قوتابخانە بەرپرسیاریەتی قوتابییە

قوتابخانە بەرپرسیاریەتی قوتابییە

 

(فگتۆر هۆگۆ) نوسەر و شاعیر و رۆماننوسی فەرەنسی دەڵێ"ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەك بكاتەوە، دەرگای بەندیخانەیەك دادەخات".
قوتابخانە هەر تەنها باڵەخانەیەك نییە لە چەندەها پۆل و ژوور و گۆڕەپان و پێداویستییەكانی قوتابی تێدا بێت و زانیاری و زانست بۆ قوتابی بگوازێتەوە، بەڵكو قوتابخانە كارگەیەكی بەردەوامە بۆ دروست كردن و هێنانە بەرهەمی قوتابی زیندوو. لە قوتابخانەیە قوتابی تێدەگات كە قوتابخانە لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی تایبەتی قوتابیدان و پێویستە بیانپارێزێ بە پاك و خاوێنی و تێبگات كە قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابییە بزانێ و هەستی پێبكات و پەیڕەوی بكات، نەك بە ئەرك تێبگات كە لەلایەن مامۆستا یان بەرێوەبەر یان دایك و باوكی بە سەریدا سەپێنرا بێت.
كە قوتابی زانی و هەستیكرد قوتابخانە كە لە بەرپرسیاریەتی خودی قوتابییەكە خۆیەتی ئەوا هەست بە شكۆمەندی و بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی دەكات و خۆی بە بەرپرسیاری ڕاستەقینە دەزانێ لە قوتابخانە و متمانەی بەخۆی زیاتر دەبێت و كەسایەتی بەهێز دەبێت. هەست دەكات خۆی خاوەن و بەرپرسیارە، نەك ئاراستەی بكەن و ئەركی پێ بسپێرن و بە ئەرك بزانێ، بەڵكو لەوە تێدەگات كە خۆی بەرپرسیارە و سەركەوتن و بەرهەمەکان بەرهەمی ماندووبوونی خۆیەتی، ئەوەش متمانە بە خۆبوون زیاتر دەكات و لە هەمان كاتیشدا وا هەست دەكات كە ئامادەیی باشی تێدایە بۆ سەركەوتن و ژیان كردن و دەزانێ ژیانی ڕاستەقینە مرۆڤێكی وای دەوێت كە خۆی خاوەن بڕیار و جێبەجێكار و بزوێنەر و بڕیاردەر بێت، نەك بە فەرمان و بڕیاری مامۆستاكان و دایك و باوكان كارەكان جێبەجێ بكەن، بەڵكو خۆیان خاوەنداریەتی بسەلمێنن.
زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان ئەو چەمك و تێگەیشتنانەیان كردۆتە بنەمایەكی تۆكمە بۆ پەروەردە بۆ نموونە لە ژاپۆن قوتابیان خۆیان قوتابخانەكانیان پاك دەكەنەوە و ژینگەی قوتابخانە ڕێك دەخەن و ئەوەش خاوەنداریەتی زیاتر دەكات، لە ئوردەن و چەند وڵاتێكی كەنداو پڕۆژەی (قوتابخانەكەم بەرپرسیاریەتی منە )جێبەجێ دەكرێ كەوا قوتابی هەست بە بەرپرسیاریەتی زیاتر دەكات لە قوتابخانەكە و دەكرێ لە وتارەكانی داهاتوو وردەكاری پڕۆژەكە بخەینە ڕوو. بێگومان لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان نموونەی جۆراوجۆر هەن ، لە كورتە چیرۆكێك دەگێڕنەوە " مامۆستایەك هەمیشە بە قوتابیەكانی دەگوت (من كلیلی دەرگای زانستتان دەدەمێ،بەڵام كردنەوەی دەرگاكە تەنها كاری ئێوەیە) ڕۆژێك قوتابیەك پرسی، مامۆستا بۆچی هێندە جەخت لە سەر ئەوە دەكەینەوە كە ئێمە بەرپرسین؟
مامۆستاكە وەڵامی دایەوە و گوتی"ئەگەر من بۆت بخوێنم، تەنها من زانیاری زیاد دەكەم، ئەگەر دایكت ئەركەكانت بۆ بكات تەنها ئەو ماندوو دەبێت، بەڵام كاتێك خوت دەیكەیت تۆ گەورە دەبیت و كلیلی داهاتووت لە گیرفانی خۆتدا توند بگرە"
كەواتە فێربوونی تەواوەتی و ڕاستەقینە ئەوكاتە دەست پێدەكات كە قوتابی هەست بكات و تێبگات و بزانێ و بەردەوام بڵێ" ئەوە ژیانی منە و من بەرپرسیارم لێی"
كە ئەوەش سوور بوون و بەرپرسیاریەتی تەواوە دەرئەنجامەكەشی ڕوونە بە شانازییەوە بڕینی قۆناغ و ڕێگاكانە و گەیشتن بە ئامانجی كۆتاییە.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top