تیمی ترەمپ: لە نێوان هێز و سەرلێشێواویدا... دەستپێشخەری خێرا و بڕیاری بەپەلە
(*)
ویتکۆف و کوشنەر کاریگەری ترەمپیان بەکارهێنا بۆ فشارخستنە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی
ئیسرائیل تا دواجار ڕازی بوو بە ئاگربەست و پلانێکی ئەمریکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، سەرلێشێواویی ناو ڕیزەکانی باڵای حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە پلانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا گەیشتە لوتکەیەکی دەگمەن، لوتکەیەک کە لە پەنجا ساڵەی ڕەچاوکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا شاهیدی نەبووم. لە ٢٠ی ئەم مانگەدا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆ فشاری خستە سەر سەرۆکی ئۆکرانیا زێلێنسکی بۆ ئەوەی پلانێکی ئاشتی ٢٨ خاڵیی قبوڵ بکات، کە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە شەڕەکە پێشکەشکرا. بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە بڕگەکانیدا، بە توندی ڕەتیان کردەوە و زیاتر هاوشێوەی لیستێکی تەواو داڕێژراوی داواکارییەکانی ڕووسیایان زانی.
زۆری نەخایاند کە میدیاکان ئاشکرایان کرد کە ئەو پلانە لە کۆبوونەوەکانەوە پلانی بۆ دارێژرا بوو، کە لە ماڵی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامدراون و جارێد کوشنەر زاواکەی و هەروەها نێردراوێکی تایبەتی ڕووسیا کە لەلایەن سەرۆک ڤلادیمێر پوتینەوە نێردراوە.
لە ٢٢ی ئەم مانگی تشرینی دووەمدا مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە چەند سیناتۆرێکەوە کرد لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو توڕەییەی کە لە زیادبووندایە. ئەو لە ساڵانی کارکردنیان لە ئەنجومەنی پیران بە باشی دەیانناسی. بەڵام ڕاستەوخۆ دوای گفتوگۆکانیان لەگەڵیدا، ئەوەی کە ئیدیعایان دەکرد دووپاتکردنەوەی ڕوبیۆیە کە پلانەکە لە ڕووسیا سەرچاوەی گرتووە و واشنتۆن تەنها دەیگوازێتەوە بۆ کیێڤ، بە میدیاکانیان گەیاند.وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خێرایی ئەم قسەیەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سیناتۆرەکان بە هەڵە لە وەزیر تێگەیشتوون و ئەو ٢٨ بڕگەیە ئەمریکییە و پێویستە لەلایەن ئۆکرانیاوە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لەگەڵ زیادبوونی ڕەخنەکان لە واشنتۆن و ئەوروپا، ترەمپ ئێوارەی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژنامەکانی کۆشکی سپی ڕاگەیاند کە کراوەیە بۆ پێداچوونەوە بە پلانەکەدا. دوابەدوای ئەم پاشەکشەیە کە ناسکی پلانەکەی ئاشکرا کرد، ویتکۆف و کوشنەر بە خێرایی پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا کرد و پلانێکی نوێی ٢٠ خاڵییان داڕشت، کە دواتر بنەمای دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ لە ماوەی مانگەکانی کانوونی دووەم و مانگی یەکدا پێکهێنا.
