڵانسەكە بگۆڕێت. گەورە هونەرمەندانی وەك سەید عەلی ئەسغەر و حەسەن زیرەك و ماملێ لە ڕۆژهەڵات، عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و كەریم كابان لە باشوور، محەمەد عارف و حەسەن جەزراوی و شوان پەروەر لە باكوور، ئەحمەد شێخۆ و جوان حاجۆ لە ڕۆژئاوا، هەموویان بەردی بناغەی مۆسیقای كوردی بوون. من خۆم لە ڕووی میوزیكەوە وا هەست دەكەم لە باكووری كوردستان ڕەسەنایەتی و پێشكەوتنی میوزیك باشتر ئاوێتەی یەك دەكرێنەوە و لە پرۆسی گەشەكردندا كەمتر ڕەسەنایەتی تێكەڵ بە ستایلە نوێیەكان دەكرێت.

*لە ئێستادا چ گۆڕانكاری و جیاوازییەكی سەرەكی لە هونەری كوردیدا دەبینیت بەراورد بە نزیكەی ٢٠ ساڵی پێشتر، ئایا ئەم گۆڕانكارییانە لە بەرژەوەندیی هونەرەكەن یان نا؟

-هونەر و میكانیزمەكانی دروستبوونی لە سەلیقەی مرۆڤەكانەوە بگرە تا ئامراز و كەرەستەكان، نەك هەر بۆ كورد، بەڵكو لە هەموو جیهاندا گۆڕانكاریی گەورەی بە خۆوە بینیوە. كارە هونەرییەكان لە گرووپە گەورەكان و لە ناو ستۆدیۆ پرۆفیشناڵەكانەوە گوازرانەوە بۆ ناو كۆمپیوتەرێك لە ناو ژووری ماڵێكدا، كە بەشی سەرەكیی كارەكان تەنیا یەك كەس بەڕێوەی دەبات. ئەگەر پێویست بێت هەر لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و لە وڵاتێكی دیكە ژەنیارێك كە ڕەنگە كوردیش نەبێت، دەچێت ئامێری خۆی ڕیكۆرد دەكات و دەینێرێتەوە، بەبێ ئەوەی كەس كەس ببینێت، زۆربەی بەرهەمەكانی ئەو سەردەمە بەم شێوەیە دروست دەبن. هاوكات پلاتفۆرمەكانی سۆشیاڵ میدیا و یوتیوب و سپۆتیفای سنووری كولتووری وڵاتانی كاڵ كردووەتەوە و ستایلەكانی میوزیكی جیهانی كاریگەری زۆر و خێرایان خستە سەر مۆسیقای كوردی. لە ئێستاش دا ژیریی دەستكرد كە ئەم دیاردە نوێیە خۆی باسێكی زۆر هەڵدەگرێت، هەمووی ئەمانە ئاسانكارین بۆ دروستبوونی تراكێك، هەم لە ڕووی تێچوو و هەم لە ڕووی ناوەڕۆك سازییەوە. بێگومان ئەم ڕەهەندە هونەری زۆر كرچ و كاڵیش بەدوای خۆی دا دەهێنێت، هاوكات هەندێكیش شاكاری پێ دەخولقێنن.

*تا چەند هونەرمەندان وەك جاران گرنگی بە پێشكەشكردنی كاری هونەری نیشتمانی و نەتەوەیی دەدەن، ئایا ئەم جۆرە كارانە هێشتا شوێنی خۆیان ماوە؟

-بەگشتی هونەری نیشتمانی و سروودەكان جەو و فەزای خۆیان گەرەكە و لە شەڕ و خەباتەكاندا زیاتر دەور هەڵدەگترن، بە خۆشییەوە ئێستا لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا پرسیی كورد خەریكە بە پرۆسەیەكی سیاسیدا تێپەڕ دەبێت و شەڕی مان و نەمانی كورد لەوە دەچێت قۆناخی بەسەر چووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای من سروودی جوان بۆ خۆشویستنی نیشتمان و پتەوكردنی یەكێتیی كوردان تا ڕۆژی سەربەخۆیی هەر پێویستە و دەبوو زیاتر بایەخی پێداربا.

