هونەرمەند زۆیا بۆ گوڵان:خۆشەویستیی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی، گەورەترین هاندەری بەردەوامبوونیەتی
زۆیا یەكێكە لەو هونەرمەندە دەنگخۆش و ناسكانەی كە لەماوەیەكی كەمدا بوونی خۆی وەك هونەرمەند و بەتوانا سەلماند، سەرەڕای كاری هونەری لەشوێنێكی وەك سوریا بۆ كچە كوردێك تا ڕادەیەكی زۆر زەحمەت و ئەستەم بوو، بەڵام زۆیا بەردەوام بوو بۆ گەیشتن بە خەونی خۆی.
لەقامیشلۆ لەدایكبووە، لەتەمەنی دوانزە ساڵییەوە دەستی بەكاری هونەری كردووەو لەسەرجەم چالاكییەكانی قوتابخانەكان بەشداریكردوە، زۆیا لەساڵی 2006 یەكەم بەرهەمی خۆی بڵاوكردۆتەوە بەناوی (چاڤێ تە) سێ گۆرانی ئەو بەرهەمەشی كلیپ كردووە، لەساڵی2010 بەرهەمێكی دیكەی تۆماركردووە بەناوی (هێڤی مە) و چەندین كلیپی بۆ گۆرانییەكانیكردووە.
زویا لە بارەی کاری هونەری لە ئەوروپا دەڵێت: كاری هونەری لە ئەورووپا و كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە، ڕەنگە هەندێك جار بڵێن لە ئەوروپا ئیمكانیات زۆرترە، بەڵام یەك شت هەیە كە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت، ئەویش ئەوەیە هونەرمەندی كورد لە هەرشوێنێك بێت بەشێكی زۆری ئەركی جێبەجێكردنی كارە هونەرییەكانی دەكەوێتە ئەستۆی خۆی، كۆكردنەوەی مۆزیسیان و ئامادەكردنی مووزیك ئاسان نییە، كەچی لە هەر پارچەیەكی كوردستان دەتوانیت بە ڕۆژێك تیپێكی تەواو ئامادە بكەیت، لە ئەوروپا جیاوازە لەوانەیە تۆ پێویستیت بە چەند ژەنیارێک هەبێت هەریەكیان لە وڵاتێكن، كۆكردنەوەی ئەو هەمووانە ئەركێكی زۆری دەوێ لە ڕووی ماددی و جەستەییشەوە ماندووبوونێكی زۆری دەوێ، بۆیە لە ئەورووپا یان لە دەرەوە هونەرمەندی كورد ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاجیادەبێتەوە.
دواترباس لە مەرجەکانی بۆهەڵبژاردنی گۆرانی دەڵێت: هونەرمەندانی كورد ئەرك وماندووبوونێكی زۆر دەكێشن تا بەرهەمێك بەو شێوەی هەیە پێشكەشی دەكەن، من بەر لەئەنجامدانی هەر پرۆژەیەكی هونەری بە وردی لەسەر گشت لایەنەكانی كار دەكەم، لە هەمان کاتدا ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆریش دەکەم، ئامانجی سەرەكیی من ئەوەیە لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە خزمەتی گەلەكەم بكەم لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، ئێمەی هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە هەرچەندە لە وڵاتیش دوورین، بەڵام توانا و ئیمكانیاتمان هەیە كە بتوانین خزمەتی هونەری كوردی بكەین، بۆیە من كارەكان بە وردی هەڵدەسەنگێنم و ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە تەنیا خزمەت بە هونەری كوردی بكەم و،دەمەوێت كارێك پێشكەش بكەم لە ئاستی قوربانییەكانی میللەتەكەمدا بێت، چونكە میللەتی كورد شایستەی ئەوەیە كاری جوانی پێشكەش بكەی.
زۆیا تیشک دەخاتە سەر کاری هونەری بە گشتی لە ئێستادا و دەڵێت: ئێستا لە سەرتاسەری جیهان سۆشیال میدیا كۆنتڕۆڵی بەسەر بازاڕدا كردووە، وەك جاران كڕینی ئەلبووم نەماوە، تەنانەت من لەو باوەڕەدام كە بە یەكجاری نەمینێت، بۆیە كاری سنگڵ بۆ هونەرمەندی كورد بەتایبەتی لەبەر ئەوەیە كە هونەرمەندانی كورد هیچ مافێكیان بەسەر ئەلبوومەكانی خۆیدا نەماوە و بە ئاسانی كۆپی دەكرێ و مافی پارێزراو نییە و باویشی نەماوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هونەرێكی رەسەن و جوان پێشكەش بكات، چونكە ئەلبووم سەرمایەی هونەرمەندە بۆیە گرنگ ئەوەیە هونەرەكەی رەسەن بێت ئەو ئەلبوومە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەهاكەی بەرزتر بێتەوە،گرنگ ئەوەیە ئەو هونەرمەندانەی ئێستا لە گۆڕەپاندان بتوانن هونەرێكی رەسەن و پڕوفیشناڵ پێشكەش بكەن و خزمەتێك بە هونەری نەتەوەكەمان بگەیەنین.
سەبارەت بە گرنگی فۆلکلۆریش دەڵێ: لە دێر زەمانەوە میللەتی كورد هەمیشە ڕووبەڕووی بندەستی و داگیركاری بووینەتەوە، تا ئێستاش ئەم بابەتە چارەسەر نەكراوە، تەنیا بەشێكی كوردستان ئازادە، ئەویش لە چوارلاوە دەورە دراوە و دوژمنان بەردەوام هەوڵ دەدەن بە شێوازی جیاجیا لە ناوی بەرن، ئەگەر باس لە هونەر بكەین، بە درێژایی مێژووی كورد ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پاراستنی زمان و كلتووردا، ئێمە كورد خاوەن كلتوورێكی دەوڵەمەندین، هۆكاری مانەوەی زمانەكەمان بە زیندوویی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی نەهامەتی و داگیركاری بۆ هونەری كوردی دەگەڕێتەوە، بە هەموو شێوازەكانی و لە هەموو پارچە و شوێنەكانی كوردستان.
خۆشەویستیی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی، گەورەترین هاندەری بەردەوامبوونیەتی لە كاركردنی بەردەوام بۆ پێشكەشكردنی كاری جوان بە جەماوەرەكەی و، خزمەتگەیاندن بە كوردستان لەڕێگەی هونەرەوە، ئەركی هونەرمەندە بەتایبەتی لە كاتی پرسە چارەنوسسازەكان كە رووبەڕووی میللەتەكەمان دەبێتەوە و پێویستی بە یەكریزی و تەبایی هەیە. بۆیە پێویستە لە گۆرانییەکانی گوزارشت لەمە بکات.
