مەرسوومی ژمارە (١٣)ی ئەحمەد جۆلانی: وەرچەرخانێکی مێژوویی لە نێوان دەرفەتی سیاسی و مەترسییەکانی جێبەجێکردندا

مەرسوومی ژمارە (١٣)ی ئەحمەد جۆلانی: وەرچەرخانێکی مێژوویی لە نێوان دەرفەتی سیاسی و مەترسییەکانی جێبەجێکردندا


دەرچوونی مەرسوومی ژمارە (١٣) لە ڕێکەوتی ١٦ / ١ / ٢٠٢٦ لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبی سووریا، وەک ڕووداوێکی سیاسیی دەگمەن لە مێژووی هاوچەرخی سووریادا هەژمار دەکرێت. ئەم مەرسوومە، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵا" و "داننان بە مافە کولتوورییەکان" داڕێژراوە، هەوڵێکی جدییە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و پێکهاتەی کورد.

لە ڕووی ئەرێنییەوە، ماددەی (١) و (٢)ی ئەم مەرسوومە کۆتایی بەو گوتارە نەتەوەییە توندڕەوە دەهێنێت کە دەیان ساڵە کوردی وەک میوان یان پەنابەر لەقەڵەم دەدا؛ بەڵکوو بە ڕاشکاوی کورد وەک "بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەن" لە گەلی سووریا و زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی" دەناسێنێت. گرنگترین هەنگاوی ئەم مەرسوومە لە ماددەی (٤)دا بەرجەستە دەبێت، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەرهاویشتە ستەمکارییەکانی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٢ی پارێزگای حەسەکە دەدات؛ ئەمەش بەواتای گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوون و ڕەگەزنامە دێت بۆ هەزاران کەس لە (مکتوم القید) و ئەو کوردانەی بێ ناسنامە مابوونەوە.

لە لایەکی ترەوە، خوێندنەوەی مێژوویی بۆ ئەزموونی کورد لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکاندا، وەک ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە عێراق، وادەکات بە گومانەوە لە هەندێک بڕگەی ئەم مەرسوومە بڕوانرێت. بۆ نموونە، ماددەی (٢) مافەکان دەبەستێتەوە بە "چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانی"، کە ئەمە دەستەواژەیەکی لاستیکییە و دەکرێت لە داهاتوودا بۆ بەرتەسککردنەوەی مافە سیاسییەکان بەکار بهێنرێت. هەروەها، ماددەی (٣) کە باس لە وانەوتنەوەی زمانی کوردی دەکات، تەنها وەک "پڕۆگرامێکی بژاردە" یان "چالاکییەکی کولتووری" ئاماژەی پێ کردووە؛ ئەمەش هێشتا زمانی کوردی ناگەیەنێتە ئاستی زمانێکی فەرمی کە هاوتای زمانی عەرەبی بێت لە دامەزراوەکاندا. مەترسییەکی تری جدی لە ماددەی (٦)دایە کە باس لە سزادانی هەر کەسێک دەکات کە هانی "ئاژاوەی نەتەوەیی" بدات. مێژوو دەریخستووە کە ئەم جۆرە ماددانە زۆرجار وەک چەکێکی یاسایی دژی چالاکوانانی کورد بەکار دەهێنرێن کاتێک داوای مافی زیاتر دەکەن.

بۆ ئەوەی کورد لەم قۆناغەدا نەکەوێتە داوی بەڵێنە کاتییەکانەوە، پێویستە ئەم مەرسوومە وەک "سەنگەرێکی یاسایی" بەکار بهێنێت نەک وەک کۆتاییی ڕێگاکە. پێویستە فشار بکرێت تا ئەم بڕگانە لە "مەرسوومێکی سەرۆکایەتی" کە دەکرێت بە بڕیارێکی تر هەڵبوەشێتەوە، بگۆڕدرێن بۆ دەقی "دەستووریی" جێگیر کە گەرەنتیی نێودەوڵەتییان لەپشت بێت. ماددەی (٧) وەزارەتەکان پابەند دەکات بە دەرکردنی ڕێنماییی جێبەجێکاری؛ بۆیە پێویستە کورد لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی کردەیی چاودێریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕەگەزنامە و زمان بکات؛ چونکە بەبێ جێگیربوونی دامەزراوەیی و پاراستنی قەوارە سیاسییەکانی، هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی هێزی ناوخۆیی سووریادا، دەکرێت ئەم دەستکەوتانە بخاتە مەترسییەوە.

Top