لێبووردەیی و بەخشندەیی لە ئیسلامدا
لێبووردە و بەخشین یەکێکن لە جوانترین و بەرزترین ڕەوەشت و خەسڵەتەکانی مرۆڤ. ئیسلام گرنگییەکی زۆری بە لێبوردە و بەخشین داوە، چونکە هۆکاری ئارامی دڵ، یەکگرتوویی کۆمەڵگە و نزیکبوونەوەی مرۆڤە لە خوای گەورە. ئەو کەسەی بتوانێت لە کاتی تووڕەبووندا خۆی بگرێت و لە هەڵەی خەڵکی خۆش ببێت، ئەوە نیشانەی هێزی باوەڕ و پاکی دڵیەتی.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: ﴿وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ﴾ واتە:ئەوانەی لە کاتی تووڕەیی خۆیان دەگرن و لە خەڵک خۆش دەبن، خوای گەورە چاکەکارانی خۆشدەوێت.
ئەم ئایەتە ڕوون دەکاتەوە کە لێبوردەیی و بەخشین خەسڵەتێکی خۆشەویستە لەلایەن خوای گەورەوە، و مرۆڤی لێبووردە لە ڕیزی چاکەکاراندا دادەنرێت.
پێغەمبەری خوا ﷺ زۆرترین نموونەی لێبوردەیی بوو. کاتێک دژمنەکانی لە مەککە ئازاریان دەدات، بەردبارانیان دەکرد و هەوڵیان دەدا بانگەوازەکەی بسڕنەوە، بەڵام هەرگیز تۆڵەی نەکردەوە بە خراپەی ئەوان . لە ڕۆژی فەتحی مەککەدا، کە دەتوانی هەموو دژمنەکانی خۆی سزا بدات بەڵام پێی فەرموون: (اذهبوا فأنتم الطلقاء)واتە:بڕۆن، هەمووتان ئازادن.
ئەمە گەورەترین وانەی لێبووردەیی و بەخشینە لە مێژووی مرۆڤایەتی.
لێبووردەیی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە. لەسەر ئاستی تاک، دڵ ئارام دەکات و مرۆڤ لە کینە و ڕق پاک دەکاتەوە. ئەو کەسەی هەموو کات بیر لە تۆڵە بکاتەوە، دڵی پڕ دەبێت لە ناخۆشی و نیگەرانی، بەڵام کەسێکی لێبووردە و بە ئارامی دەژی و دڵی پاک دەبێت.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش، لێبوردەیی هۆکاری بەهێز بوونی پەیوەندییەکانە. زۆرێک لە ناکۆکی و دووبەرەکییەکان بەهۆی نەبوونی بەخشین و لێبووردەییە. کاتێک هاوڕێ، دراوسێ، هاوسەر یان خزمان لە هەڵەی یەکتر خۆش ببن، خۆشەویستی و یەکگرتوویی زیاتر دەبێت.
لەناو خێزانداش لێبووردەیی زۆر گرنگە. هیچ مرۆڤێک بێ هەڵە نییە، بۆیە پێویستە هاوسەران، دایک و باوک و منداڵان فێری لێبووردەیی بن. ئەگەر هەموو کەسێک بە دوای هەڵەی ئەوی تر بکەوێت و ئامادە نەبێت ببەخشێت، خێزانەکان تێکدەچن و ئارامی نامێنێت.
هەروەها لێبووردەیی لە سیاسەت و ناو کۆمەڵگەدا هۆکاری ئاشتی و پێشکەوتنە. ئەو نەتەوانەی فێری بەخشین و گفتوگۆ دەبن، دەتوانن ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و وڵاتەکەیان بەرەوپێش بەرن.
بەڵام لێبووردەیی بەو مانایە نییە کە مرۆڤ هەموو ستەم و زوڵمێک قبوڵ بکات. ئیسلام فێرمان دەکات لەگەڵ زوڵمدا بوەستین، بەڵام ئەگەر بەخشین ببێتە هۆکاری چاکبوون و ئاشتی، ئەوا بەخشین باشترە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ﴾ واتە: “ئەوەی ببەخشێت و ئاشتەوایی بکات لە نیوان مرۆڤەکان پاداشتەکەی لەسەر خوا دەبێت.
لە کۆتاییدا
پێویستە دڵەکانمان بەرامبەر بە یەکتر پاک بکەینەوە لە ڕق و کینە، فێری لێبووردەیی ببین و لە هەڵەی یەکتر خۆش ببین، چونکە ژیانی وڵات بە لێبووردەیی جوان دەبێت و کۆمەڵگەش بە بەخشین ئارام دەگرێت.
د. عەبدولعەزیز مەنتك.
بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
