لەبارەی جیاوازیی بارودۆخی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەوە
لە میانەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هەمیشە (سەرۆک بارزانی) ئەم وتەیەی دووبارە دەکردەوە کە هاوکێشەکان دوای هەڵبژاردنەکان جیاواز دەبن. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدەمەوەهاتنی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بەپێی پێویست نەبوو؛ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشدا هەمان هەنگاوی هەڵە نرا، کە یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردی لە پەرلەمان کرایە ئامانج. بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت، لە ئێستادا هاوکێشەکان تەواو پێچەوانەن.
سەرەتا سەرنج بخەینە سەر کۆتا پەیوەندیی نێوان (سەرۆک بارزانی) و (تۆم باراک) نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا؛ دوای گەیاندنی سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆک بارزانی، بۆ ئەو ڕۆڵە میحوەرییەی لە بەدیهێنانی سەقامگیریی سووریادا هەیبوو، داوای کردبوو کە لە عێراقیش هەمان ڕۆڵی هەبێت. ئەمەش پێمان دەڵێت کە ئەمریکا لە چوارچێوەی مەلەفی عێراقیدا لە داهاتوودا بۆچوونەکانی (سەرۆک بارزانی) دەکاتە بنەمای مامەڵەیان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا.
شیعەکانیش زوو لەم پەیامە گەیشتن، بۆیە وەفدێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە "سەری بڵند"؛ ئەوەی ڕاگەیەندرا ئەوە بوو کە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار هاتوون، بەڵام لە ڕاستیدا داوای نێوەندگیرییان لە سەرۆک کردووە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی و گەیشتن بە بەربژێرێکی تەوافوقی.
هاوکات هەڵوێستە دژەکانی (محەمەد حەلبووسی) سەرۆکی حیزبی تەقەدوم لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەک و کاندیدکردنەوەی (نووری مالیکی) بۆ خولی سێیەم لە لایەکی ترەوە، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ناوبراو دۆستی نزیکی گرووپە چەکدارەکان و (فایەق زێدان)ی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە (کە بە نوێنەری دەوڵەتی قووڵی ئێران لە عێراق هەژمار دەکرێت). ئەمەش ترسی لای حەلبووسی دروست کردووە کە بە هاتنی مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بوونی پارتی لە سەرۆکایەتیی کۆمار، ئیدی ڕۆڵێک بۆ ئەو نامێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە، مالیکی لە دوا دیداری تەلەڤزیۆنیدا ئەوەی دووپات کردەوە، کە پێویستە حەلبووسی بگەڕێنرێتەوە بۆ قەبارەی خۆی.
دوای گۆڕینی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق لە (مارک ساڤایا)وە بۆ (تۆم باراک)، ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە ئیدی ئەمریکا (عێراق، سووریا و لوبنان) بە یەک پاکێج سەیر دەکات؛ دوای کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ئێران لە لوبنان و سووریا، ئیدی ئەمجارە نۆرەی عێراقە.
وێڕای ئەوانەش، کاندیدکردنی (نووری مالیکی) سەرۆکی حیزبی دەعوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتوو، هاوکات بوو لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی (دۆناڵد ترەمپ) کە هەڕەشەی ئابووریی گەورەی دژی عێراق کرد. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕانکاریی قووڵ لە باڵانسی هێزی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بە شێوەیەک چوارچێوەی هەماهەنگیی دابەش کرد بۆ دوو بەرەی دژ بە یەک. ئەم دابەشبوونە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پاڵپشتیکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیدا. بەپێی خوێندنەوە سەرەتاییەکان، ئەگەر کورد بە دوو کاندیدی جیاواز بچێتە ناو پێشبڕکێکەوە، (فوئاد حوسێن) کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان چانسی زیاتری دەبێت.
بێگومان هەڕەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای ئابووری و نەناردنی داهاتی نەوت بۆ عێراق لە ئەگەری بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتدا، هاوکێشەکانی تەواو پێچەوانە کردووەتەوە. هاوپەیمانەکانی یەکێتی لە عێراق زۆرینەیان ئەو گرووپە چەکدارانەن کە بە میحوەری ئێرانی هەژمار دەکرێن؛ ئەمریکاش نایەوێت کاندیدێکی نزیک لەو گرووپانە ببێتە سەرۆککۆمار. شیعەکانیش ئەمە باش دەزانن، بۆیە هەوڵ دەدەن سەرۆک بارزانی ڕازی بکەن بە کاندیدێکی هاوبەش. دەرەنجام، ئەگەر یەکێتی بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بچێتە کێبڕکێوە، شیعەکان لەبەر خاتری یەکێتی، عێراق ناخەنە بەر مەترسیی و هەڵوێستی توندی ئەمریکاوە.

محەمەد عەلی