چیخەف :ماڵئاوا من دەمرم!

چیخەف :ماڵئاوا من دەمرم!

حەیدەر عەبدولڕەحمان

لە هاوینی ساڵی 1904دا، كاتێ‌ نەخۆشی وەرەم تەنگی بە (چێخەف) هەڵچنی، بە ناچاری ڕووی لە هاوینە هەواری (بادن ڤایلەووی ) ئەڵمانیا كرد بۆ چارەسەری.

 شەوی 2ی گەلاوێژ، شەوێكی هێمنی پێش زریان بوو، كاتێ‌ (چیخەف) لە نیوەشەودا بەئاگا هات، لە تاو ئازارەكانی داوای پزیشكی كرد تا بیبینێ‌.

كاتێك پزیشكەكە گەیشت، ئەو لە دۆخێكی ناجێگیردا بوو، بە هەناسە ساردی، داوای بوتڵێك شامپانیای كرد..

ئەم داوایە بۆ كەسێك كە هیچ هیوایەكی نەمێنێ‌ بۆ چاكبوونەوە، داوایەكی ڕەوا بوو، بۆ ئەوەی دوا حەسرەتی خۆی، بەر لە ماڵئاواییكردن بەدی بێنێ‌ .

چیخەف :ماڵئاوا من دەمرم!

چیخەف كە دەمێك بوو دكتۆر خواردنەوەی شامپانیای لێ‌ قەدەغە كردبوو، بە حەسرەتەوە پەرداخەكەی گرتە دەست و ڕووی كردە (ئۆڵگا)ی هاوسەری و بە ئەڵمانی پێی گوت: ماڵئاوا ئازیزەكەم، من دەمرم .

ئۆڵگا بە دەنگێكی شكاو: پزیشكەكە وتی (تا)كەت دادەبەزێ.. تەنیا كەمێك بخەوە.

چیخەف بە كزە بزەیەك: بەڵێ‌ پزیشكەكان هەر وا دەڵێن..

ئۆڵگا: بە پاڕانەوە نا تكایە وا مەڵێ‌، خۆ تۆ هەمیشە بەهێز بوویت ..

هێشتا زۆر شتت ماوە بینووسیت.

چیخەف: بۆ ساتێك بێدەنگ دەبێت، سەیری بنمیچەكە دەكات،

سەیرە ئۆڵگا.. هەموو ژیانم خەریكی نووسین بووم دەربارەی مردنی كەسانیتر،

كەچی فێر نەبووم چۆن مردنی خۆم بنووسمەوە.

ئۆڵگا فرمێسك دەڕێژێت.

چیخەف: من ماندووبووم لە ئازار كێشان ...بەڵام ناترسم.

ترسی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مرۆڤەكان ئەوە لەبیر بكەن چۆن بە بەزەییەوە سەیری یەكدی بكەن.

(كۆكەیەكی توند دەكات. ئۆڵگا سەری دەگرێت)

ئۆڵگا: پێم بڵێ دوای تۆ من بێ تۆ چیم پێ‌ دەكرێ‌؟

چیخەف بە دەنگێكی زۆر كز، بۆ خۆت بژی...

وای دا بنێ‌ من هێشتا لە ڕیزی یەكەمی شانۆكەوە تەماشات دەكەم.

(كەمێك بێدەنگ دەبێت، بە زەحمەت چاوەكانی دەكاتەوە)

ئۆڵگا.. دەزانی تەنیا لە چی پەشیمانم؟

ئۆڵگا: بەدەم فرمێسك ڕشتنەوە، لە چی؟

چیخەف: كە نەمتوانی وەك پێویست ئەوە بگەینمە خەڵك كە دەبوا بیگەیەنم.

چیخەف :ماڵئاوا من دەمرم!

(هەناسەیەكی قووڵ هەڵدەكێشێت، گوشار دەخاتە سەر دەستی ئۆڵگا)

چیخەف: ئەگەر شتێكت نووسی، دەربارەی مرۆڤ بنووسە، نەك دەربارەی پاڵەوانێتی.

مرۆڤی ئاسایی، گەورەترین تراژیدیای ئەم جیهانەیە.

(بزەیەكی زۆر كز دەكات)

چاوەكانی هێدی هێدی دادەخرێن. دەستی شل دەبێتەوە. بێدەنگییەكی درێژخایەن.

ئۆڵگا هەر بە دەستییەوە دەمێنێتەوە، پاشان نێوچەوانی دەخاتە سەر سنگی.

ئۆلكا بۆ جیخەف هەر تەنیا هاوسەرێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو ئەكتەرێكی لێهاتووی ناو چیرۆك و شانۆنامەكانی چێخەف بوو لەسەر تەختەی شانۆ.

كاتێ‌ ساڵی 1901 هاوسەرگیرییان كرد، زۆربەی كاتەكانیان بە جیا بەسەر دەبرد.

ئەو كات چیخەف لە (یاڵتا) بوو، بەهۆی نەخۆشییەكەی، هەمیشە پێویستی بە كەشوهەوای گەرم هەبوو، ئۆڵگاش لە(مۆسكۆ) دەمایەوە بۆ پرۆڤەكردنی كارە شانۆییەكانی.

 ئەم دوورییە، میراتێكی سەرسوڕهێنەری لە نامە گۆڕینەوە بەجێهێشت و زیاتر لە 800 نامە، كە پڕ بوون لە خۆشەویستی، گازندەی ناسك و گاڵتەی تایبەتی نێوانیان بوو.

 ئەگەرچی هەندێك كەس (ئۆڵگا) یان تۆمەتبار دەكرد بەوەی چیخەفی لە كاتی نەخۆشیدا بەتەنیا جێ هێشتووە، بەڵام (چیخەف) خۆی هانی دەدا شانۆ جێنەهێڵێ‌، چونكە هەرگیز ئاواتی ئەوەی نەدەخواست ئەوە ببینێ‌ كە ئەكتەرێكی لێهاتووی وەك (ئولگا) بەهۆی ئەوەوە، ئەو بەهرە جوانەی ژاكاو بێت.

Top