پ.ی. د.دلێر سەرۆكی بەشی میدیا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر: لە ئاكامی بەهەڵە مامەڵەكردن لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا شیرازەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەكانی تێكداوە

پ.ی. د.دلێر  سەرۆكی بەشی میدیا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر:  لە ئاكامی بەهەڵە مامەڵەكردن لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا شیرازەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەكانی تێكداوە

 

  كاتێك ئاوڕێك لە ژیانی ڕابردووی دایك و باوك و خوشك و براكانمان دەدەینەوە، لەو سەردەمانەی كە هێشتا شەپۆلی تەكنەلۆژیا بەم شێوەیە ماڵەكانی تەنە نەكردبوو، دەبینین بە حوكمی سادەیی ژیان، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان زۆر لە ئێستا پتەوتر و ڕاستگۆیانەتر بوون. بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی خێرای ژیان و هاتنەئارای جەنجاڵی و تەكنەلۆژیا و بەتایبەتیش ئاشنابوونی خێزانی كورد بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وردە وردە ئەو پەیوەندییە مرۆییە جوانانە ڕوویان لە كاڵبوونەوە كرد.

ئەم جەنجاڵی و تەكنەلۆژیایە كاریگەرییەكی قووڵیشی كردووەتە سەر دابونەریتە جوانەكانی ناو ماڵ. جاران كاتێك ئێوارە دەهات، هەموو ئەندامانی خێزان پێویست بوو لە سەر سفرەیەكی هاوبەش كۆببنەوە و بەیەكەوە نان بخۆن و قسە بۆ یەكتر بكەن. بەڵام ئێستا سۆشیال میدیا وای كردووە كە دەگمەنە لە ماڵێكدا سفرەی ئێوارانی كۆكەرەوە هەبێت.

لە لایەكی دیكەوە خراپ بەكارهێنانی ئەم ئامێرە ئەلیكترۆنییانە و ئەكاونتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كارەساتێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەویش زیادبوونی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانە. هاككردن، بڵاوكردنەوەی وێنەی تایبەت و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەكردن، بوونەتە مەترسییەكی جددی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی دەروونیی خێزانەكان لە كوردستان. زۆربەی ئەم كێشانەش لە نەبوونی وشیاریی پێویستی گەنجانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەم بێئاگاییە وای كردووە، زۆر جار لە ئەنجامی نەزانیندا، گەنجان تووشی تاوان ببن، بێ ئەوەی بزانن كە یاسایەك هەیە بە ناوی یاسای «خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان» كە سزای توندی بۆ ئەم جۆرە كارانە داناوە.

سەرەڕای هەموو ئەم لایەنە نەرێنییانە، ناكرێت بڵێین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەنیا زیانیان هەیە. ئەگەر بە دروستی بەكاربهێنرێن، لایەنی ئیجابیی زۆریان هەیە. ناوی ئەم تۆڕانە «تۆڕی كۆمەڵایەتییە» بۆ ئەوەی مرۆڤ پەیوەندییەكانی خۆی فراوانتر بكات، زانیاری و مەعریفە بگۆڕێتەوە و بیر و ڕا لەگەڵ كەسانێك ئاڵوگۆڕ بكات، كە ڕەنگە لە وڵاتەكەی خۆیشی نەبن.

 

Top