د.كاوە عەبدولعەزیز لە دهۆك: سیستەمی دیجیتاڵی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ستراتیژە هەرە گرنگەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
تەكنەلۆژیا، بەتایبەتی لە سەردەمی ژیریی دەستكرد (AI) دا، بووەتە ئامرازێكی كاریگەر بۆ خوڵقاندنی سەدان و هەزاران هەلی كاری نوێ لەسەر ئاستی جیهان، هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەم جیهانە لەم شەپۆلە دوا نەكەوتووە و لەناو جەرگەی ئەم گۆڕانكارییانەدایە. بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت بە تەواوی سوود لەم دەرفەتە زێڕینانە وەربگرێت و ڕێژەی بێكاری كەم بكاتەوە، پێویستییەكی مێژوویی بە بونیادنانی ژێرخانێكی تۆكمە هەیە. ئەم ژێرخانە تەنیا لە دابینكردنی ئینتەرنێتێكی خێرا و جێگیردا كورت نابێتەوە، بەڵكو پێویستی بە دابینكردنی هۆكارە پێشكەوتووەكانی گەیاندن و پەیوەندیكردن، ئامێری سەردەمیانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە هۆشیارییەكی كۆمەڵایەتی بەرز هەیە. لە ئێستادا ئاماژە ئەرێنییەكان دەردەكەون، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و خەڵكی كوردستان دەستیان كردووە بە بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد و تەكنەلۆژیا نوێیەكان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و پەرەپێدانی پڕۆژە تایبەتەكانیان، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە تەكنەلۆژیا كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانی بازاڕی كارە.
لە لایەكی دیكەوە، گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سیستەمێكی دیجیتاڵی، یەكێكە لە ستراتیژە هەرە گرنگەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوە كە بەرەو حكومەتی ئەلیكترۆنی دەنرێت، كەمكردنەوەی ئەو ڕۆتینە بێزاركەرەیە كە ساڵانێكی زۆرە بەرۆكی هاووڵاتییانی گرتووە. بە دیجیتاڵكردنی مامەڵەكان، نەك تەنیا كات و سەروەت و سامانی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەپارێزرێت، بەڵكو شەفافییەتێكی تەواو دێتە كایەوە. كاتێك ڕێكارە تەكنەلۆژییەكان جێگەی دەستتێوەردانی مرۆیی دەگرنەوە، دیاردەی «واستە» و واستەكاری بەرەو نەمان دەچێت، چونكە هەموو پڕۆسەكان دۆكیومێنت دەكرێن و بە ئاشكرایی لەبەردەم كاربەدەستان و هاووڵاتییاندایە. ئەمەش دڵنیایی دەداتە كۆمەڵگە كە سیستەمەكە بە یەكسانی و بە بێ جیاكاری كار دەكات.
سەبارەت بە لایەنە نەرێنییەكانی تەكنەلۆژیا، پێویستە كارێكی جددی لەسەر ئاستی حكومەت، ڕێكخراوەكان و خێزانەكان بكرێت. ئەركی حكومەتە كە ڕۆشنبیریی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە ناوەندەكانی خوێندندا بكاتە كارێكی پراكتیكی، واتە پێویستە سەرەتا مامۆستایان بە باشی ڕابهێنرێن تا بتوانن ئەم زانیارییانە بە شێوەیەكی دروست بگەیەننە قوتابییان. لە هەمان كاتدا، میدیا و سۆشیال میدیا بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لەسەرشانە بۆ ئەوەی ڕەهەندە ئەرێنییەكانی ژیریی دەستكرد و تەكنەلۆژیا بخەنە ڕوو، بە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانە بێسوودەكان.
لە كۆتاییدا، هەرچەندە گۆڕانی كۆمەڵگە بەرەو ژیانێكی تەواو دیجیتاڵی ڕەنگە لە سەرەتادا هەندێك هەڵە و شاشیشی تێدا بێت، بە هۆی نوێیی ئەزموونەكەوە، بەڵام پێویستە كۆمەڵگە خۆی ڕۆشنبیر بكات و ڕەفتارەكانی لەگەڵ ئەم ئامرازانەدا بگونجێنێت. ئەگەر بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشكەوتنانەدا بكرێت، لایەنە ئەرێنییەكان زۆر زیاتر دەبن لەو نەرێنییانەی كە ئێستا دەبینرێن. تەكنەلۆژیا تەنیا ئامراز نییە، بەڵكو دەرفەتێكی مێژووییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی نوێی ئاوەدانی، شەفافییەت و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت.
