لۆزان؛ ئەو قوفڵەی تەنها بە کلیلی "دەوڵەت" دەشکێت

لۆزان؛ ئەو قوفڵەی تەنها بە کلیلی

 

لە سەدەی مێژوویەکی ڕەشدا، کاتێک بازرگانانی جەنگ لەناو تەڵەی پەیمانە شوومەکانی وەک "لۆزان"دا خەریکی دابەشکردنی میراتی جیهان بوون، جەستەی زیندووی کوردستانیان بە خەنجەری دابەشکاری لەتکرد و کوردیان لە چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکاندا کردە دیلی دەوڵەتە داگیرکەرەکان. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، دەبینین لە سایکس-پیکۆوە تا لۆزان، و لە سەعدئابادەوە تا جەزائیر، هەموو ئەو مەرەکەبانەی ئەو ڕێککەوتننامانەی پێ واژۆ کراوە، خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بووە. لۆزان تەنها پەیمانێکی لە سەر کاغەزێک نووسراو نەبوو، بەڵکو قفڵێک بوو لە دەرگای ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیەکی ڕەسەن درا، تا کورد لە زیندانی چوار دەوڵەتدا بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ، لە کاتێکدا نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی دوا قۆناغی "پڕۆژەی قڕکردنی مێژوویی" دەبێتەوە. ئەوەی لە هەر چوار پارچە دەگوزەرێت، دەیسەلمێنێت کە مۆدێلە سیاسییەکانی وەک "فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی" لەبەردەم عەقڵییەتی شۆڤێنی داگیرکەراندا شکستیان هێناوە.
لەم واقیعە تاڵەدا، تاکە هاوکێشەی ڕزگاری تێپەڕاندن و تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەستکردانەیە؛ کات کاتی ئەوەیە بیسەلمێنین کە لە فەلسەفەی مانەوەی ئێمەدا (٢ + ٢ = ١).
ئەمەشیان وەڵامێکی مێژووییە بۆ ئەو پیلانگێڕانەی کە ویستیان لە ناو هاوکێشەکانی جیهان نەمانهێڵن.، بۆیە کورد نابێت چیتر بە "کەمتر لە دەوڵەت" ڕازی بێت. وەک ئەرکێکی مێژوویی، کاتی ئەوە هاتووە لە وەهمی پاشکۆیەتی ڕابچڵەکێین و تەنها بە "سەروەریی ڕەهای دەوڵەتی" ڕازی بین، چونکە بەبێ بوونی دەوڵەت، نە مێژوو بەزەیی پێماندا دێتەوە و نە جیهان دانمان پێدا دەنێت، مافی بڕیاردانی چارەنووس تاکە زامنی مانەوەو شکۆمانە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

یا دەبێ خاوەن دەوڵەت بین و تاجی شکۆ بنێینە سەر
یا لە لاپەڕەی مێژوودا، بەیەکجاری بینە دەر!
بەسیەتی ژینی پاشکۆیی، بەسیەتی زۆڵم و ژێردەستی
"یان ژیانێکی سەربەستی، یان مەرگ لەناو چنگی پەستی!"

 

Top