دەستپێشخەری خێرا و بڕیاری بە پەلە
ئەم سیناریۆیە لەگەڵ نەخشە ئاشنای بڕیاردانی ئەمریکادا ناگونجێت. بۆ تێگەیشتن لە ڕێبازی ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە، زۆر گرنگە دان بەوەدا بنێین کە هەندێک سەرکەوتن- وەک کەمکردنەوەی قەبارە و چڕی شەڕی غەززە- لەگەڵ ساتەکانی سەرلێشێواوی بە هەمان شێوە گرنگدا جێگیرکراون، وەک ئەوانەی دەوروبەری پلانی سەرەتایی ٢٨ خاڵیی بۆ ئۆکرانیا. سەرۆک کۆمار پشت بە بازنەیەکی بچووک دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا، کە کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک مارکۆ ڕوبیو، و جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سوزان وێڵز، سەرۆکی ئەرکانی ترەمپ، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، هاوڕێی دێرینی ترەمپ و بازرگانی ملیاردێری و جارێد کوشنەری زاوای دەکات. ئەم بازنەیە بە خێرایی بەرچاوی لە بڕیاردان و جێبەجێکردندا دەناسرێتەوە. نزیکییەکەی لە سەرۆک کۆمارەوە ڕێگەی پێدەدات دەستی بگات بە سەرکردە سەرەکییەکانی جیهان.لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ویتکۆف و کوشنەر کاریگەرییەکانی ترەمپیان بەکارهێنا بۆ فشارخستنە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە دواجار ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئاگربەست و پلانێکی ئەمریکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە. تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەو تیمە ڕەوتی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ غەززە سێ هێندە کردبوو. ئەمانە هەنگاوگەلێک بوون کە کاریگەری بەرجەستەیان هەبوو، بەڵام دامەزراندنی ئاگربەست ئێستا ئاسانترە لە بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام. ئاگربەست لە غەززە بەئاسانی ماوەتەوە و بە تەواوی ڕێزی لێنەگیراوە، لە کاتێکدا ئاگربەست لە ئۆکرانیا هێندەی تر بە زەحمەت ماوەتەوە.
هەڵە و بەدواداچوونی لەسەرخۆ
شتێکی نائاسایی نییە سەرۆکەکانی ئەمریکا پشت بە بازنەیەکی بچووک ببەستن بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لەوە تێپەڕی و لەناکاو زیاتر لە نیوەی کارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کارەکانیان دوورخستەوە. بەم کەمبوونەوەیەە، ڕۆڵی ئەنجومەن کەم بووەوە تا ئەو ڕادەیەی کە لە بازنەکانی باڵای بڕیاردان دابڕان و نەیتوانی چاودێری وردەکارییەکانی بڕیارە گەورەکان بکات یان هۆشداری بدات لە دەرئەنجامەکانیان پێش ئەوەی بەرەو قەیرانەکان پەرەبسەنن. ئەگەر شتەکان بەپێی کەناڵە دامەزراوەییە ئاساییەکانی واشنتۆن بەردەوام بوونایە، ئەنجومەنەکە ویتکۆف و کوشنەر و ترەمپی لەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە ئاگادار دەکردەوە کە پلانە ٢٨ خاڵییەکە لە ئۆکرانیا و ئەوروپا و کۆنگرێس وروژاندبوو.
لەم نێوەندەدا، لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە دامەزراوەییە، یاریدەدەرانی نزیک لە ویتکۆف و کوشنەر ڕۆڵی دەرەوەی شارەزایی خۆیان دەگرنە ئەستۆ. لەوانە جۆش گرونبام، بەڕێوەبەری دارایی لە نیویۆرک کە بەشدارە لە بەڕێوەبردنی دانوستانەکان بۆ شەڕی ئۆکرانیا و ئاریە لایتستۆن کە پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەیە.لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی یارمەتییە مرۆییەکان لە ساڵی ڕابردوودا، لایتستۆن و سەرۆکەکانی بڕیاریاندا سیستەمی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بەدەر بکەن و میکانیزمێکی بەدیل دروست بکەن. "سندوقی مرۆیی غەززە" کە لە ئەنجامدا دروست بوو، زۆر کەمتر بوو لە ستانداردە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان بۆ کاری فریاگوزاری، ئەمەش خەڵکی غەززی بەرەوڕووی مەترسییە گەورەکان کردەوە لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بڕێکی سنووردار لە خۆراک بەدەستبهێنن و دواتر ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە. لە هەمان کاتدا نە لایتستۆن و نە گرونبام ئەزموونێکی تەواویان نییە لە بەڕێوەبردنی ئەو هەماهەنگییە ئاڵۆزەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و دەزگا هەواڵگرییەکان، کە وردەکارییە ئاڵۆزەکان کە مانا و کاریگەریی بڕیارەکان دەدەن، داڕێژراون.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، سەیر نییە کە ئەم بازنە بچووکە خەبات دەکات بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی سەر زەوی و پێشبینی پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان. ویتکۆڤ چەندین جار بە هەڵە لە ئیدیعاکانی خاکی ڕووسیا تێدەگەیشت، هەندێکجار پێیوابوو مۆسکۆ دەستبەرداری خاکێکە کە لە ڕاستیدا پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی کیێڤدایە. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، دوابەدوای گفتوگۆکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ، کۆشکی سپی ئاگربەستێکی بەشەکی ڕاگەیاند کە هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزە لە هەردوو وڵات سنووردار کرد. بەڵام ڕێککەوتنەکە بە خێرایی داڕما، بەبێ ئەوەی هیچ سزا و ڕێوشوێنێکی ڕێگریکردن بسەپێندرێت.
