لە نێو دانشتنی دادگای بەیروت:فەزل شاكر هیچ پەیوەندییەكی بە ڕووداوەكانی ناوچەی عەبرا نییە
دوای ئەوەی لە ئوكتۆبەری ساڵی پار خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوپای لوبنان كرد,لەو ماوەیەدا بەڕێوەچوونی ڕێكاڕە یاساییەكانی فەزل شاكر لە دادگادا بووە باسی گەرمی ڕۆژنامە و میدیا عەرەبییەكان,لە ئێستادا بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی لە ماڵپەڕی ETعەرەبی بڵاوكراوەتەوە دادگای تاوانەكانی بەیروت لە لوبنان,لەسەر دۆسیەی ڕووداوی تەقەكردنەكەی (عەبرا)دانیشتنی ئەنجامدا,كە ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ حوزەیرانی ساڵی 2013,كاتێك لایەنگرانی شێخ ئەحمەد ئەسیر لەگەڵ هێزەكانی سوپای لوبنانی لە خاڵێكی پشكنین لە شارۆچكەی عەبرا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە,لە ئەنجامدا 18 سەرباز و 11چەكدار بوونە قوربانی,بەم هۆیەوە سوپای لوبنانی دوای زانیاری و لێكۆڵینەوەكانی هەڵدەكوتێتە سەر كۆمەڵگەیەك كە شوێنی لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر و هێزە چەكدارەكانی بوو و توانیان دەست بەسەر ژمارەیەك چەكی سووك و قورسدا بگرن,ئەو كات ئاماژەی پێدرا كە ئەم شوێنە ئەسیر و چەكدارەكان لە نێویاندا گۆرانیبێژ و هونەرمەندی لوبنانی (فەزل شاكر) وەكو بارەگا بەكاریان دەهێنا.
بەپێی سەرچاوەیەك لەم هونەرمەندە بڵاوكراوەتەوە كە فەزل شاكر سەرەتا چووەتە ناو دادگا و دەربارەی ڕووداوەكە هەندێ پرسیاری لێ كراوە,بەڵام ئەو دووپاتی كردەوە كە لەو ڕووداوەدا بەشدار نەبووەو تەنها كۆمەڵێك لە دۆستەكانی شانبەشانی وەستان تاوەكو بیپارێزن نەك بۆ هێرشكردنە سەر سوپای لوبنانی,بەوپێیەی كە خانووەكەی فەزل شاكر بەتاڵان چوو و دواتر سوتێندرا وە لە لایەكی دیكەوە خێزانەكەی هەڕەشەیان لەسەربوو و مەترسی كەوتبووە سەر ژیانیان,بەم هۆیەوە كۆمەڵێك كەس لە دەوروی كۆبوونەوە.
هەر لە میانی بەڕێوەچوونی دادگایی كردنەكە,دواتر شێخ ئەسیر كە ئەویش لەسەر دۆسییەی ڕووداوەكەی عەبرا دەستگیركراوە دەچێتە نێو هۆڵی دادگا و لێكۆڵینەوە دەربارەی ڕووداوەكە بەردەوامی دەبێت,بەپێی ئەم ماڵپەڕە بڵاوكراوەتەوە كە دادگا چەند پرسیارێكی لە ئەسیر كردووە دەربارەی ڕۆڵی فەزل شاكر لە شەڕەكەدا, وەڵامەكانی ئەسیر بەم شێوەیە بوون.
-لە كاتی ڕووداوەكە فەزل شاكر لە هیچ بارەگایەكی سەربازی نەبینراوە,وە هیچ پێگە و شوێنێكی سەربازی نەبووە.
-ڕەتی كردەوە كە فەزل شاكر تەقەی كردبێت یاخود چەكی هەڵگرتبێت.
-دوووپاتی كردەوە كە بە درێژایی شەڕەكە فەزل شاكری لەگەڵدا نەبووە.
-هەروەها ڕەتی كردەوە كە فەزل شاكر سەر بە(كتائب مقاومة حرة)هێزەكەی ئەسیر بوو بێت,یاخود هاوكاری دارایی یان هەر گرووپێكی چەكدار كرد بێت.
بەپێی ئەم لێدوانانە بێت بەرپرسیارێتی سەربازی و هاوكاری دارایی لەسەر فەزل شاكر لادەچێت دەربارەی ڕووداوەكەی عەبرا,دادگا كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا و بڕیاریدا بە دواخستنی دۆسییەكە بۆ ڕێكەوتی 24ی ئادار.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