*بەپێی ئەزموونی خۆت، كاری دەنگ لە كوردستان تا چەند پێشكەوتووە و ئاستی چۆن دەبینی، ئایا چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ كاری دەنگ لە وڵاتانی دیكە؟

-بێگومان بەشی دەنگ زۆر گرنگە و لە هەموو بوارەكانی مۆسیقا چ كاری ناو ستۆدیۆ و چ فێستیڤاڵەكان، هەروەها هەموو بوارەكانی میدیا لە بەرنامەكانی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆكان ڕا بگرە هەتا ئەو چالاكییانەی كە لە سۆشیاڵ میدیاكان ئێستا بوونە باو، هەر هەمووی لە ڕووی دەنگەوە گرنگە پاك و بەهێز بن. ئێستا لە جاران زۆر باشترە و پێشكەوتنی سەلیقەیی و تەكنیكی لە كارەكاندا دەبینیت، بەڵام هێشتا كێماسی ماوە، دەبوو لەو بوارەدا كادیری باشمان زیاتر هەبووایە. خاون بەهرەكانی ئەم بوارە یارمەتی بدرانایە و كۆرسی باشیان بۆ دابین بكرایە، یان بنێردرێنە دەرەوە یان مامۆستای باشیان بۆ بهێنرێتە كوردستان. ئەم تەكنیكە هی وڵاتانی ڕۆژئاواییە و ئەوان زۆر تێیدا قاڵ بوونەتەوە، كەڵك وەرگرتن لە زانست و ئەزموونی ئەوان لەو بوارەدا زۆرپێشمان دەخات.

*چ ئامۆژگارییەك بە هونەرمەندە گەنجەكان دەدەیت كە دەیانەوێت لە بوارەكانی ئاوازدانان، گۆرانیبێژی یان كاری دەنگدا سەركەوتن بە دەست بهێنن؟

-بەر لە هەموو شت زۆر گرنگە كە هەر كەسێك بیەوێت دەست بە كاری هونەری بكات لە یەكەم هەنگاودا لەگەڵ خۆی و بە ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزای ئەم بوارەدا هەڵسەنگاندنێكی ورد بكات و، وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرێتەوە: ئایا بەڕاستی بەهرەی هونەریی هەیە یان زیاتر ئەمە خەونێكی شیرینە. هونەر بەر لە هەموو شت دەبێت بە ڕێژەیەكی زۆر لەگەڵتدا لە دایك بووبێت، ئەگەرنا درەنگ یان زوو هەرچەندەش خۆتی پێوە ماندوو بكەیت، لە شوێنێكدا دەوستیت. ئینجا زۆر گرنگە ئەم بەهرەیە لە زووترین كاتدا بقۆزرێتەوە و بەشێوەی دروست كاری لەسەر بكەیت و لە ڕووی زانستی و ئەزموونەوە پەروەردە بكرێت. پێویستە ئامێرێكی وەك گیتار یان پیانۆ فێر ببیت بۆ ئەوەی هەم لە ڕووی تەكنیكی و هەم لە ڕووی سۆزەوە پاڵپشتت بێت، هاوكات گوێگرتن لە مۆسیقای بەهێز هەم گوێت و هەم هەستەكانت كۆك دەكات بۆ كاری باشتر.

*چ پرۆژەیەكی نوێت لە دەستدایە یان لە داهاتووی نزیكدا بڵاوی دەكەیتەوە كە حەز دەكەیت هەوادارانت پێی بزانن؟

-من لە ئێستادا بە هاوكاریی كۆمەڵێك مرۆڤی دڵسۆز سەرقاڵی پرۆژەی «كوردیش تاڵنت ئەكادیمی»م، پلاتفۆرمێك كە كار لەسەر بردنە سەری ئاستی ڕۆشنبیری و كولتووری كۆمەڵگەی كوردی دەكات. كۆرسی فێركاریی ئامێری مۆسیقا، دروستكردنی ئەرشیفێكی گەورە بۆ نۆتەكانی مۆسیقا و وتار و بابەتی زانستی لەسەر هونەر، ژیاننامەی گەورە موزیسیانەكانی كورد و هەروەها فەرهەنگێكی وشەی هونەری و پۆدكاستەكانی لە چالاكییەكانیەتی و بە خۆشییەوە لە ماوەیەكی كورتدا گەشەیەكی باشی بە خۆییەوە بینیوە. كارە هونەرییەكانم جار و بار هێرشم بۆ دەهێنن و لە پەناوە خەریكم، بە هیوام چەند بەرهەمێكم ماون بتوانم وەك دوا كارەكانم بە دڵی خۆم دروستیان بكەم.

Top