لە کۆڕبەندی داڤۆس لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦، ویتکۆڤ بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لە یەک پرسدا کورتکراونەتەوە کە قسە نەکراوە. پێدەچێت ئاماژەی بە پرسی کۆنترۆڵکردنی خاک کردبێت، بەڵام ئەمە وەک گەورەترین و چارەسەرنەکراوترین خاڵی چەسپاو ماوەتەوە. کیێڤ بەردەوام بوو لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هێشتا گەرەنتی ئەمنی و پلانی ئاوەدانکردنەوە کۆتایی نەهاتووە. دوابەدوای سەردانەکەی ویتکۆڤ و کوشنەر بۆ پوتین لە ٢٢ی ژانویە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە پاشەکشە ناکات لە داواکارییە خاکییەکەی، لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ڕووسیا داوای گۆڕانکارییان لە حکومەتی ئێستای ئۆکرانیا دووپاتکردەوە. بەم شێوەیە ڕوون بووەوە کە ڕێگای ڕێککەوتنی کۆتایی تەنیا بابەتی "یەک پرس" نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی مەرج و هاوسەنگی و گرەوەکانە.
تەحەدایەکی دیکەی بەرچاو کە ڕووبەڕووی تیمی کۆشکی سپی دەبێتەوە کە هەردوو فایلی ئۆکرانیا و غەززە بەڕێوەدەبەن، ئەو کاتە سنووردارەی کە لەبەردەستدایە و سەختی چاودێریکردنی بەردەوامە. زەبری دەوروبەری پلانی غەززە لە کۆتاییەکانی پاییزی ساڵی ڕابردوودا کەم بووەوە لە کاتێکدا ویتکۆف و کوشنەر سەرقاڵی دۆخی ئۆکرانیا بوون. ئەوان گروپێکی کاری بچووکیان لەناو کۆشکی سپیدا دامەزراند بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردن، بەڵام نەیتوانی مەرجە سەرەتاییەکانی قۆناغی یەکەم جێبەجێ بکات.ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون و دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە ١٠ی ئۆکتۆبەر زیاتر لە چوار سەد فەلەستینی کوژران. هەروەها هەوڵی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحیش درا.
لە داڤۆس ئەمساڵ، کوشنەر و ویتکۆف سەرنجیان لەسەر باشترکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بوو، بەڵام لە کەموکوڕییەکانی قۆناغی یەکەم تێپەڕین و چوونە قۆناغی دووەم.ئەوان بیرۆکەی گروپی کاری غەززەیان خستەڕوو، لەوانە پڕۆژەی "خۆرهەڵاتن" کە پێشنیاری ئاوەدانکردنەوەی ڕەفعە دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا نیو ملیۆن خەڵکی غەززی لەخۆبگرێت، هەروەها گۆڕینی کەناراوەکان بۆ شوێنێکی گەشتیاری لوکس، هەروەها دامەزراندنی تۆڕێکی شەمەندەفەری خێرا و سیستەمێکی لۆجستی بە AI. هێشتا خەمڵاندنە داراییەکان ناڕوونە، بەڵام پڕۆژەکە پێویستی بە دەیان ملیار دۆلارە.
