یەکڕیزیی نەتەوەیی.. نهێنیی مانەوە و سەرفرازیمان

یەکڕیزیی نەتەوەیی.. نهێنیی مانەوە و سەرفرازیمان

 

بوون و مانەوەی ئێمەی کورد، بەندە بە بوونی نەتەوە و نیشتیمانمانەوە. ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە هەمبەر هەموو ئەو هەوڵانەدا وەستاوەتەوە کە دەیانەوێت گیانی نەتەوەیی لە هزری تاک بە تاکی ئێمەدا بکەنە ئامانج و بمانسڕنەوە.
سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی هەندێک ڕەوتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی نامۆ بە دۆزی ڕەوای کورد، چ لە هەرێمی کوردستان، چ لە پارچەکانی دیکەی نیشتیمان، کە لەژێر ناو و دروشمی بریقەدار و دوور لە واقیعدا هەوڵی لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و دابڕاندنی لاوانمان دەدەن لە خەباتی ڕەسەنی نەتەوایەتی، بەڵام دواجار هەوڵەکانیان نەک هەر شکەستی هێنا، بەڵکو بووە هۆی ورووژاندنی زیاتری هەستی نیشتیمانپەروەریی لە ناخی کۆمەڵگەکەماندا.
ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونە بۆتەیەکی ڕاستەقینە بۆ تاقیکردنەوەی ئەم بیرۆکانە. کاتێک خوشک و براکانمان لەو بەشەی وڵات کەوتنە بەر هێرش و پیلانگێڕییەکی دڕندانە، وەڵامی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە باشوور، ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەری بوو. ئەو وشیارییە بەرزەی جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی هەست ناسک و نەتەوەخواز، سەلماندی کە "پیرۆزیی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری" ئەو تاکە ڕاستییەیە کە ناوەڕۆکی کەرامەت و مانەوەمان دەپارێزێت.
خەڵکی باشووری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە، بە دەنگ بانگەوازی ویژدانی نەتەوەییەوە هاتن. کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری، خۆپیشاندانی پشتیووانی، چالاکیی مەدەنی و گوشار دروستکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بوونە دیمەنێکی ڕۆژانە. ئەم هەڵوێستە جوانە ئەوەی سەلماند کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن گیانی برایەتی و هاوخوێنی لەنێوان پارچەکانی کوردستاندا بسڕنەوە. ئەم یەکدەنگییە وەک پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا، شکەستی بە هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیایانە هێنا کە کاریان لەسەر لێکترازانی ناوماڵی کورد دەکرد.
لەم سۆنگەیەوە و وەک ڕێزگرتنێک لەم هەستە نەتەوەییە بەرزە، جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە پەیامێکدا بە گەرمی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەو پشتگیری و هاوکارییە بێدرێغییەی کە پێشکەش بە خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد. جەنابیان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هەڵوێستە نیشتیمانییە گەورەترین سەرمایەی نەتەوەییە و نیشانەی زیندوویی و بە ئاگایی گەلەکەمانە لە ئاست چارەنووسی هاوبەشی خۆیدا.
لەم تابلۆیە گەورەیەی خەباتی نەتەوەییدا، ئافرەتی کورد هەمیشە ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگی گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە مەزنە تەنیا لە قارەمانێتیی ژنانی تێکۆشەری ڕۆژئاوای کوردستاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو مێژوویەکی درێژتری هەیە. لەو ڕۆژەوەی کوردستان دابەش و داگیر کراوە، ژنان شانبەشانی پیاوان لە مەیدانەکانی خەبات و تێکۆشاندا بوون. لە سەنگەرەکانی بەرگرییەوە بگرە تا دەگاتە خەباتی سیاسی، مەدەنی و ڕۆشنبیری، ئافرەتانی کورد سەدان شەهیدیان داوە و بوونەتە سیمبولی ڕێز و شکۆمەندیی هەمیشەیی بۆ گەلەکەمان.
کۆبەند و دەرەنجام ئەوەیە، کە هۆشیاریی نەتەوەیی و یەکڕیزی، کلیلی مانەوە و سەرکەوتنی ئێمەیە. ئەو ڕاپەڕینە ویژدانییەی لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا بینرا، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە، کە هیچ هێز و ئایدیۆلۆژیایەک ناتوانێت گیانی نیشتیمانپەروەری لە دڵی گەلی کوردستاندا بکوژێنێتەوە، چونکە چارەنووسمان یەکە و ئامانجیشمان ئازادی و سەرفرازیی نیشتیمانە.

Top