ئەحلام حەجی بۆ گوڵان:بینەری مەغریبی خۆی لە ناوەڕۆكی دراما مەغریبییەكاندا دەبینێتەوە
ئەحلام حەجی كچە ئەكتەری مەغریبی، هێندە سادە و خاكییانە خۆی نمایش دەكات، باوەڕ ناكەیت ئەو هەموو ناسناوەی بردبێت. ئەحلام زۆبەی كاتەكانی لە پاریس بەسەر دەبات، سەرەڕای شۆخوشەنگییەكەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر تەنیا گرنگی بە جوانیی ڕووخساری نەداوە، بەڵكو گرنگی بە جوانیی ڕۆح و مرۆڤایەتی و كارە خێرخوازییەكانیش دەدات، دەربارەی دوایین كارەكانی چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.
*سەرقاڵی چییت؟
-ئامادەكاری دەكەم بۆ وێنەگرتنی زنجیرەیەكی نوێ لە مەغریب، دوای ئەنجامدانی چەند كارێكی نوێ، لەوانە بەشداریكردنی لە وێنەگرتنی فیلمێكی سینەمایی لە پایتەختی بەریتانیا (لەندەن)، لە ماوەی ڕابردوو پشوویەكی خێزانیی كورتم بەسەر برد، پێش دەستپێكردنی ئەزموونی وێنەگرتنی نوێ، ڕۆژانە لەگەڵ هەوادارانم لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە لە پەیوەندیدام، چونكە پێویستە گرنگی بدەم بە هاوسەنگیی نێوان كار و ژیانی ڕۆژانەم.
لە ماوەی ڕابردوودا نزیكەی 10 كیلۆگرامم لە كێشم دابەزاندووە، پشت بە وەرزشكردنی ڕۆژانە دەبەستم، جگە لە یۆگا و مەلەكردن، ئەمەش بە هاندان وپشتگیری و سووربوون بە بەدیهێنانی ئامانجەكان هاتە دی.
*درامای مەغریبی تا چەند سەركەوتوو بووە لە خستنەڕووی بابەتە كۆمەڵایەتییەكاندا؟
-درامای مەغریبی لە ساڵانی ڕابردوودا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لە خستنەڕووی بابەتە كۆمەڵایەتییەكاندا. سەركەوتوو بووە لە تیشكخستنە سەر كێشە هەستیارەكانی وەك: ناكۆكیی خێزانی و جیابوونەوە، هەژاری و بێكاری، پرسی مافەكانی ئافرەتان دەستدرێژی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم سەركەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ئازادیی دەربڕین و هەوڵی بەرهەمهێنەران بۆ نزیكبوونەوە لە واقیعی كۆمەڵایەتیی مەغریب. بینەرانیش بە باشی پێشوازییان لێ كردووە، چونكە خۆیان لە ناوەڕۆكەكەدا دەبیننەوە.
*تایبەتمەندییەكانی درامای مەغریبی چین؟
-بە بڕوای من درامای مەغریبی چەندین تایبەتمەندیی هەیە، لەوانە: ڕاستگۆیی لە وێناكردنی ژیاندا، فرەڕەنگی لەسەر ئاستی زمانی و كەلتووری، سرووشتی قسەكردن، موزیك و جلوبەرگی ڕەسەن.
*سینەمای مەغریبی چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكەی عەرەبی؟
-سینەمای مەغریبی خاوەنی چەند جیاوازییەكی سەرەكییە لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكە عەرەبی، بەتایبەت سینەمای میسری و سووری كە پێشەنگن وەك كاریگەری ئەوروپی بەهۆی نزیكیی جوگرافی و مێژوویی لە ئەوروپاوە (بەتایبەت فەرەنسا و ئیسپانیا)، سینەمای مەغریبی كاریگەرییەكی زۆری لە سینەمای ئەوروپا وەرگرتووە لە شێواز و تەكنیكدا، فرەیی و جیاوازی بابەتەكان، لە كاتێكدا سینەمای میسری زیاتر گرنگی بە درامای كۆمیدی و سۆزداری دەدات، سینەمای مەغریبی زیاتر مەیلی بەلای فیلمە واقعی و قووڵەكاندا هەیە، كە باس لە پرسی ناسنامە، كۆچ، تێكەڵبوونی كەلتوورەكان و كێشە سیاسییەكان دەكات. سرووشتی دیمەنەكان: مەغریب خاوەنی دیمەنێكی سرووشتی هەمەچەشن و ناوازەیە (بیابان، شاخ، كەنار دەریا، شارە كۆنەكان)، كە سینەماكاران بە باشی بەكاری دەهێنن بۆ دروستكردنی كەشێكی تایبەت، هەروەها پشتیوانیی نێودەوڵەتی، سینەمای مەغریبی زیاتر توانیویەتی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت لە بەرهەمهێناندا، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی، ئەمەش وای كردووە ستانداردی بەرهەمهێنانەكەی بەرزتر بێت.
*بە حوكمی ئەوەی زۆربەی كاتەكانت لە فەرەنسا بەسەر دەبەی، چ كاریگەرییەكی لەسەرت هەبووە وەك ئەكتەر؟
-مانەوە لە فەرەنسا وەك ئەكتەرێك كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەرم هەبووە لە چەند لایەنێكەوە، وەك فێربوونی تەكنیكی نوێ. فەرەنسا خاوەنی قوتابخانەی نایابە لە بواری نواندن و دەرهێناندا، من دەرفەتم هەبووە فێری تەكنیكەكانی نواندنی نوێ بم، بە تایبەت لەسەر شێوازەكانی «میتۆد ئەكتینگ» و قووڵبوونەوە لە كارەكتەردا، فراوانبوونی دیدگا بینینی شانۆ و فیلمە فەرەنسییەكان و ئەوروپییەكان، دیدگای منیان فراوانتر كردووە سەبارەت بە جۆرە جیاوازەكانی نواندن و چۆنیەتی دەربڕینی هەستەكان بە شێوازی جۆراوجۆر. كاریگەریی كولتووری تێكەڵبوون لەگەڵ كەلتووری فەرەنسی، كە خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەندە لە هونەر و ئەدەبدا، وای كردووە تێگەیشتنێكی قووڵترم بۆ مرۆڤ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان هەبێت، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی كارەكتەرەكانمدا، هەروەها فێربووم چۆن هاوسەنگییەك لە نێوان كەلتووری مەغریبی و فەرەنسیدا دروست بكەم لە كارەكانمدا، ئەمەش وای كردووە بتوانم كارەكتەرگەلێك دروست بكەم كە فرەڕەهەند بن و نوێنەرایەتیی ئەم دوو جیهانە بكەن. بە گشتی، ئەم ئەزموونە یارمەتی داوە كە وەك ئەكتەرێك پێ بگەم و تواناكانم فراوانتر بكەم.