لە داڤۆس کوشنەر دیدگایەکی پێشکەش کرد کە لە ڕووی ڕووکەشەوە درەوشاوە بوو بەڵام لە بنەڕەتدا لە واقیعی غەززە دابڕاوە. نەیتوانی ڕوونی بکاتەوە کە غەززییەکان لە ساڵانی ئاوەدانکردنەوەدا لە کوێ دەژین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو زەوییە کشتوکاڵیانە دەکرێت، یان چۆن مامەڵە لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دەکرێت. ناوبراو دانی بەوەدانا کە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی تایبەت بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکە بەبێ ژینگەیەکی ئەمنی سەقامگیر مەحاڵە، بەڵام کەمتەرخەم بوو لەوەی باس لەوە بکات کە پلانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بە ناڕوونی ماوەتەوە و پێویستی بە کاتێکی بەرچاو دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوونەکان و وەرگێڕانی بیرۆکەکان بۆ واقیع. پلانەکەی بۆ چەکداماڵینی حەماس سنووردار بوو بە بنەما گشتییەکان کە لە ئەزموونەکانی دیکەی چەکداماڵینی میلیشیاکانەوە قەرزیان کردبوو، نەبوونی هەنگاوی کۆنکرێتی یان هێڵی کاتیی ڕوون. داڕشتنی بیرۆکەکان مومکینە و پەرەپێدانی چەمکەکان قورس نییە، بەڵام گۆڕینی بۆ سیاسەتی بژاردە پێویستی بە کات و تیمی پسپۆڕ و توانای چاودێریکردنی وردی پێشکەوتنەکان هەیە. ڕوون نییە کە ئایا تیمی ترەمپ توانای ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە هەوڵانە تا تەواوبوون بەرز بکەنەوە.
کاری بەپەلە لە "ئەنجومەنی ئاشتی"
پاییزی ساڵی ڕابردوو دیپلۆماتکارانی ئەمریکی دیدێکی ڕوونیان نەبوو کە چۆن پلانی ئاشتی ئەمریکا وەربگێڕن بۆ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی بژاردەیی. بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش کە بەدیلێکی ئامادە نەبوو، لە ١٧ی تشرینی دووەمدا بە بڕیارنامەی ٢٨٠٣ پلانەکەی پەسەند کرد، لە ١٦ی کانونی دووەم دروستکردنی "ئەنجومەنی ئاشتی" ڕاگەیەندرا، بەڵام ئامادەکارییەکان بەپەلە و بە خراپ پێناسە کران، وەک ئەوەی پێشبینی بکرێت نەک لەسەر چارەسەرە هەبووەکان بنیات بنرێت. تەنها شەش ڕۆژ پێش واژۆکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ٢٣ی کانوونی دووەم، بانگهێشتنامە بۆ شەست حکومەت نێردراوە.
بە شێوەیەکی سروشتی دەستپێشخەرییەک بەم قەبارەیە پرسیار لە نێوان زۆرێک لە وڵاتان دروست دەکات و دەبێتە هۆی دوودڵی. بەڵام شتێکی نائاساییە واشنتۆن نەتوانێت کاتێکی پێویست تەرخان بکات بۆ ئەوەی وەڵامی قەناعەت پێکەر بۆ ئەم پرسیار و نیگەرانیانە بداتەوە. لە کۆتاییدا ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئوسترالیا ئامادە نەبوون بەشداری بکەن و سەرۆک ترامپ بانگهێشتەکەی کەنەدای هەڵوەشاندەوە. یەکێتی ئەوروپا بە کردەوە لە گۆڕەپانەکەدا نەبوو، تەنها هەنگاریا و بولگاریا پەیوەندییان پێوەکرد- دوو وڵاتی بچووک بەدووری نازانرێت لەنێو پێشەنگەکانی دابینکەری پارەدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
ئەگەر بەرپرسانی ئەمریکی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بیرۆکەکانیان تاوتوێ بکردایە و زۆر پێش ڕاگەیاندنی جاڕنامەکە پێداچوونەوەیان بە ڕێبازەکەیاندا بکردایە، دەکرا هەندێک لەو کێشانە کەم بکرایەتەوە. شایەنی بیرهێنانەوەیە کە ئیدارەی فرانکلین ڕۆزڤێڵت بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواو دانوستانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کرد پێش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزرێت، دوای ئازادکردنی کوێت و ئاگربەست لە شوباتی ١٩٩١ کە کۆتایی بە جەنگی کەنداو هێنا، ئیدارەی بوش بۆ ماوەی هەشت مانگ لەگەڵ حکومەتە جیاوازەکاندا بەشداری دانوستانێکی چڕ و پڕی کرد بۆ داڕشتنی کۆنفرانسی ئاشتی مەدرید لە مانگی ئەیلولدا ١٩٩١ و دامەزراندنی بەرنامە و لیژنەکانی. بەڵام تیمەکەی ترەمپ مەیلیان هەیە لە دەستپێشخەرییە گەورەکانیدا کەناڵە دیپلۆماسییە تەقلیدییەکان بەدەر بکەن، بەشێکی لە ترسی دزەپێکردنی زانیاری بۆ میدیاکان و بەشێکیش بەهۆی گومانەوە لە توانای دیپلۆماتکاران بۆ بەشدارییەکی مانادار. بازنەی ناوەوەی ناو ئیدارە پێیان باشە بۆنە گشتییەکان ڕێکبخەن کە جەنجاڵی سەرەتایی دروست دەکەن، پاشان دواتر کاتێک کات ڕێگەی پێدەدات بگەڕێنەوە بۆ وردەکارییەکان.
