پاکستان و کازاخستان ٣٧ ڕێککەوتننامەی هاوکاری واژۆ دەکەن
پاکستان و کازاخستان ٣٧ ڕێککەوتننامەی هاوکارییان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کرد.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆک کۆماری کازاخستان، 37 ڕێککەوتنیان واژۆ کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەتی نەوت و کانگا و کاروباری دەریایی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی داون، شەریف لەگەڵ تۆکایێڤ کۆبووەوە و گفتوگۆی لەگەڵ تۆکایێڤ کردووە، کە لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بوو بۆ پاکستان.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا چەندین ڕێککەوتننامەی هاوکارییان واژۆکرد.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەدرێژایی ڕۆژ گفتوگۆی بنیاتنەریان لەگەڵ تۆکایێڤ کردووە، کە لە ئەنجامدا 37 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆکران.
شەریف ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە لە 250 ملیۆن دۆلاری ئێستاوە بۆ یەک ملیار دۆلار لە ساڵی داهاتوودا، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنانی هاوبەش دەکۆڵرێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخانی ئابووریدا.
هەروەها سەرکردەکانی هەردوو وڵات جەختیان لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپاتکردەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
