هونەرمەند (ئەڤین شا) پەیامی یەكڕیزی بۆ پارچەكانی كوردستان دەنێرێت
خانمە هونەرمەندی ناسراوی كورد «ئەڤین شا» كە لە ئێستادا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیشتەجێیە، هەڵوێستێكی نەتەوەیی و مرۆیی بەرامبەر بە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەنوێنێت و ڕای دەگەیەنێت كە بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ڕووبەڕووی كوردانی ڕۆژئاوا بووەتەوە، سەرجەم چالاكی و كۆنسێرتە هونەرییەكانی خۆی ڕاگرتووە.
ئەڤین شا، كە وەك هونەرمەندێكی خاوەنهەڵوێست ناسراوە،بەشداریی لە چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیدا كردووە لە ئەمریكا، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی مەزڵومییەتی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی ئەمریكا. ئەم خانمە هونەرمەندە لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەڵوێستەی دەڵێت:«هونەر بۆ من تەنیا گۆرانی و ئاواز نییە،بەڵكو ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەم. لە كاتێكدا خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان لەژێر هەڕەشە و هێرشدان،من ناتوانم لەسەر تەختەی شانۆ كۆنسێرت بكەم،ڕاگرتنی چالاكییەكانم كەمترین شتەن كە وەك هونەرمەندێك بۆ هاوخەمی دەربڕین ئەنجامی بدەم».
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا،ئەڤین شا جەختی لەسەر پرسی یەكڕیزیی نەتەوەیی كردەوە و دەڵێت:«پەیامی من بۆ هەموو كوردانی جیهان و هەر چوار پارچەی كوردستان ئەوەیە كە تەنیا یەكڕیزی دەتوانێت بمانپارێزێت،دوژمنانی كورد جیاوازی لە نێوان پارچەكاندا ناكەن،بۆیە پێویستە ئێمەش وەك یەك جەستە بین،پەرەپێدانی یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردان لەم قۆناغەدا نەك هەر گرنگە، بەڵكو تاكە گەرەنتییە بۆ پاراستنی خاك و دەستكەوتە نەتەوەییەكانمان».
ئەم هەڵوێستەی ئەڤین شا لە ناوەندە هونەری و جەماوەرییەكاندا دەنگدانەوەی ئەرێنیی هەبووە، وەك نموونەیەكە بۆ هونەرمەندی «نەتەوەیی» كە لە كاتە سەختەكاندا لە ئازار و مەینەتییەكانی گەلەكەی دانەبڕاوە و سەكۆی هونەرییەكەی بۆ پشتیوانی نیشتمان بەكار دەهێنێت.