ئایا تیمە بچووکەکەی غەززە سەرکەوتوو دەبێت؟
لە کۆتاییدا هیچ ڕێگایەکی واقیعی بۆ پێشەوە بۆ غەززە لە دەرەوەی پلانی فراوانتری ئەمریکا دەرناکەوێت و ڕەنگە وڵاتانی دیکەش بەشداریکردن لە "ئەنجوومەنی ئاشتی" هەڵبژێرن. بەڵام نەبوونی پشتیوانی ڕۆژئاوا بارگرانییەکی قورستری ئاوەدانکردنەوە دەخاتە سەر دەوڵەتانی کەنداو و گروپە تایبەتەکانی وەبەرهێنان. لەلایەکی دیکەوە، ئەرکی وردی تیمی تەکنیکی فەلەستینی کە ئەرکی بەڕێوەبردنی غەززەی پێسپێردراوە تا ئێستا ڕوون نییە، ئەمەش دەرگای خۆلێدانێکی پێشبینیکراو لەگەڵ قودس دەکاتەوە کە پێدەچێت پێویستی بە دەستێوەردانی بەردەوامی ئەمریکا هەبێت بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی و ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتر.
لە ١٦ی ژانویەدا کۆشکی سپی دەستنیشانکردنی ئاریە لایتستۆن و جۆش گرونبام، یاریدەدەری ویتکۆف و کوشنەری وەک ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاشتی ڕاگەیاند. شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە کوشنەر و لایتستۆن کە لە داخوازییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨ بێهیوا بوون، لە کاتی دانوستانەکانی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ هەوڵیان دا فەلەستینییەکان لە پرۆسەی ئاشتی ناوچەکەدا پەراوێز بخەن. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گرونبام کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سزادانی زانکۆ ئەمریکییەکان کە شایەتحاڵی ناڕەزایەتی خوێندکاران بوون لە دژی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە کاتی شەڕی غەززەدا.
بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بەرجەستە لەسەر زەوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی ئاشتی، نیکۆلای ملادینۆڤ و تیمە فەلەستینییەکەی پێویستیان بە دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام و پشتیوانی ڕاستەوخۆی تیمی ئەمریکی و لەلایەن خودی ترەمپەوە دەبێت. ئەزموونی سەختی سەرۆک زێلێنسکی لە ئۆکرانیا وانەیەک بۆ ملادینۆڤ و هاوکارەکانی پێشکەش دەکات: ئەوان هەمان ئاستی پشتیوانی سیاسی لە واشنتۆن بەهرەمەند نابن وەک ئەوەی زێلێنسکی هەیبوو، هەروەها هەمان بوار بۆ مانۆڕکردن کاتێک بای سیاسی لە پایتەختی ئەمریکادا دەگۆڕێت.
(*)
نووسینی :رۆبەرت فۆرد
وەرگیرانی : شێرکۆ حەبیب

شێرکۆ حەبیب