نــێــچــیــرڤـــان بـــارزانـــی ســـەرۆکی ههرێمی كوردستان پێشوازیی لە ژان نۆێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکات
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: لەکاتی شەڕی داعش لە ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنسا یەکەم سەرۆک بوو سەردانی هەولێری کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ژان نۆێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی فەرەنسا ئەرکیان کێشا لە رووبەڕووبونەوەی داعش، هەر بۆیە شارەوانی پاریس وەک رێزلێنانێک رێگایەکیان بەناوی پێشمەرگە کردووە.
هەروەها گوتی: لە ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی سەرۆکی فەرەنسا یەکەم سەرۆک بوو سەردانی هەولێری کرد، ئێمە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان.
گوتیشی: فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەمیشە لەکاتە سەختەکان هاوبەش بوونە، لەکاتێکدا سووریا و ئێران و ناوچەکە گرژی تێکەوتووە، ئێمە لە نزیکەوە هەماهەنگی دەکەین بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک، دەمەوێت لە نزیکەوە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کورستان بکەم بۆ ئەو رۆڵەی هەتانبوو بۆ ئەم پرسانە، بەتایبەتی لە دۆخی سووریا دا، کە هاوکاری زۆرباش بوون بۆ ئەوەی رێککەوتن بێتە ئاراوە، هەروەها فەرەنسا ماندوونەناسانە هەوڵەکانی خستووەتەگەر بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان بوەستن، هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی مافی کوردەکان و سەرجەم پێکهاتەکان لە سووریا بپارێزرێت، هەروەها لێرەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، بە ئامانجی دروستبوونی سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری و پڕ لە ئاشتەوایی، هەروەها پێویستە کوردەکان بەشداریەکی کارایان هەبێت لە سووریای داهاتوو هاوشێوەی کورد لە عێراق.
وەزیری دەرەوەی فەرنسا باسی لەوە کرد، ئێمە ئاگاداری ئەو مەترسیانەین کە رووبەڕووبوونەوەی هەرێمی کوردستان دەبنەوە و لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراو دەستە وەستان ناوەستین و هاوکار و پاڵپشتی سەرەکی دەبین.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت: سوپاسی کوردەکان دەکەین بۆ ئەو متمانەی بە ئێمەیان هەیە، پەیوەندی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان گشتگیرە، لە بواری ئابووری و کەلتووری و ژینگە، ئەم پەیوەندییانە کۆنکرێتین و خزمەت بە گەلی کورد دەگەیەنن، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوییەک بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەکی نوێ بۆ کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر.
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەولێر و بەغدا دانووستاندن ئەنجام بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە نێوانیاندایە، هەروەها سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبمەوە و باسی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە دەکەین.
ژان نۆێل بارۆ لە کۆتاییدا گوتی: لە ساڵی 1968 مەلا مستەفا بارزانی بۆ شارل دێ گۆل ناردووە، لەم نامەیەدا مەلا مستەفا بارزانی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانی لێکردووە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، رۆژی جیهانی نیشتیمانی فەرەنسا نموونەیەکە ئیلهام بەخشە بۆ نەتەوەکانی دیکە.
