د.بەیار سەفەر چیچۆ مامۆستا لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی دهۆك: چەقبەستوویی سیاسی دەرئەنجامی نەبوونی ئیرادەی جێبەجێكردنە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە

د.بەیار سەفەر چیچۆ  مامۆستا لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی دهۆك:  چەقبەستوویی سیاسی دەرئەنجامی نەبوونی ئیرادەی جێبەجێكردنە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە

 

 پرسی ناوچە دابڕاوەكان و ئەو ناوچانەی كە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، تەنیا كێشەیەكی جوگرافی، یان كارگێڕی نییە، بەڵكو گەورەترین تاقیكردنەوەن بۆ سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی دەستوور لە عێراقی نوێدا. چارەسەركردنی ئەم دۆسیە ئاڵۆزە، بەر لە هەر شتێك پێویستی بە دیالۆگێكی سیاسیی نوێ و ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی جێبەجێكردن هەیە. لە ڕوانگەیەكی ستراتیژییەوە، جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، بەتایبەت ماددەی ١٤٠ و ئەو ماددانەی دیكە كە پەیوەستن بە خاك و مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد، تاقە كلیلە بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانە درێژخایەنەی كە چەندین دەیەیە ناوچەكەی جێگیر نەكردووە.

ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی كە ئەمڕۆ دەبینرێت، دەرەنجامی نەبوونی ئیرادەی جێبەجێكردنە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە. ماددەی ١٤٠ كە وەك نەخشەڕێگایەكی دەستووری بۆ ئاساییكردنەوە و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە دانراوە، بەهۆی ململانێیە سیاسییەكانەوە فەرامۆش كراوە. لێرەدا بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەكەوێتە سەر شانی لایەنە كوردستانییەكان، پێویستە ئەم لایەنانە لۆبییەكی نیشتمانیی بەهێز و یەكگرتوو لە ناو پەرلەمانی عێراق دروست بكەن. كاركردنی پێكەوەیی و جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە پرسی خاك و ماددەی ١٤٠ هێڵی سوور و بنەمای هەرە سەرەكیی هاوبەشیی سیاسییە، دەتوانێت گوشارێكی جددی دروست بكات بۆ كاراكردنەوەی ئەم ماددەیە. چونكە ئەمە تەنیا كێشەی نەتەوەیەك نییە، بەڵكو پاراستنی شكۆی دەستوورێكە كە هەموو عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە.

لە لایەكی دیكەوە یەكێك لە گەورەترین بەربەستەكانی بەردەم سەقامگیری و دیالۆگی نیشتمانی، بوونی هێزی چەكدارە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت. كاتێك گرووپە چەكدارەكان و هێزە نافەرمییەكان دەبنە بكەری سەرەكی لە گۆڕەپانەكەدا، زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن جێگەی خۆی بۆ زمانی هەڕەشە و تۆقاندن چۆڵ دەكات. بوونی ئەم هێزانە و دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان، ژینگەیەكی وایان دروست كردووە كە پڕۆسەی دیموكراسی تێیدا پەكی بكەوێت. بەكارهێنانی هێز بۆ چاوترساندنی خەڵك و هەڕەشەكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان، نەك هەر چارەسەر نییە، بەڵكو برینەكان قووڵتر دەكاتەوە. بەڵام پێویستە هەمووان بزانن كە ئیرادەی گەلی كورد لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا ناچەمێتەوە. گەلی كورد كە مێژوویەكی پڕ لە قوربانیدانی بۆ پاراستنی بوونی خۆی هەیە، هەرگیز لە ئاست مافە ڕەواكانی بێدەنگ نابێت.

ئاشتییەكی ڕاستەقینە و بەردەوام لە ناوچەكەدا تەنیا ئەو كاتە بەدی دێت كە گەلی كورد بە مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی خۆی بگات. هەرێمی كوردستان سەلماندوویەتی كە فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ ئارامی و پێگەیەكە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەسەر ئاستی جیهانی. بۆیە پێویستە وڵاتانی دەوروبەر و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو ڕاستییە تێبگەن كە پاراستنی سەقامگیریی كوردستان، پاراستنی سەقامگیریی هەموو ناوچەكەیە. سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام لەسەر ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەیە كار دەكەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەت و دەستوورەوە كێشەكان چارەسەر بكەن.

یەكێكی دیكە لە گرفتە بنەڕەتییەكان، كاریگەریی وڵاتانی دراوسێیە لەسەر بڕیارە سیاسییەكانی بەغدا. بەداخەوە عێراقی ئێستا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش وای كردووە كە ناوەندی بڕیار لە بەغدا خاوەنی ئیرادەیەكی سەربەخۆ نەبێت. زۆربەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش ڕەگ و ڕیشەیان لەم نەبوونی سەروەرییەدا هەیە. داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان، كە هەموویان لە چوارچێوەی دەستووردان، لە ڕاستیدا كەمترین مافن، چونكە ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرایە، مافەكانی كورد زۆر لەوەش فراوانتر دەبوون. ئێمە وەك لایەنی كوردی تەنیا داوای جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە دەكەین كە كۆكەری هەمووانە.

عێراق بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، دەبێت ئیرادەیەكی نیشتمانیی ڕاستەقینە لە بەغدا دروست بێت، كە تەنیا ئامانجی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هاووڵاتییانی پارێزراو بن، ئەو كاتە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش بەرەو كاڵبوونەوە دەچن. لەو كاتەدا دەستوور دەبێتە تاقە ناوبژیوان و بنەما بۆ داڕشتنی یاساكان. تەنیا لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە كە عێراق دەتوانێت بەرەو گەشەكردن و ئاوەدانی هەنگاو بنێت و ببێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی ڕاستەقینە. ئەمە ئەو دیدگایەیە كە دەبێت كاری بۆ بكرێت، تاوەكو نەوەكانی داهاتوو لە ناوچەیەكی بێ ململانێ و پڕ لە ئاشتیدا بژین.

 

Top