مامۆستا ئاراس ڕۆژنامەنووس و دەروونناس لە دهۆك: تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا زۆر جار لەبری هۆشیاركردنەوە، خراونەتە خزمەت تێركردنی عاتیفە شەڕانگێزەكانی مرۆڤەوە
لە سەردەمی پێش ئینتەرنێتدا، سیاقی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، (چ خێزانی بن یان خزمایەتی و هاوڕێیەتی)، لە ناو بازنەیەكی جوگرافیی زۆر بەرتەسكدا بوون. مرۆڤەكان تەنیا لەو شوێنەدا پەیوەندییان هەبوو كە تێیدا نیشتەجێ بوون، سنووری جوگرافی، سنووری پەیوەندییەكانیش بوو. بەڵام مێژووی تەكنەلۆژیا نیشانی داوین كە هەموو داهێنانێك، شێوازی ژیانی گۆڕیوە. لە تەلەگراف و هێڵی شەمەندەفەرەوە بگرە تا دەگاتە تەلەفۆن و فڕۆكە، ئەمانە هەموو بوونە هۆی گۆڕانكاری لە داڕشتنەوەی پەیكەربەندیی كۆمەڵگە و پێناسەیەكی نوێیان بە چەمكە باوەكان بەخشییەوە.
بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تێزە گرنگەكانی مارشاڵ مەكلۆهان، گەورە تیۆریستی زانستی پەیوەندییەكان، كە هێشتا لەم سەردەمەدا ڕاستییەكەی زیاتر دەردەكەوێت. مەكلۆهان دەڵێت: «ئامراز پەیامە - The Medium is the Message». ئەمە كورتەنامەیەكی قووڵە، واتە خودی تەكنەلۆژیاكە كاریگەریی لەسەر مرۆڤ هەیە، نەك تەنیا ئەو زانیارییەی تێیدا دەگوازرێتەوە. لە دنیای مۆدێرن و فەزای ڤێرچواڵدا، پەیوەندییەكان گۆڕانێكی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە. میدیای ئەلیكترۆنی خەڵكی لە فەزایەكی خەیاڵیدا كۆكردووەتەوە، بەڵام ئەم كۆبوونەوەیە بەهایەكی جەستەیی و ڕاستەقینەی نییە.
ئەمڕۆ دەبینین كەسێك لە فەیسبووك خاوەنی ٥٠٠٠ هاوڕێیە، بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا وەهمێكە. زۆر جار ئەو كەسە نەك هەر شوناسی ڕاستەقینەی ئەو هاوڕێیانە نازانێت، بەڵكو ڕەگەزی زۆربەشیانی بۆ ڕوون نییە. كارەساتەكە لەوەدایە مرۆڤ شانازی بەو هەزاران هاوڕێیە وەهمییەوە دەكات، بەڵام لە كاتی تەنگانە، لە كاتی پرسە و ناخۆشیدا، تەنیا چەند كەسێكی بە ژمارەی پەنجەی دەست لە دەوری دەمێننەوە. ئەم ترازانی پەیوەندییە جەستەییە تەنانەت ناو خێزانەكانیشی گرتووەتەوە، لە ژێر یەك سەقفدا دانیشتوون، بەڵام هەر ئەندامێكی خێزان لە «گوندێكی بچكۆلە»ی جیاوازدا دەژی كە مۆبایلەكەی بۆی دروست كردووە، تەواو لە فەزای واقیعیی چوار دەوری دابڕاوە.
ئەم دۆخە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئاڵۆزترە. ئەگەر ئاماژە بە وتەیەكی بیرمەند مەسعوود محەمەد بدەین كە دەیگوت: «ئێمە لە دەرەوەی مێژووین»، دەبینین ئەمە بۆ ئێستای ئێمەش ڕاستە. مەبەست لەوەیە كە ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گەشەی مێژووییدا نەڕۆیشتووین و لە ڕووی مەنتالێتییەوە چەقمان بەستووە. كاتێك ئامرازەكانی مۆدێرنە و میدیا دێنە ناو ژیانمانەوە، ئێمە بە عەقڵییەتێكی كۆن و نەریتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین. ئەنجامەكەش ئەوەیە كە ئێمە لەبری «میدیای مۆدێرن»، تووشی دیاردەیەك بووین كە دەتوانین ناوی بنێین «خێڵ میدیا».
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا زۆر جار لەبری هۆشیاركردنەوە، خراونەتە خزمەت تێركردنی عاتیفە شەڕانگێزەكانی مرۆڤ. میدیا بووەتە ئامرازێك بۆ شەڕی خێڵەكی، حزبی و سیاسی. وەزیفە ئەخلاقی و كولتورییەكەی خۆی كە گۆشكردنی مرۆڤێكی هۆشیارە، فەرامۆش كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە زانكۆكانی ئەوروپادا، بابەتێك هەیە بە ناوی «میدیا لیتەراسی» یان خوێندەواریی میدیایی. لەوێ لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانكۆ، تاكی كۆمەڵگە فێر دەكرێت، چۆن بە عەقڵانی و ئەخلاقی مامەڵە لەگەڵ مۆبایل، ئینتەرنێت و زیرەكیی دەستكرد بكات.
لێرەوە وەك پسپۆڕێكی ئەم بوارە، پێشنیازێكی جددی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەكەم: پێویستە «خوێندەواریی میدیایی» بكرێتە بەشێكی بنەڕەتی لە مەنهەجی خوێندن لە قۆناغی ئامادەیی و دوای ئەوەش. ئێمە لەبەردەم گەشەیەكی خێرای تەكنەلۆژیاین، بەڵام مرۆڤەكانمان بۆ ئەو گەشەیە ئامادە نەكردووە. ئێمە ئامرازەكانمان هەیە، بەڵام كولتووری بەكارهێنانیمان نییە. ئەگەر پەروەردەیەكی دروست و كولتوورسازییەكی عەقڵانی بۆ نەوەی نوێ نەكەین، تەكنەلۆژیا لەبری ئەوەی بمانباتە ناو مێژوو، زیاتر لە واقیع و مرۆڤایەتی خۆمان دامان دەبڕێت. پێویستە فێر بین چۆن لەم جەنگەڵە دیجیتاڵییەدا، نەك هەر وەك بەكارهێنەرێكی پاسیڤ، بەڵكو وەك تاكێكی هۆشیار و خاوەن ئەخلاقی میدیایی بمێنینەوە.
